٩٤ رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران بەردەوامە

تا ئێستا 502 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران کوژراون

2 ساڵ لەمەوپێش



شەوی دوشەممە لە شارەکانی کەرەج و تاران و مەشهەد و رەشت خۆپیشاندانەکان بەشێوەیەکی فراوان دەستی پێکردەوە و جەماوەر دروشمیان دژی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران وتەوە و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش تەرمی کوژراوێکی دیکەی ئەشکەنجەدان بەخاک سپێردرا و لە چەند شارێک دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە.

ئەمڕۆ بە رێوڕەسمی جەماوەریی تەرمی محەمەد حاجی رەسوڵپور کە بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەستدابو لە گۆڕستانی گوندی ئالی کەند لە شاری بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەخاک سپێردرا.

محەمەد حاجی رەسوڵپور، کە بەهۆی ئەشکەنجە لە زیندان بە بێهۆشی لە نەخۆشخانەیەکی شاری بۆکان بو، بەرەبەیانی رۆژی دوشەممە گیانی لەدەست دا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای کردوە دۆخی تەندروستیی دەستگیرکراوێکی شاری سنە بە ناوی سیروان محەمەدی بەهۆی ئەشکەنجەوە تێکچوە و رەوانەی نەخۆشخانەی شارەکە کراوە.

بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تا ئێستا 12 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کرابون لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.

لە شاری مەهاباد بە رێوڕەسمێکی جەماوەریی یادی چلەی مەرگی فایەق مام قادری کرایەوە کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە کوژرابو.

لە شارەکانی کامیاران، سنە و سەقز، روانسەر و کوزاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە.

سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە جموجۆڵی سەربازیی لە سنورەکانی ئەو بەشە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت و هێلی کۆپتەری سەربازیی بە ئاسمانی سەردەشت و پیرانشار و شنۆ و سەلاسی باوەجانی سوڕانەتەوە.

ئەمڕۆ دوای حەوت رۆژ لە گیانلەدەستدانی بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران یادی لەدایکبونی شادمان ئەحمەدی کرایە و مۆمی 33 سالەی تەمەنی لە سەر گڵکۆکەی ئەو گەنجەی داگیرسێنرا و پەتی سێدارەش سوتێنرا.

رۆژی دوشەممە پەرلەمانی ئێران دانیشتنی خۆی تایبەت کرد بە پێداچونەوەی پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ئەویش بە هۆی ئەو پشتیوانیانەی کە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە لە ناڕەزایەتییەکان دەیکەن و هاوکات تا ئێستا زیاتر 30 پەرلەمانتاری وڵاتانی ئەوروپا ئامادەییان دەربڕیوە ببنە کەفیل یان دەستەبەری یاسایی بۆ ئەو گەنجانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.

باڵیۆزی سویسرا لە تاران رایگەیاند وڵاتەکەی رێگریی کردوە لە جێبەجێکردنی سێدارەی دەستگیرکراوێکی لاو کە تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر بوە و وتیشی بە راشکاوی بە بەرپرسانی ئێران راگەیەنراوە سویسڕا بە توندی دژی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دەستگیراوانی ناڕەزایەتییەکانە.

داواکاری گشتی شاری قەزوێن لە ئێران بڵاوی کردەوە پێنج کافتریا و رێستۆران و خواردنگەیەک بەهۆی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە ژنان و کچانی بێ سەرپۆش لە شارەکە داخراون.

مانی حەقیقی، ئەکتەری ناوداری ئێران لە وەڵامی وەزیری کەلتور و فەرهەنگی ئێران کە داوای کردبو کۆنسێرت و کارە هونەرییەکان دەستپێبکەنەوە، رایگەیاند؛ رۆژانە تەرمی گەنجان و لاوان لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە بەخاک دەسپێردرێن و "ئێمە شین دەگێڕین بۆیە کات و دەرفەتی سەما و ئاهەنگمان نییە".

رۆژنامەی (جمهوری ئیسلامی) کە نزیکە لە زانا ئاینییەکانی شیعە لە لاپەڕەی سەرەکیدا هۆشداریی داوە کە بەرپرسانی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران نابێت بە هەڵەکانیان وڵاتەکە هاوشێوەی لیبیا و عێراق لێبکەن.

رۆژنامەی (کەیهان) کە سەر بە باڵی توندڕەوی دەسەڵاتداری ئێرانە نوسیویەتی: ریفۆرمخوازن و محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشوتری وڵاتەکە هاوسارە و رێشمەکەیان بە دەست ئەمریکاوەیە بۆیە دەبێت دادگایی بکرێن.

بە پێی دوایین ئاماری ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران (هەرانا) لە 94 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا 502 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار