جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڕیارە ئەمڕۆ جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکات.
جۆرجیا میلۆنی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات، هەروەها بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی سەربازەکانی ئیتاڵیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ئەم گەشتەی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا وەک نەریتێکی ساڵانەیە، کە لە کریسمسدا سەردانی سەربازانی وڵاتەکەی دەکات، هاوکات ئەمساڵ ئەو سەربازانە بەسەردەکاتەوە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن.
جێگەی باسە ئیتاڵیا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەندامە لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و چەندین ھاوکاری و پاڵپشتی پێشکەشی عێراق و ھەرێم کردووە.
بەپێی راپۆرتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش، ئیتاڵیا ٩٠٠ سەرباز و راوێژکاری لە عێراق و ھەرێم ھەیە کە مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن.