نیۆیۆرک تایمز: دەسەڵاتی ئێران دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەر دەستگیرکراوان

نیۆیۆرک تایمز: کچێکی 14 ساڵ دوای دەستدرێژیی سێکسی گیانی لەدەستداوە

2 ساڵ لەمەوپێش



رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات دەسەڵاتی ئێران بۆ سەپاندنی یاساکانی دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەر کچان و ژنانی دەستگیرکراو.

رۆژنامەی (نیۆیۆرک تایمز) لە ئەمریکا راپۆرتێکی لەسەر دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە بە پێی ئەو بەڵگانەی دەست رۆژنامەکە کەوتوە ئەو چالاکوان و ژنانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر دەکرێن یان دەستدرێژیی دەکرێتە سەریان یان هەڕەشەی دەستدرێژییان لەسەرە.

لە راپۆرتەکەی ئەو رۆژنامەدا ئاماژە بە ناوی چەند کچ و ژن کراوە کە دوای دەستگیرکردنیان بەهۆی دەستدرێژی سێکسی و برینداربونی ئەندامانی زێیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

ئەو رۆژنامەیە بە پێی بەڵگەکانی کەمپینی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بارەگاکەی لە شاری نیویۆرک لە ئەمریکایە بڵاوی کردوەتەوە؛ کچێکی تەمەن 20 ساڵ دوای دەستگیرکردنی لە ژێر ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسیدا لە شاری کەرەج رەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکان کراوە و پزیشک و پەرەستارانی ئەو نەخۆشخانەیە کە بە سەری تاشراو و جەستەی لەرزۆک  ئەو کچەیان بینیویە توشی شۆک بون و دوای چارەسەر و نەشتەرگریی کچەکە دوبارە گوازراوەتەوە بۆ ناوەندێکی ئەمنیی ئێران.

هادی قائیمی، بەڕێوبەری کەمپنی مافەکانی مرۆڤی ئێران رایگەیاندوە؛ کچێک بە ناوی مەعسومە تەمەن 14 ساڵان لە ناوچەیەکی هەژانشینی تاران کە خوێندکار بوە تەنها لەبەر ئەوەی وەک ناڕەزایەتی سەرپۆشەکەی لابردوە، دەستگیرکراوە و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەکراوە کە بەهۆی لەدەستدانی کچێنی و خوێنبەربونی زۆری جەستەی گیانی لەدەستداوە.

قائیمی دەڵێت دایکی مەعسومە کە ویستویەتی مەرگ و دەستدرێژیی سەر کچەکەی ئاشکرا بکات تا ئێستا بێسەروشوێنە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردوە ئەگەرچی بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵایەتییەوە ئاشکرابونی زۆربەی دۆسیەکانی دەستدرێژیی سێکسی لە ناوەندە ئەمنی و هەواڵگرییەکان و تەنانەت زیندانەکانی ئیڕان کارێکی ئاسان نییە بەڵام ژمارەیەک لەو کەسانەی دەستدرێژیی سێکسیان کراوەتە سەر بەهۆی تۆمارکردن و هەڵگرتنەوەی ڤیدیۆ لێیان ناچاربون بێدەنگیی هەڵبژێرن.

پێشتریش سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایان کردبو کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ بێدەنگ کردنی گەنجان دەستدرێژییان کردوەتە سەر کوڕان و کچانی گەنجی دەستگیر لە ناڕەزایەتییەکاندا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار