ساڵی ڕابردوو 14هەزار کەس لەسەرمادەی هۆشبەر لە عێراق دەستگیرکراون

یاساکەی ساڵی 2017 بەهۆکاری بڵاوبونەوەی فراوانی مادەی هۆشبەر دەزانرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
 
 رووبەڕووبوونەوەی چەكدارییەكی گوندی (ئەلبو زوید) لەپارێزگای موسەننای باشوری عێراق كەزیاتر لە 10 كاتژمێری خایاندو تیایدا چەند بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر رووبەڕووی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بوونەوەو دووئەندامی ئەو هێزانەیان كوشت و 17 ئەندامی دیكەشیان برینداركردو خۆشیان هەڵهاتن، جارێكی تر پرسی ماددەی هۆشبەرو بازرگانیكردن بەو ماددەیەی لەعێراقدا هێنایەوە بەرباس و حكومەتی عێراقی ناچاركرد هەنگاوی بەپەلە بگرێتەبەرو بڕیارو رێنمایی نوێ دەربكات.
بەپێی زانیارییە ئەمنییەكان كەسانی دەستڕۆیشتوو و حزب لەپشت دیاردەی بازرگانیكردنن بەماددەی هۆشبەرەوەن و دەرچوون و هەڵاتنی ئەو تاوانبارانەش هەر لەلایەن ئەو كەس و حزبانەوە بووە كەخەریكی ئەو بازرگانیەن.
لەدوای ساڵی 2003ەوە پرسی ماددەی هۆشبەر لەعێراقدا بووەتە پرسێكی جددی و سەرەڕای هەموو هەوڵە حكومییەكان بۆ رێگەگرتن لەهاتنە ناوەوەی ئەو ماددەیە بەهەموو جۆرەكانیەوە بۆ عێراق، كەچی رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی بەكارهێنەران و بازرگانان بەو ماددەیەوە زیاتر دەبێت و كۆمەڵگای عێراقی شێواندووەو عێراق بووەتە یەكێك لەو وڵاتانەی كە بەشێوەیەكی بەربڵاوی ئەو ماددەیەی تیادا بەكاردەهێنرێت، بەجۆرێك تەنانەت بووەتە رێڕەوێكیش بۆ تێپەڕاندنی ئەو ماددەیە بۆ ئوردون و سوریاو وڵاتانی دیكەی كەنداوو وڵاتانی ئەوروپا.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رۆژانە بەكارهێنەران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەستگیردەكرێن و رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە، بەڵام ئەمە رێگای تەواوەتی نەگرتووە لەو گرفتەو ژمارەی بەكارهێنەران تادێت زیاتر دەبێت.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆ لەساڵی 2022 زیاتر لە 14 هەزار كەس بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەو ماددەیەوە دەستگیركراون كە 500 كەسیان ژن و گەنجانی خوار تەمەن 18 ساڵن، ئەمە لەكاتێكدا لەساڵی 2019 زیاتر لە 11 هەزار كەس دەستگیركراون، هاوكات ساڵانە دەیان تۆن لەو ماددەیە لەناودەبرێن.
جوگرافیای بڵاوبوونەوەی ئەم ماددەیەش لەناوچە هەژارو كەمدەراتەكانی بەغداو باشووری عێراقدایەو لەناو هەردوو رەگەزدا بڵاوە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستیش لەساڵی رابووردوودا چوار هەزارو 500 كەس كە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 30 ساڵیدایە لەسەنتەرەكانی چارەسەركردنی توشبووانی ماددەی هۆشبەر چارەسەریان وەرگرتووە.
هەژاری و بێكاریش هۆكاری سەرەكی بڵاووبوونەوەی ماددەی هۆشبەرن لەعێراقدا، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كاروكاروبای كۆمەڵایەتیش چوار ملیۆن بێكار لەعێراقدا بوونیان هەیە، وەزارەتی پلاندانانیش جەخت لەوەدەكاتەوە لەسەدا 14ی گەنجانی عێراق بێكارن و هیچ سەرچاوەیەكی داراییان نییە.
لەساڵانی پێشووتردا عێراق یەكێك بووە لەو وڵاتانەی كە لەڕووی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەماددەی هۆشبەرەوە زۆر پاكبووەو یاسایەكی زۆر توندی بۆ ئەو پرسە هەبووە، بەڵام بەهۆی لاوازی دەسەڵاتی ئێستاو كرانەوەی سنوورەكان و لێنەپرسینەوەوە ئێستا عێراق لەو پرسەدا دۆسیەیەكی خراپی هەیەو بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەو ماددەیە لەپەرەسەندندایە.
بەبڕوای شارەزایانی یاسا ئەم یاسایەی كەئێستا هەیە بۆ ئەو پرسەو لەساڵی 2017 دەرچووە هۆكاری زیادبوونی ئەو دیاردەیەیەو چەندین كەموكورتی و كەلێنی تیادایەو واپێویست دەكات هەمواربكرێتەوە، بۆ نموونە بەپێی یاسای ماددەی هۆشبەری ساڵی 1966 ئەوەی ئەو ماددەیە بەكاربهێنێت 15 ساڵ زیندانی دەكرا ئەمە لەكاتێكدا لەو زەمەنەدا بەكارهێنانی ئەو ماددەیە ئاوا بڵاونەبوو، بەڵام بەپێی ئەم یاسایەی هەیە (ساڵی 2017) سزای بەكارهێنەر ساڵێك بۆ دوو ساڵە، یاخود سزایەكی داراییە تادەگات بە 10 ملیۆن دینار. ئەم سزایەش بارتەقای تاوانەكە نییە كەدووەم تاوانە لەجیهاندا، بەپێچەوانەی یاسای پێشوو كە بەكارهێنەرو بازرگانیكردن بەو ماددەیە تاوان بوو نەك كەتنێكی بچووك و قورسترین سزای هەبوو، هەربۆیە ئێستا پرۆژە یاسایەكی دیكە لەپەرلەماندا هەیە كە خۆی لەسزای توندو دابینكردنی نەخۆشخانەو بڕینی سەرچاوەكانی هێنانی ئەو ماددەیە بۆ عێراق و توندوتۆڵكردنی سنوورەكان و بازرگانی ناوخۆیدا دەبینێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار