سەرۆکی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە: سکاڵامان لێوەرناگیرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



ئیمان زەندی 

لەسەر داوای کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیای لەھەڵەبجە کراوەتەوە، ھەروەھا ھیچ یاسایەک بۆ بەرکەوتوان دەرنەکراوە لەپەرلەمانی کوردستان و ھەرکاتێک مەبەستیان بێت موچەیان دەبڕدرێت و نانێردرێنە دەرەوە.
 
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی كۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە بە ھاوڵاتی راگەیاند: "ھۆکاری چارەسەرنەکردنی بەرکەوتوان دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی پلان، لەساڵانی ڕابردوو ٦٩ بەرکەوتە ڕەوانەکران بۆ ئێران لەو ٦٩ بەرکەوتەیە ٤٨یان چاندنی گلێنەی چاویان بۆکرا دواتر وەزارەتی کاروباری شەھیدان ئەو پڕۆسەی گرتە ئەستۆ، ھەروەھا بەھەوڵێکی کۆمەڵەکامان  ٣٥ بەرکەوتە لەو بەرکەوتوانەی کە پێویستیان بەناردنە دەرەوە ھەبوو لەلایەن نوسینگەی سەرۆکی ھەرێمەوە بەشی تەندروستی ڕەوانە کران و لەو ژمارەش ھەژدە کەسیان نەشتەرگەریان بۆکرا، ئەوەی کراوە بەھەوڵی ڕێکخراوەیی و  شەخسی کراوە نەوەکو بەپلان و حکومەت کاری لەسەر کردبێت.

وتیشی: ''بەداخەوە تائێستا  یاسایەک نیە لەپەرلەمانی کوردستان کە بەرکەوتوانی کیمیاباران بناسێنێت لەھەمانکاتدا ئەو ماف و ئیمتیازاتانەی کە پێویستە بۆ بەرکەوتوان بەیاسا ڕێکبخرێت و حکومەت پابەندبکرێت و ئەو یاسا جێبەجێبکات ھەروەھا بەرکەوتوانیش ئاسودەبن و گلەیی نەکەن، چونکە دۆخیان زۆر خراپەو کەسیش خۆی ناکات بەخاوەنیان وەزارەتی کاروباری شەھیدان و تەندروستی ھەردولایان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چاودێرن، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پلانی دەستبەکاربونی وەزارەتەکان ئەو بودجەیەی کە دیاریکردبوو  ئاماژەی بەبەرکەوتوان نەکردوەو کەمتەرخەمبون.

ناوبراو ئەوەش دەڵێت: "کردنەوەی نەخۆشخانەی بەرکەوتوان لەسەر داواکاری کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیاباران بووە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی بەرکەوتو، وە لەبەر ئەوەی ئەو نەخۆشخانەیە لەکات و ساتی خۆی تەواو نەبوو کە دیاری کرابوو سکاڵامان تۆمارکرد لەدادگای ھەڵەبجە بەڵام بەداخەوە وەکو کۆمەڵە ناومان لەڕێکەوتن و گرێبەستی کۆمپانیاو تەندروستی نەبوو بەوھۆیەوە داداگا سکاڵاکەی وەرنەگرت و ڕەتیکردەوە، وە ئەو پزیشکانەی لەنەخۆشخانەکە کە بڕیاربوو دەستبەکاربن نێردرانە دەرەوە بۆ ڕاھێنان، بەڵام ھیچیان لەھەڵەبجە نەماون ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ھەڵەبجەش ھەندێک کەسی لەگەڵ ئەو وەفدە نارد بۆ گەشت کە پێویست نەبوو بڕۆن کەسیان لەھەڵەبجە نەماون.

دەشڵێت: "بەداخەوە دەستی گەندەڵی چوەتە نێو بەرکەوتوان، لە ٢٢/٣/٢٠٠٩ یەکەم تیمی پزیشکی ئێران بانگێشتکران بۆ کوردستان بودجەکەش لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دابینکرا لەڕێگای مامۆستا غازی، بەمە ٧١٥ کەسیان بینی لەھەموو کوردستان لەو ژمارە ٢٥٤ بەرکەوتەیان ناساند کە ٩٠ کەسیان دۆخیان زۆر مەترسیداربوو وە ١٦٤ کەسیشیان مامناوەندبوو ئەو لیستە بەمۆرو واژوی پزیشکەکانی ئێران تۆمارکراوە، بەڵام دواتر بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەھیدانی سلێمانی چەندینجار ئەو تیمەی ھێنایە سلێمانی ئەو لیستەی وەکو بەرکەوتە نەبوو کردنیان بەبەرکەوتە، زۆر داوامانکرد بەڵام بێسود بوو بەوجۆرە ناشایستە تێکەڵبوو بە لیستەکان و داواشمانکردوە کە پێداچونەوە بکرێ، تاوانی کیمیابارانکردن چەندە تاوانبوو خەمساردی لایەنەکانیش ھیچی لەوتاوانە کەمتر نیە، چونکە ئەو بەرکەوتوانە یاسایان نیە ھەرکاتێک بکرێت ئەو بڕە پارەیە دەبڕن وە ھەر نەخۆشێکیش نەبرێتە دەرەوە ھیچ کەس ڕوبەڕوی یاسانابێتەوە، ھەروەھا ھەندێک کەس ھەیە خەباتی ھەیە لەملاولا موچەی نیە کراوە بە بەرکەوتەو موچەی بەرکەوتەی دەدرێتێ یاخود ئەوانەی دەنێردران بۆ ئێران نەخۆش ھەبوو دۆخی زۆرباش بوو زوزو دەبرانە دەرەور  ئەوەی خراپ بوو نەدەبرا لەمەندوبەکانمان دەپرسی بۆ بەوجۆرەیەیە! دەیانوت تەلەفونی فڵانە کەسمان بۆ ھاتوە کە بکرێتە لیستەکەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار