٩٣ رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە

2 ساڵ لەمەوپێش



93 رۆژە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە گەنجێکی دیکە کە بەهۆی ئەشکەنجە لە نەخۆشخانەبو دوای 25 رۆژ گیانی لەدەستدا و دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لە چالاکوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و لە دو زیندانی گەورەی ئێرانیش گرژی و ئاڵۆزیی رویدا و بەهۆیە پێنج زیندانیی کوژران و 100 زیندانیکراوی دیکە برینداربون هاوکات و بەهۆی بەردەوامیی مانگرتنەکانەوە 50%ی توانای پاڵاوگەکان و کارگە پتڕۆکیمیاییەکان لەکار کەوتوە

 

ئەمڕۆش مانگرتنی زۆربەی کرێکارانی پاڵاوگەکان و ناوەندە پتڕۆکیمیاییەکانی ئێران بەردەوامبو و سەرچاوەکانی هەواڵی وڵاتەکە بڵاویان کردوەتەوە 50%ی ئەو کارگانە کارەکانیان وەستاوە و ئەگەری سەرهەڵدانی کێشەی سوتەمەنی و غاز هەیە.

شەش گەنج و لاوی شاری سەردەشت کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کرابون سزای دو ساڵ تا دو ملیۆن 500 هەزار تمەنیان لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە بەسەردا سەپێنراوە دوو کەس لەو سزا دراوانە تەمەنیان 16 ساڵ و 17 ساڵە و ئەوانی دیکەش تەمەنیان لە نێوان 18 ساڵ بۆ 23 ساڵە.

لە لایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە دادگایەکی ئێران لە شاری دێڵوڕان لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان سزای زیندانی بە سەر ژمارەیەک دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی ئەو بەشە لە کوردستاندا دەسەپێنێت.

22 گەنجی شاری دێڵوڕان کە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکرابون لە لایەن دادگاوە سەرجەمیان بە 74 ساڵ زیندانیی سزا دراون و زۆربەی ئەو دەستگیراوانە لە نێوان دو ساڵ بۆ پێنج ساڵ سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.

لە شارەکانی ئیلام و بۆکان و سەردەشت و سنە و چەند شارێکی دیکەش ئەمڕۆ ژمارەیەک گەنجی دیکە دەستگیرکراون و بە پێی هەواڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵات چارنوسی ئەو گەنجانەش هاوشێوەی دەیان گەنجی دیکەی کورد کە لە چەند رۆژی رابردودا دەستگیرکراون ، نادیارە.

ئەندامێکی ئەنجومەنی بەرێوبردنی بەرەی یەکگرتوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی د.محەمەدباقر پیری، دوای لێکۆڵینەوە لە لایەن دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) لە شاری سنە ئازد کرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە پێنج زیندانیکراوی شاری ورمێ گوازراونەتەوە بۆ ژوری تاکەکەسی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە.

شەوی یەکشەممە گەنجێکی تەمەن 32 ساڵی شاری کەرەج بە ناوی شروش پورئەحمەدی دوای ئەوەی بەهۆی ئەشکەنجەوە 25 رۆژ لە نەخۆشخانە بو گیانی لەدەستدا.

رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات دەسەڵاتی ئێران بۆ سەپاندنی یاساکانی دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەر کچان و ژنانی دەستگیرکراو.

رۆژنامەی (نیۆیۆرک تایمز) لە ئەمریکا راپۆرتێکی لەسەر دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە بە پێی ئەو بەڵگانەی دەست رۆژنامەکە کەوتوە ئەو چالاکوان و ژنانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر دەکرێن یان دەستدرێژیی دەکرێتە سەریان یان هەڕەشەی دەستدرێژییان لەسەرە.

 

وردەکاریی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی زیندانی شاری کەرەج بڵاو دەکرێتەوە و ئاشکرا بوە زیندانییەک لە لایەن سەرۆکی زیندانەکەوە بە گوللـە کوژراوە و سێ زیندانیی دیکەش دوای برینداربونیا گیانیان لەدەستداوە.

دوای ئەوەی 15 زیندانی ناوەندیی شاری کەرەج بۆ ژوری تاکەکەسی گوازراونەتەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدراەیان، ناڕەزایەتیی لەو زیندانە سەری هەڵداوە و چوار زیندانیی کوژراون و چوار زیندانیی دیکە بە گوللـە و چەکی ساچمەیی برینداربون و بە گشتی 100 زیندانیی ئەو زیندانە لە ناڕەزایەتییەکانی شەوی شەممە کە بوە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە زیندانەکە بریندار بون.

لە لایەکی دیکە ئەمشەو هەواڵی ئاڵۆزیی لە زیندانی قائمشەهر لە پارێزگای مازندەران لە باکوری ئێران بڵاو کرایەوە و بەڕێوبەری زیندانەکەش ئاشکرای کردوە بەهۆی ئەوەی سزای سێدارەی زیندانییەک راگەیەنراوە ئاڵۆزیی ئەو زیندانەی گرتوەتەوە و دواتر کۆنتڕۆل کراوە.

تەرانە عەلی دوستی خانمە ئەکتەری ئێران رەوانەی بەندی (209)ی زیندانی ئێڤین لە تاران کرا شەوی شەممە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو ئەکتەرە و دوای سێ کاتژمێر لە پشکنینی ماڵەکەی دەستبەسەریان کرد.

عەلی دوستی کە پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان دەکرد دوای لەسێدارەدانی دوو گەنجی وڵاتەکە رایگەیاند؛ بێدەنگیی لە ستەم پشتیوانیی ستەمکارە.

نیکی کەریمی، خانمەهونەرمەندی ناوداری ئێران لە پەیامێکدا رایگەیاند سەرجەم گرێبەستەکانی بۆ کاری نواندن لە وڵاتەکە هەڵوەشاندوەتەوە و بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ناڕەزایەتییەکان.

پێگەی بلۆمبێرگ رایگەیاند؛ ئەگەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی پێبێت گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکە بەڕێویە و ئەمریکا باشترین هاوپەیمانیی خۆی دەستدەکەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بە پێی دوایین ئاماری ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران (هەرانا) لە 93 رۆژی ناڕەزایەتییەکانی ئێران 497 کەس کوژراون.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار