عێراق؛ ساڵانە زیاتر لە چوار ملیار دۆلار بۆ کۆبوونی خۆراک خەرجدەکرێت

وەزارەتی بازرگانی داوادەکات بەشه خۆراکی پێنج ملیۆن هاوڵاتی ببڕێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
 
ساڵانە زیاتر لەچوار ملیار دۆلار بۆ كۆبوونی خۆراكی هاووڵاتیان لەعێراق تەرخاندەكرێت، بەنزیكەیی 40 ملیۆن هاووڵاتی سوودمەندن لەبەشە خۆراك، وەزارەتی بازرگانیش دەڵێت: لەساڵی رابردوودا 11 سەبەتەی خۆراكیان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشكردووە.
لەگەڵ هاتنی هەر ساڵێكی نوێدا یەكێك لەو پرسە گەرمانە كەهاووڵاتیانی عێراقی بەخۆیەوە سەرقاڵ دەكات بەردەوامی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیانە لەلایەن حكومەت و زیادكردنی جۆرو بڕی دابەشكراوی ماددەكانی سەبەتەی خۆراكە.
لەنوێترین راگەیەندراوی خۆیدا وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوەكردووە وەزارەتەكەیان توانیویانە خاوەن بەڵێنی خۆیان بن لەگەڵ هاووڵاتیانداو لەساڵی رابووردوو توانیویانە 11 سەبەتەی خۆراكی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشبكەن و بەردەوامیشن لەدابینكردنی بڕی پێویست و تەواوەتی بەشە خۆراكی ئەمساڵ بۆ هاووڵاتیان.
جەختیشی لەوەكردووەتەوە وەزارەتەكەیان سەرقاڵی باشتركردنی جۆرو بڕی ماددە خۆراكییەكانە بۆ ئەوانەی كەهەژارن و ئەوانەشی بەرنامەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، ئەویش بەزیادكردنی یەک كیلۆگرام شەكرو یەک لیتر زەیت و 200 گرام شیرو 250 گرام چا و یەک كیلۆگرام ئاردی سفر بۆ هەر كەسێك، ئەوەشی روونكردووەتەوە لەئێستادا هەر هاووڵاتییەك كە بەشەخۆراكی مانگانە وەردەگرێت بڕەكەی یەک كیلۆگرام شەكرو یەک لیتر زەیت و سێ كیلۆ برنج و 400 گرام دۆشاوو 500 گرام نیسك و 500 گرام لەتكە نۆكە، باسیشی لەوەكردووە بڕی پێویست خۆراك بۆ مانگەكانی داهاتوو لەكۆگاكاندا هەن.
بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیانی عێراق پرۆسەیەكی گەورەی دابەشكردنی خۆراكە بەسەر هاووڵاتیانی عێراقداو لەئەیلولی ساڵی 1990ەوە دوای داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراق و سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر عێراقدا، لەلایەن دەسەڵاتی ئەوكاتی عێراقەوە جێبەجێكراوەو تائێستا بەردەوامی هەیە.
لەنوێترین ئاماریشدا وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرایكردووە لەساڵی 2022 رێژەی هەژاری گەیشتووەتە لەسەدا 25 لەناو هاووڵاتیانی عێراقدا لەكاتێكدا لەساڵانی 2019 و 2020 رێژەكە لەسەدا 20 بووە، هۆكاری ئەمەش دەرئەنجامەكانی پەتای كۆرۆناو راوەستانی جووڵە ئابوورییەكان و تەنگەژەی ئابووری و كەمبوونەوەی نرخی نەوت و راوەستانی پرۆژەكان بووە.
بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی چاودێری كۆمەڵایەتی عێراقیش ژمارەی هەژارەكانی عێراق نزیكەی 11 ملیۆن كەسەو زیاتر لەپێنج ملیۆن كەسیش موچەی چاودێری كۆمەڵایەتییان هەیە.
ساڵانە حكومەتی عێراق نزیكەی پێنج ملیار دۆلار لەبودجەی گشتی وڵات بۆ دابینكردنی ماددە خۆراكییەكان و ئارد بۆ هاووڵاتیان تەرخاندەكات و بەبڕوای بەشێك لەچاودێرانی ئابووریش بەشێكی زۆری ئەو پارەیە بەهۆی هێنانی ماددەی خراپ و گەندەڵیییەوە بەفیڕۆ دەچێت.
بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە هەر هاووڵاتییەكی عێراقی (جگە لەپارەی ئارد)، بەهای پارەی تەرخانكراو بۆ خۆراكی مانگانەكەی 8.90 دۆلارە، پارەی تەرخانكراوی مانگانەش بۆ 40 ملیۆن عێراقی نزیكەی 356 ملیۆن دۆلارە، پارەی تەرخانكراویش بۆ ساڵێك (12 سەبەتەی خۆراك)، چوار ملیارو 272 ملیۆن دۆلارە.
چاودێرانی ئەو بوارە پێیان وایە گەندەڵی و بەهەدەردانێكی زۆر لەو بوارەدا دەكرێت و پەرلەمانیش ناتوانێـت لێپرسینەوە بكات، چونكە ئیرادەیەكی سیاسی بەهێز لەناو پەرلەماندا نییە بۆ لێپرسینەوەو حزبە دەسەڵاتدارەكان لەپشت بەرپرسانی ئەو بوارەوەن و نایانەوێت لێپرسینەوە هەبێت تاگەندەڵی و پارە بەهەدەردانەكانیان ئاشكرانەبێت، ئەمەش وەهایكردووە گەندەڵییەكی بەرفراوانی ساڵانە ئەنجامبدرێت.
هەموو ئەمانە لەكاتێكدایە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە ئەو كەسانەی پلەیان لەبەڕێوەبەری گشتی بەرەو سەرەوەیە بەشە خۆراكی مانگەكەیان ببڕێت، هەروەها ئەوانەشی موچەی بنەڕەتییان لە دوو ملیۆن دینار زیاترە بەهەمان شێوە بەشە خۆراكەكەیان ببڕێت.
وەزارەتی بازرگانیش رایگەیاندووە داوایانكردووە بەشە خۆراكی زیاتر لەپێنج ملیۆن هاووڵاتی ببڕدرێت كە لەدەرەوەی عێراق دەژین، بەڵام بەهۆی پێنەدانی ئامارو داتایەكی ورد لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بەوەزارەتەكە تائێستا نەتوانراوە ببڕدرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار