کەجەکە داوادەکات لایەنگرانی خۆیان بۆ ئۆجالان نەسوتێنن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کەجەکە رایگەیاند، ئەوان بەگوێرەی رێنماییەکانی عەبدوڵلا ئۆجالانی رێبەریان، داوا دەکەن، ئیدی لایەنگرانیان خۆیان نەسووتێنن.
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، لەبارەی خۆسووتاندنی دوو لایەنگری لەم مانگەدا بەهۆی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
کەجەکە ئاماژەی بەوەکرد، " زانیاریمان پێگەیشت، کە گەنجێکی کورد بە ناوی محەمەد ئاکار بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەرمان لەسەر شوراکان و دیوارەکانی ئامەد ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و شەهید بووە. ئێمە لە کەسایەتیی محەمەد ئاکاردا جارێکی دیکە بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی دەکەینەوە و بەڵێنی سەرکەوتن دووپات دەکەینەوە، کە بە شەهیدانمان داوە. هەڤاڵ محەمەد ئاکار، لە نامەیەکی پێش شەهیدبووندا رایگەیاندووە، بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی سەر رێبەرمان ئەو چالاکییەی ئەنجامداوە. چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش هەڤاڵمان وەیسی تاش چالاکییەکی دیکەی وەهای ئەنجامدا و شەهید بوو. ئەرکی ئێمەیە، یادی ئەو شەهیدانە بەرز رابگرین، کە نوێنەرایەتیی ئیرادە و ورە و خۆشەویستی مەزنی وڵات و تێکۆشانی ئازادی کوردستان و دڵسۆزیی و وەفایانە بۆ رێبەرمان، تێکۆشانەکەیان بە سەرکەوتن بگەیەنین."
کەجەکە لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، " رێبەرمان بە روونی رایگەیاندووە، کە ئەو بەها بەو ئیرادەیە دەدات و بەرز هەڵیدەسەنگێنێت، بەڵام ئەو کارانە پەسەند ناکات و پێویستە لە جیاتی ئەوە، چالاکیی داهێنەرانە و جیاوازتر ئەنجام بدرێت. پێویستە گەل و گەنجان ئەمە وەک رێنمایی رێبەرمان ئاپۆ ببینن و بەو پێیە هەڵسوکەوت بکەن و چیدی خۆیان نەسووتێنن."
محەمەد ئاکار گەنجێکی شاری ئامەدی باکوری کوردستان ١٦ی ئەم مانگە لە ناوچەی سوری ئامەد لە دژی گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و لە نەخۆشخانەی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی دیجلە گیانی لەدەستدا.
محەمەد ئاکاری تەمەن ٢٥ ساڵ لە نامەیەکدا کە بەرلە خۆسووتاندنی نوسیبووی باسی لەوەکردبوو، کە هیواخوازە ئەو چالاکییەی ببێتە مایەی ئازادبوونی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان.
رۆژی پێنج شەممە ١٢ی کانونی دووەمیش لەناوچەی پیشەسازی بچوکی ئارتوکلوی مێردین هاوڵاتیەکی کورد بەناوی وەیسی تاش تەمەن ٦٥ ساڵ کە پێشتر زیندانی سیاسی بووە، لە دژی گۆشەگیری سەر ئۆجالان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و گیانی لەدەستدا.