کاندیدی پارتەکانی تورکیا بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کێن؟

2 ساڵ لەمەوپێش



بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کە هاوپەیمانی گەلیان پێکهێناوە، لە سەرەتای مانگی شوباتدا کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا دەکەن. وەزیری دادی تورکیاش دەڵێت، هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم ئەردۆغاندا نییە کە خۆی کاندیدک بکاتەوە.

رۆژنامەی جومهوریەتی سەر پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە تورکیا، ئەمڕۆ راپۆرتێکی لەبارەی ئامادەکاریی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ٣٠ی ئەم مانگەدا، شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە، پارتی باش، دەڤا، دوارۆژم، پارتی دیموکرات و پارتی سەعادەت)، کارنامەی خۆیان بۆ حکومەتی داهاتوو ئاشکرا دەکەن. هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە کە بە ئەگەرێکی زۆر، چەند رۆژ دوای ئەوە و لە سەرەتای مانگی شوباتدا، شەش لایەنەکە کاندیدەکەی خۆیان ئاشکرا بکەن، کە تاوەکو ئێستا بە ئەگەرێکی زۆر کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە بەکر بوزداغ وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بە مادەی ١٠١ی دەستووری تورکیا کرد کە تایبەتە بە کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا و پرسی هەڵبژاردن کە لە ساڵی ٢٠١٨دا بەگوێرەی سیستمی نوێی سەرۆکایەتی تورکیا هەموارکراوەتەوە و وتی، " مادەی ١٠١ی دەستوور هەموارکراوەتەوە، بەگوێرەی مادەکە کە هەموارکراوەتەوە، ئەردۆغان یەک جار خۆی هەڵبژاردووە و مادەکە رێگەی پێدەدات، جارێکی دیکە خۆی هەڵبژێرێتەوە و ئەمەش هیچ گرفتێک لەبەردەمیدا دروست ناکات،" هەرچی پارتی دیموکراتی گەلانە (هەدەپە)، چەندین جار باسی ئەوەی کردووە کە کاندیدی سەربەخۆیان دەبێت. چەند جارێک باس لەوەکراوە کە گولتەن کشاناک هاوسەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانی ئامەد کە حەوت ساڵە لە زینداندایە ، دەبێتە کاندیدی هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ کەسێک دیاری نەکراوە.

هەرچەندە هاوپەیمانی گەل و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکان نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک، بەلام ئەگەر داواکاریەکانی هەدەپە قبوڵ بکرێن، پێدەچێت کە هەدەپە کاندید دیار نەکات و لەدژی ئەردۆغان دەنگ بە کاندیدی هاوپەیمانی گەل بدات.

دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، ١٤ی ئایاری وەک رۆژی هەڵبژاردنەکان دیاری کرد. ئەمڕۆ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا لەبارەی ١٤ی ئایار قسەیان کرد و ئامادەیی خۆیان پیشاندا کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار