عەبدوڵا موهتەدی بۆ هاوڵاتی: ناكۆكیی یەكێتیو پارتی كاریگەریی بـۆ سەر رۆژهەڵاتیش دەبێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران دەڵێت: من كۆتاییەكانی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران لەئاسۆدا دەبینم.
عەبدوڵا موهتەدی - سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی رایگەیاند: خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی ئێران بەرەو كۆتایی نەڕۆیشتووە، بەڵام هەموو خەباتێك هەڵسوكەوتێكی هەیەو پێویستی بەپشوو هەیەو خەڵكیش پێویستیان بەپشوودان هەیە.
سەبارەت بەمەترسی هێرشەكانی ئێرانیش، وتی: من ناتوانم وردەكاریتان بدەمێ بەڵام رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی لەهێرشی موشەكی و هێرشی درۆنی باشتر خۆمان بپارێزین، بەڵام ناتوانم بڵێم كەچۆڵمان كردووە شتی وانیە.
ئاشكراشیكرد: ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پژاك لەهەرێمی كوردستان كۆبوونەتەوە.
هاوكات لەبارەی رۆڵیان لەخۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان، وتی: ئێمە لەناو دڵی خۆپیشاندانەكان بووین، ئەوانەی شەهیدبوون زۆربەیان شەهیدی ئێمەن، ئێمە پێمان خۆش نیە ناوەكانیان رابگەیەنین.
هاوكات سەبارەت بەكاریگەریی ناكۆكیەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر حزبەكانی رۆژهەڵات، سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران دەڵێت: ناكۆكیەكانی پارتی و یەكێتی كاریگەری بۆ سەر هەموو كەس دەبێت و بۆ سەر خۆیانیش دەبێت و بۆ سەر ئێمەش دەبێت.
دەقی چاوپێكەوتنی عەبدوڵا موهتەدی؛
هاوڵاتی: بەبڕوای تۆ دەستكەوتی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی چوار مانگی رابردووی خۆرهەڵاتی كوردستان و ئێران چی بووە؟
عەبدوڵا موهتەدی: ئەم خۆپیشاندانانە لەگرتن و كوشتنی كچێكی كوردی سەقزی بەناوی ژینا یان مەهسا ئەمینی دەستیپێكرد، وەك ئاماژەشتان پێكرد چوار مانگە درێژەی هەیەو پێم وایە سەرەڕای هەموو عەزیەت و ناڕەحەتی و گرتن و برینداركردن و شەهیدكردنی زیاتر لە 500 كەس، بەڵام من وادەزانم ئەم شۆڕشە دەستكەوتی زۆر زۆر گەورەی هەبووە، یەكەمینیان ئەوەیە جێگە و پێگەی كوردی لەئێران، بەبڕوای من لەدونیادا كوردی رۆژهەڵاتی زۆر بردە سەرەوە، ئەم شۆڕشە كوردی رۆژهەڵاتی بەهەموو دونیا ناساندو جێگەو پێگەیەكی دا بەكوردی رۆژهەڵات لەئێران كە بەدڵنیاییەوە لە 44 ساڵی لەوەوپێش نەبووەو رەنگە پێشتریش نەبووبێ، كوردی كرد بەخۆشەویستی هەموولایەك و كردنی بەدەستپێشخەرو بەبنكەی مقاوەمەت و خۆڕاگری، هەر وابووە بەڵام ئاوا ناسرا، دووەم ئەوەیە هاوپشتی و هاوخەباتیەكی گەورە لەناو كوردو هەموو بەشەكان و نەتەوەكان لەئێران هێنایە ئاراوە، سێیەم ئەوەیە كەئەو هاوپشتی و هاوخەباتیە كەمەرجێكی سەرەكی و پێویستە بۆ سەركەوتن بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێران، هاوخەباتی نێوخۆیی و هاوپشتی یەكگرتووی نێوخۆی كوردی رۆژهەڵاتی زۆر لەجاران زیادكرد، ناوەندی هاوكاری حزبە كوردەكان، وەكو مەركەزێك و ناوەندێك بۆ ئەو راپەڕینە خۆی دەرخست، لەمێژ ساڵە كۆماری ئیسلامی بەتەمابوو حزبەكان بێ كاریگەری پیشان بدات، جێگیربوو پێچەوانەكەیەتی.
هاوڵاتی: دەسەڵات لەئێران دەستی بەسەركوتی بەرفراوان و گەورەی ناڕەزاییەكان كردووە، ئێمە دەبینین خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان و ئێرانیش لاوازبووە، بەبڕوای بەڕێزت بۆچی خۆپیشاندانەكان نەیتواتی بەرفراوانتر بێت، رەنگە تێبینی ئەوەش بكرێت خۆپیشاندانەكان بەرەو كۆتایی دەڕوات؟
عەبدوڵا موهتەدی: نەخێر پێم وانیە بەرەو كۆتایی رۆشتبێت بەو ئاسانیە من ئەو ئەنجامە ناگرم، بەڵام هەموو خەباتێك، هەموو خۆپیشاندانێك، هەموو شەڕو جەنگێكی مەیدانی و شۆڕشیش هەڵسوكەوتێكی هەیەو پێویستی بەپشوو هەیەو خەڵكیش پێویستیان بەپشوودان هەیە، سێ مانگی بەردەوام ئەم خۆپیشاندانانە درێژەی هەبووە لەشارەكانی كوردستان لە (سنە، مهاباد، بۆكان، سەقز، جوانڕۆ، كامیاران، مەریوان، شنۆو پیرانشارو لەكرماشان) سێ مانگی بەردەوام خۆپیشاندان كەم نیە ئەویش لەگەڵ دوژمنێكی دڕندەی وەكو هێزە سەركوتكەرەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، من بەڕاستی ستایشی ئەو مقاوەمەت و خۆڕاگری و پشوودرێژیەی گەلی كورد دەكەم و پێموایە ئەمە بەتەواوبوونی شۆڕشی دانانێم و بەپشوویەكی دادەنێم و شۆڕش شكڵ و خەبات و جۆر بەجۆری هەیەو دوای خۆپیشاندانە بەردەوامەكان ئێستا دەبینین لەچلەی شەهیدەكاندا ئەو خۆپیشاندانانەو ئەو گردبوونەوانە هەیە، دڵنیام ئەم شۆڕشە بەو ئاسانیە ناشكێت.
هاوڵاتی: بۆچونێك هەیە پێی وایە هۆكاری سەرنەكەوتنی خۆپیشاندانەكانی ئێران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هێشتا سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەگەڵ رووخانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران نیە، رای بەڕێزت چیە؟
عەبدوڵا موهتەدی: من لەم 44 ساڵە هەرگیز بەقەد ئەم سێ بۆ چوار مانگە نەمبینیوە كەكۆمەڵگای نێونەتەوەیی و ئەمریكاو وڵاتە ئەوروپاییەكان و وڵاتە رۆژئاواییەكان تا ئەو رادەیە دژ وەستابنەوە بەرامبەر بەكۆماری ئیسلامی ئێران من ناڵێم سیاسەتی ئەكتیڤی ئەوان ئێستا رووخاندنی رژێمە، ئەسڵەن رووخاندنی رژێم كاری هێزی دەرەكیش نیە، كاری خەڵكی ئێرانە، كاری جەماوەری راپەڕیوی خەڵكی ئێرانە (كوردە - فارسە - عەرەبە- توركە) ئەم ئاڵۆگۆڕی نێوخۆی لەئێران دەبێت بەدەست خەڵكی ئێران ئەنجامبگرێت و هەر واش دەبێت، بەڵام پشتیوانی نێونەتەوەیی و پشتیوانی كۆمەڵگای نەتەوەیی لەم خەبات و راپەڕینەی ئێران هەرگیز وێنەی نەبووە، بڕوا بكە پشتیوانیان لەئۆكراین كەمتر نیەو بگرە زیاتریشە، بەڵام ئیتر ئەمەش بۆ خۆی لەزیادبوونیشەو لە كەمبوون نیە، ئەم شۆڕشە وجهە نەزەری كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەرامبەر بەكۆماری ئیسلامی ئێران گۆڕی.
هاوڵاتی: ئێران بەردەوام هەڕەشە لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، زانیاری ئەوە هەیە كەئێران لەڕێگەی حكومەتی هەرێم و هەم لەڕێگەی حكومەتی عێراقیشەوە داواتان لێدەكات بارەگاو كەمپەكانتان چۆڵ بكەن، ئایا پێتان ناڵێن بۆ كوێ بڕۆن؟
عەبدوڵا موهتەدی: ئێران فشاری لەسەرمان زیادیكردووە لەم ساڵانەی دواییداو بەتایبەتی لەم مانگانەی داوایدا لەوەش زیاتریكردووەو فشاری بۆ بەغداد هێناوەو فشاری بۆ حكومەتی هەرێمیش هێناوە، بەڵام من بەئاسانی نابینم كەئێران سەركەوتوو بێت لەو فشارانەیدا.
هاوڵاتی: فشارەكانی ئێران چین؟
عەبدوڵا موهتەدی: فشارەكان هەر ئەوەیە دەڵێت بڕۆن و كوردستانی عێراق چۆڵ بكەن و هەرێم چۆڵ بكەن و چەك بكرێن و رادەست بكرێنەوە، سەرانی حزبەكان و كەسایەتییەكان رادەستبكرێنەوە، لەم جۆرە داخوازییانە كەبڕوای من بەئاسانی قابیلی ئەنجام نیە.
هاوڵاتی: بڕیارە حكومەتی عێراق هێزێك لەسەر سنووری ئێران جێگیر بكات، پێتان وایە بۆچی ئەو هێزە دەهێنرێتە سەر سنوور؟
عەبدوڵا موهتەدی: وەڵاهی ئەوە زۆرتر پرسیارێكە دەبێت حكومەتی هەرێم و بەغداد بەتایبەتی حكومەتی هەرێم وەڵامی بدەنەوە، ئەوە پرسیارێك نیە رووی لەئێمە بێت، ئەم ئاڵوگۆڕە ناگەڕێتەوە سەر ناوخۆیی ئێران، بەڵكو دەگەڕێتەوە سەر عێراق و هەرێمی كوردستان حەقە ئەو پرسیارە ئەوان وەڵامی بدەنەوە.
هاوڵاتی: بۆچی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تائێستا ناكۆكن و یەك گوتاری هاوبەشتان نیە، لەكاتێكدا ئەگەری ئەوە هەیە بەیەكگرتوویی رۆڵێكی باشترتان هەبێت؟
عەبدوڵا موهتەدی: نەخێر یەكگرتووی ناو ئێمە هەرگیز ئاوا زۆر نەبووەو قەت ئەوەندە یەكگرتووییەكەمان پتەو نەبووە، وەكو باسمكرد لە 2017 ناوەندی هاوكاری حزبە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران «ئەمە ناوە كامڵەكەیەتی» ئەم ناوەندە پێكهات و ئەم ناوەندە دەوری سەرەكی هەبوو، ئەو رۆژەی كە ژینا ئەمینی گیانی لەدەستداو ئەسپەردەكرا لەسەقز، رۆژی دواتر ئێمە راگەیاندنمان هەبوو و لەسەر بنەمای ئەم راگەیاندنە هەم مانگرتنی گشتی لەكوردستان بەڕێوەچوو سەركەوتووانەو هەمیش خۆپیشاندانی گشتی لەكوردستان و لەشارەكانی كوردستان و لێرەشەوە تەشەنەی كرد بۆ زانكۆی تاران و لەوێشەوە بۆ هەموو ئێران لەبەرئەوە من ئەو یەكگرتووییە ناڵێم تەواوەو هیچی دی نابێت، بەڵام لەچاو جاراندا ئەو یەكگرتووییە بەپتەوتر دەزانم جا ئەم ناوەندی هاوكاریە لەگەڵ حزب و گروپ و لایەنەكانی دیكەش دانە دانە دانیشتنی كردووەو دەیكات و هەماهەنگی دەكات، من یەكگرتووی كورد هەتا زۆر بێت هەر كەمە، پێم وایە زۆر قۆناغمان ماوە بیبڕین، ئەوە هیچ گومان لەوەدا نیە، بەڵام ئەو ناكۆكییە نابینم كە جەنابت باسی دەكەیت.
هاوڵاتی: وەكو ناوەندی هاوكاری لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پژاك دانیشتوون و كۆبوونەوەتان هەبووە؟
عەبدوڵا موهتەدی: بەڵێ.
هاوڵاتی: كەی و لەكوێ دانیشتوون؟
عەبدوڵا موهتەدی: لەهەرێمی كوردستان دانیشتووین و لەدوو سێ هەفتەی رابردوودا دانیشتووین.
هاوڵاتی: باسی چیتان كردووە؟
عەبدوڵا موهتەدی: من لەشاندەكەدا نەبووم، بەڵام هەردوولا قسەی خۆیانیان كردووە، باسی ئەوەیانكردووە كەچۆن هەم نەهێڵن كە گرژی لەنێوانیاندا رووبدات و هەمیش لەو جێیانەی پێویستە دەتوانن هەماهەنگی لەنێوان خۆیاندا بەڕێوەبەرن.
هاوڵاتی: سەبارەت بەو ئاڵایەی پژاك بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان پەسەندی كرد، راتان چیەو ئێوە چ ئاڵایەكتان پێ باشە بۆ ئەم قۆناغ و ئەم سەردەمە؟
عەبدوڵا موهتەدی: ئێمە دەمێك ساڵە ئاڵای كوردستانمان هەڵبژاردوەو لەكۆنگرەكەشماندا پەسەندمان كردووە، دیارە هەر گروپ و حزبێت بۆخۆی چی پێ مەسڵەحەتە بەسیاسەتی خۆی وادەكات، ئێمەی ئاڵای خۆمان كەهەمان ئاڵای كوردستانە هەیە.
هاوڵاتی: مەبەستان لەو ئاڵایەیە كە لەهەرێمی كوردستان هەڵدەكرێت؟
عەبدوڵا موهتەدی: بەڵێ، بەڵام با ئەوەش بڵێم رۆژی خۆی ئەگەر ئێران ئازادبوو و لەكوردستانێكی ئازاد ژیاین، كەهیوادارم ئەو رۆژە زوو بێت پەرلەمانی كوردستانی رۆژهەڵات بۆ خۆی ئەو مەرجەعە دەبێت كەبڕیار بدات چ ئاڵایەك وەكو ئاڵای خۆی هەڵدەبژێرێت.
هاوڵاتی: لەكاتێكدا كە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان زۆربەی شارەكانی رۆژهەڵاتی بەشێوەیەكی بەرفراوان گرتبووەوە ئێوە وەكو هێزەكانی رۆژهەڵات جگە لەلێدوان و بەیاننامە، تێبینی ئەوەكرا هیچ جۆرە پشتیوانییەكی خۆپیشاندانەكانتان نەكرد، ئایا بۆچی رۆڵی زیاترتان نەبووە؟
عەبدوڵا موهتەدی: رێك بەپێچەوانەوە، ئێمە لەناو دڵی خۆپیشاندانەكان بووین، ئەی ئەو هەموو گەنجە، ئەوان دوور لەحزبەكان نین، ناڵێم هەموو كەس حزبیە، بەڵام لەنێو ئەو گشتە چالاكە گەنجەدا، لەنێو ئەو خەڵكە بەرینەدا كە بەپانایی و درێژایی هەموو كوردستانی رۆژهەڵات خۆپیشاندانیان دەكرد، چالاكانی حزبی ئێمە رۆڵی گەورەو بەرچاویان هەبوو، با پێت بڵێم ئەم خۆپیشاندانانە و ئەم شۆڕشەی كە ئەم سێ چوار مانگە لەئێران روویداوە، دەورو نەخش و جێگەو پێگەی حزبەكانی ئەوەندەی دیكە پتەوو قایمكردووە لەكوردستان، ئێمە لەجەرگەی شۆڕشەكەدا بووین، مەگەر مەبەستی جەنابت ئەوە بێت بۆ تیمی پێشمەرگەمان نەناردووە، ئەگینا لەناو خەڵكەكەدا ئەی ئەو شەهیدانە كێن، ئێمە پێمان خۆش نیە ناوەكان رابگەیەنین، بەڵام زۆری شەهیدی ئێمەن.
هاوڵاتی: نێوانی یەكێتی و پارتی ئاڵۆزە، كۆمێنتی تۆ لەسەر ناكۆكییەكانی ئەو دوو حزبە چیەو تاچەند كاریگەری لەسەر حزبەكانی رۆژهەڵات دەبێت؟
عەبدو موهتەدی: من تەمەنا دەكەم كەئەو دوو حزبە بكەونە دەورەیەكی وەكو جاری جاران، بكەونە ناو دەورەیەكی هاوكاری و هاوخەباتی، پێش هەموو شتێك بۆ هەرێمی كوردستان پێویستە، بۆ جێگەو پێگەی كورد لەهەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە و بێگومان بەقازانجی ئێمەش بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان تەواودەبێت.
هاوڵاتی: ئەم ناكۆكییانە زیاتر بەرەو هەڵكشان بڕوات كاریگەری خراپی بۆ سەر ئێوەش دەبێت؟
عەبدوڵا موهتەدی: بۆ سەر هەموو كەس دەبێت، بۆ سەر خۆیانیش دەبێت، بۆ سەر ئێمەش دەبێت.
هاوڵاتی: ئێستا ئێوە بارەگاكانتان چۆڵكردووە؟
عەبدوڵا موهتەدی: من ناتوانم وردەكاریتان بدەمێ، بەڵام رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی لەهێرشی موشەكی و هێرشی درۆنی باشتر خۆمان بپارێزین، بەڵام ناتوانم بڵێم كە چۆڵمان كردووە شتی وانیە.
هاوڵاتی: وەكو دوا پرسیار .. پێتوایە ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكانی ئێران، بەرەو كوێ دەڕوات؟
عەبدوڵا موهتەدی: هیچ كەس بەدیقەت بۆی پێشبینی ناكرێت، كە لەداهاتوودا بەچی ئاقارێكدا دەڕوات ئەم خەباتە، نەك ئێرە لەهیچ كوێی دونیا كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەئاسانی پێشبینی ناكرێت، ئەمە تاقیگەیەك نیە دڵنیابیت لەئەنجامەكەی، بەڵام بەبڕوای من كێشەی دەسەڵات و خەڵك وەها قوڵبووەتەوەو لێك دووركەوتونەتەوە، وەها شیرازەی دەسەڵات بەرەو داڕمان رۆیشتووە، وا لەباری ئابورییەوە داتەپیوەو كێشەی نێوخۆیان زۆربووە، وەها كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتی لەڕژێم كردووە، كە من پێموانیە بەئاسانی بتوانێت بەردەوام بێت، ئێستا بێت یان شەش مانگی دیكە یان هەر كاتێك بێت، من كۆتاییەكانی ئەم رژێمە لەئاسۆدا دەبینم.