ئه‌مریکا ناوەڕۆکی دیدارەکانی مەکگۆرکی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەرێم ئاشکراکرد

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کونسوڵخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ هه‌ولێر له‌ تویتێکدا له‌ پێگه‌ی فه‌رمی خۆی بڵاویکرده‌وه‌، برێت مەکگۆرک له‌ کۆبوونه‌وه‌کانیدا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌که‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆکی پارتی و بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆکی یه‌کێتی و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان "جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی یه‌کڕیزیی کورد کرده‌وه‌ بۆ به‌ره‌و پێشبردنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شمان بۆ خۆشگوزاری هه‌رێمی کوردستان و گه‌لانی عێراق".

هەروەها کونسوڵخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ بەغدا رایگه‌یاند، برێت مەکگۆرک، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا له‌ کۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقدا جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کرده‌وه‌.

لە بەیاننامەکەدا هەروەها هاتووە شاندی باڵای ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له‌میانی سه‌ردانه‌که‌یاندا له‌باره‌ی چەند پرسی گرنگ گفتوگۆیان کردوه‌، له‌وانه‌ رێککه‌وتنی هەولێر له‌گه‌ڵ به‌غدا، مه‌ترسییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له‌ سووریا و رێککه‌وتنی هه‌رێم و عێراق له‌گه‌ڵ تورکیا.

شایانی باسە شاندە باڵاکه‌ی ئەمریکا پێکهاتبوو لە برێت مەکگۆرک، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ئامۆس هۆکشتین، ڕێکخەری تایبەتی سەرۆکایەتیی بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە و ئالینا ڕۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و ژمارەیەک ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار