بەهای دۆلار لە ئێران دەستی بەرزبونەوە کردەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار جارێکی دیکە رو لە دابەزین دەکات و نرخی یەک دۆلار لە ئێران بۆ نزیکەی 42 هەزار تمەن بەرزبوە و یەک مەتر زەوی لە پایتەختی وڵاتەکە 500 دۆلار گران دەبێت.
زیاتر لە دو هەفتەیە بەهای هەر دۆلارێک لە ئێران لە سەروی 40 هەزار تمەنەوەیە و ئەمڕۆ سێ شەممەش بەهای یەک دۆلار لە کاتی داخستنی بازاڕەکان بۆ 41 هەزار و 700 تمەن بەرز بوەوە.
بەهای یەک یۆرۆ لە ئێران گەیشتە 45 هەزار و 175 تمەن و یەک پاوەن-ی بەریتانیا بۆ 51 هەزار و 115 تمەن بەرز بوەوە.
لەگەڵ بەرزبونەوەی دۆلار بەرامبەر تمەن نرخی یەک لیرەی ئاڵتون لە وڵاتە بۆ 22 ملیۆن و 150 هەزار تمەن بەرز بوەوە و نیولیرە-ش نرخی 12 ملیۆن و 950 هەزار تمەنی تۆمار کرد.
لە ماوەی 15 رۆژی رابردودا ئێران بەهەموشێویەک هەوڵی داوە رێگریی لە بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر تمەن بکات و لەو چوارچێوەیەشدا پارێزگاری بانکی ناوەندیی وڵاتە گۆڕدرا بەڵام هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی بەهای تمەن سەرکەوتو نەبوە بە تایبەت کە دەسەڵاتی تاران بەهۆی سەرکوت و سێدارەی خۆپیشاندەران کەوتوەتە ژێر فشارە نێودەوڵەتییەکانەوە.
هاوکات عەبدوڵڵا ئۆتادی ، ئەندامی ئەنجومەنی روێژکارانی خانوبەرە لە تاران رایگەیاند؛ بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لە دو مانگی رابردودا نرخی یەک مەتر زەویی لە تاران لە نێوان پێنج ملیۆن بۆ 20 ملیۆن تمەن بەرز کردوەتەوە.