ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی.

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبێ ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاری یەکێتی کۆبوەوە و دوایین سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، دابەشکردنی نەوتی سپی و پلانی درێژخایەنی کوردستانی بۆ مافەکانی مرۆڤ تاوتوێکرد و رایگەیاند، هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی.

ئەمڕۆ  یەکشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 100مین کۆبوونەوەی خۆی بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران ئەنجامدا. 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ‎لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و شاندی دانوستانی حکومەتی فیدراڵ لە 11-01-2023 تاوتوێ کرا. 

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە داوە، کە لە کۆبونەوەکاندا لە بەغدا "هەستمان بەوە کرد کەشێکی ئەرێنی و دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستور و لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاری پەسەندکراو لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە."

شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەسەر بابەتەکانی، پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023، پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵ، ماف و شایستەکانی پێشمەرگە، جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و "دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان و چەندین بابەتی دیکە گفتوگۆیان کردووە، مەسرور بارزانی دەڵێت، لەسەر ئەو بابەتانە "گەیشتووینەتە چەند لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."

پەیوەست بە دابەشکردنی نەوتی سپیش لە راگەیەنراوەکەدا هاتوە، "بڕگەی دوەمی کۆوونەوەکە، تایبەت بو بە خستنەڕوی ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەبارەت بە دابینکردنی نەوتی سپی و دوا بەرەوپێشچونی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە کاتی سەردانی شاندی باڵای هەرێم بەسەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران لە 2023/1/11 بۆ بەغدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ناردنی بەشە نەوتی سپی بۆ هەرێم، کە لە لایەن کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕو".

راگەیێندراوەکە ئەوەی تێدا هاتووە، لە بڕگەی سێیەمدا، دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دوایین هەنگاو و بەرەوپێشچوونەکانی میکانیزمی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی یەکەم خستەڕوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار