لە %95 زۆرنگاوەکانی عێراق وشکبون و هەوڵی بوژانەوەیان دەدرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



دوێنێ پێنجشەممە، 12-1-2023، بەدیع خیون، ئەندامی لیژنەی نیشتمانیی رزگارکردنی زۆنگاوەکانی عێراق لەبارەی ئاستی زەرەرمەندبوونی زۆنگاوەکان لە وشکەساڵی و کەمئاوی کە بەشێکی بەهۆی کەمکردنەوەی پشکی ئاوە لە لایەن وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە، ڕایگەیاند، "بەداخەوە ساڵانێکە زۆنگاوەکانی عێراق بەدەست کەمئاوی و وشکەساڵییەوە دەناڵێنن، بەڵام سێ ساڵ دەبێت گۆڕانی کەشوهەوا و هۆکارەکانی کەمکردنەوەی پشکی ئاوی عێراق لەلایەن هەردوو وڵاتی دراوسێوە وایکردووە رێژەی 95٪ـی زۆنگاوەکان وشکبن."
 
ئەو ئاماژەی بۆ ئەوه کرد، "40٪ـی دانیشتووانی نزیک زۆنگاوەکان، بەهۆی ئەو وشکبوونەوەیە، ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە و بەرەو پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراق رۆیشتوون."
 
رۆژی پێشتر، 12-1-2023، لەتیف رەشید، پێشوازی لە شاندێکی لیژنەی نیشتمانیی رزگارکردنی زۆنگاوەکان کرد. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆمار، "کاری زۆر دەکرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ئاو کە دۆسییەی ئاو لە عێراق دەگرێتە ئەستۆ، جگە لەوەش ئاماژەی بۆ سوودوەرگرتن لە پلانی ستراتیژیی بەڕێوەبردنی ئاو کردووە کە تاوەکو ساڵی 2035ـە لە عێراق کە پلانێکی ئومێدبەخشە".
 
لەبڵاوکراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار "باسی لە بایەخی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە گشتی کردووە، بەتایبەت لە پرسی ئاو، دەبێت رێککەوتنگەلێک بکرێت جێی رەزامەندیی هەمووان بێت."
 
بانکی جیهانی دەڵێت، تاوەکو ساڵی 2050 گۆڕانکاریی گەورە لە کەشوهەوای عێراقدا روودەدەن، بارانبارین بە رێژەی 9% کەم دەبێتەوە، 17%ـی ئەو کەمبوونەوەیە لە مانگەکانی کانوونی یەکەم، کانوونی دووەم و شوبات روودەدەن. 
 تاوەکو ساڵی 2050 پلەی گەرماش لە عێراق دوو پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە، شەپۆلەکانی گەرماش زیاد دەکەن.
 
جێی باسە عێراق زۆرترین سەرچاوەکانی ئاوی لە وڵاتانی دراوسێوە وەردەگرێت. لە تورکیا 80%، لە ئێران 7% و لە سووریا 4%.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار