مەزلۆم کۆبانێ پێشبینی دەکات تورکیا مانگی شوبات هێرش بکاتە سەر کۆبانێ

3 ساڵ لەمەوپێش



مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی رایگەیاند، پێشبینی دەکات تورکیا مانگی شوبات هێرش بکاتە سەر کۆبانێ و هەڕەشەکەش بە جددی وەردەگرن.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی رایگەیاند، پێشبینی هێرشی تورکیا دەکات لە مانگی شوباتدا، هەروەها رایگەیاند، ئەنقەرە نابێت سزای کوردەکانی سوریا بدات بەهۆی شکستی خۆی لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکاندا.

لە وڵامی پرسیاری، لەم مانگەدا جارێکی دیکە بەرپرسانی تورکیا هەڕەشەی ئۆپراسیۆنی زەمینیان کردووە، ئێوە هەڕەشەکان بە جددی وەردەگرن؟ مەزلۆم کۆبانێ دەڵێت، " ئێمە هەڕەشەکانی تورکیا بە جددی وەردەگرین. پێشبینی دەکەین لە مانگی شوباتدا هێرش بکاتە سەر کۆبانێ کە رەمزی کوردە. تورکیا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات، ئێمەش ئاگادارین ئەردۆغان دەیەوێت پشتیوانی ناسیۆنالیستەکان بەدەست بهێنێت، پێدەچێت جارێکی دیکە بە هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگی ناسیۆنالیستەکان بدات.

مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) رایگەیاند، ئەوان هەڕەشە نین بۆ سەر، گەل، سنور و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و وتی، " چەندین جار ئەمەمان راگەیاندووە، ئاماژەمان پێداوە کە ئێمە وەک کوردانی سوریا، دەمانەوێت پەیوەندی ئاشتیانەمان لەگەڵ تورکیادا هەبێت. ئێمە هەرگیز هێرشمان نەکردووەتە سەر سنورەکانی تورکیا، لە کاتی شەڕدا هەموو کاتێک لەنیو سنورەکانماندا بەرگری رەوامان لە خۆمان کردووە. ئێمە نە لە ئێستا و نە لە داهاتوودا نیازی دوژمنایەتیکردنمان لەگەڵ تورکیادا نییە.

کۆبانێ ئاشکرا کرد کە لە رووی سەربازی و دیپلۆماسیدا دیدار و گفتوگۆیان لەگەڵ تورکیادا هەبوو و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، " کاتێک حکومەتی تورکیا بڕیاریدا پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەگەڵ پەکەکە و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، کۆتایی پێبهێنێت و لە ساڵی ٢٠١٥دا شەڕ دژی پەکەکە دەستپێبکاتەوە، دوژمنایەتی بەرامبەر ئێمەش گەورە کرد و دەستی بە هێرشی زەمینی بۆ سەر جەرابلوس، پاشان عەفرین و سەریکانی و گرێ سپی کرد و بیانوی ئەوە دەهێنێتەوە کە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ پەکەکە هەیە، بەڵام ئەمە راست نییە و ئێمە رەتیدەکەینەوە.

مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی هەسەدە لە وڵامی پرسیاری، 'ئێوە ماوەیەک لەنێو پەکەکەدا چالاک بوون و لە کەسایەتیە باڵانی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان بوون؟' دەڵێت، ' ١٢ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی راپەرینی سوریادا تێپەڕیوە. ئێمە سەرقاڵی بنیاتنانی سیستمێکی فراوانن بە بەشداری عەرەب، مەسیحی، کورد و نەتەوە جیاوازەکانی دیکە. من کوردێکی سوریام. داهاتووی من لەم وڵاتەدایە. پەکەکە بە راستی هاوکارمان بووە لە شەڕی دژی داعشدا، بەڵام ئەمڕۆ پەکەکە هیچ رۆڵیکی لە خۆبەڕێوەبەری ئێمەدا نییە. ئێمە لقێکی پەکەکە نین وەک ئەوەی تورکیا بانگەشەی بۆدەکات، بەڵی عەبدوڵلا ئۆجالان بۆ ئێمە هێمایە، بەڵام ئێمە هیچ پلانێکمان بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان، واتە لە تورکیا، عێراق و ئێران نییە. ئێمە لە خەمی سوریا و داهاتووی گەلانی سوریاداین. تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەرمان، ژیرخانی مەدەنی دەکاتە ئامانج، تورکیا دەبێت دەست لە سزادانی گەلەکەمان هەڵبگرێت کە ناتوانێت لە رێگەی دیموکراسی و ئاشتیەوە کیشەی کوردەکانیی چارەسەر بکات.

مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) هەروەها راشیگەیاند، پێویستە هەموو لایەنەکان بزانن کە ئەوان ئاشتیان دەوێت، بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەریان، بە هەموو هێزیانەوە شەڕ دەکەن و وتی، " ئێمە بڕیارمان داوە کە تاوەکو کۆتایی بەگری بکەین، ئەمجارە وەک عەفرین و سەرێکانی نابێت.

مەزلۆم کۆبانێ باسی هەوڵەکانی تورکیا بۆ خۆنزیکردنەوە لە سوریاش کرد و وتی، " روسیا هەوڵدەدات کێشەکان لە سوریا چارەسەر بکات بە نزیککردنەوەی تورکیا و رژێمی سوریا، بەڵام باوەڕم بەوە نییە کە ئەم جۆرە هەوڵانە سەرکەوتوو بن. رژێمی سوریا هەرگیز سازش لەسەر داواکارییەکانی خۆی ناکات. سەرەکیترینیان ئەوەیە کە تورکیا هەموو سەربازەکانی لە خاکی سوریا بکشێنێتەوە و تورکیا دەست لە پشتیوانیکردنی چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوننە بکشێنێتەوە. بە هەمان شێوە باوەڕم بەوە نییە کە رژێمی سوریا ملکەچی داواکارییەکانی تورکیا بێت بۆ دژایەتیکردنی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. نە دەتوانێت و نە بارودۆخیشی رێگەی پێدەدات."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار