خەڵکی عەفرین بە بەرزکردنەوەی چڵە زەیتون ساڵیادی هێرشکردنە سەر شارەکەیان شەرمەزار کرد
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
خەڵکی عەفرین بە بەرزکردنەوەی چڵە زەیتون ساڵیادی هێرشکردنە سەر شارەکەیان شەرمەزار کرد
خەڵکی عەفرین کە لە کەمپەکانی هەرێمی شەهبادا دەژین، ڕێپێوانێکیان ئەنجامداوە و رایانگەیاند کە دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە) و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پێنجەمین ساڵیادی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین راگەیەندراویان بڵاوکردەوە.
خەڵکی عەفرین کە لە ئێستادا لە پێنج کەمپی هەرێمی شەهبای نێوان عەفرین و کۆبانێ دەژین، بە بەرزکردنەوەی چڵە زەیتون و شەهیدەکانیان، رێپێوانێکیان ئەنجامدا.
بەشداربووانی رێپێوانەکە دروشمیان بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان وتەوە و مەنال شێخۆ ئەندامی کۆنگرەی ستار بۆ میدیاکانی رۆژئاوا لەنێو رێپێوانەکەدا قسەی کرد و وتی، "عەفرین هی ئێمەیە و هی ئێمەش دەمێنێتەوە. ئێمە بە گیانی خۆڕاگیریمان لە شەهبا، رزگارکردنی عەفرین مسۆگەر دەکەین، دەگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان".
' دەوڵەتی تورکیا ناوی شەقام، گۆڕەپان و خوێندنگاکانی گۆڕیوە'
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە) لە پێنجەمین ساڵیادی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، " لە عەفرین رۆژانە کردەوەی رفاندن، تاوانەکانی کوشتن، دەستبەسەرکردنی ماڵ و موڵک و تاڵانکردن ئەنجام دەدرێن. لەوە زیاتر دانیشتوانی رەسەنی عەفرین لە زیندانەکاندا بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان کردبێت ئەشکەنجە دەدرێن."
مەسەدە داوای لە زلهێزەکان کرد کە لێپرسینەوەیەکی سەربەخۆیانە لە کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین ئەنجام بدەن و کار بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکەری و گەڕاندنەوەی خەڵکی ناوچەکە بدەن.
' بێدەنگی لەمەرامبەر ئەو تاوانانەی کە لە عەفرین دەکرێن شەرمەزارییە'
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پێنجەمین ساڵیادی هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. هەدەپە رایگەیاند، لە عەفرین تاوانی قورس لە دژی مرۆڤایەتی بێ پسانەوە بەردەوامن. سەرباری پشتڕاستکردنەوە و هۆشدارییەکانی رێکخراوە نێونەتەوەییەکان لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکانیش، دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە بری ئەوەی داگیرکەری لە عەفرین کۆتایی پێبهێنێت یاخود لە دژی تاوانەکانی لەناوبردن رێوشوێن بگرێتەبەر لە دوایین نمونەدا دەرگاکانی عەفرینی بۆ رێکخراویبەرەی تەحریری شام خستە سەرپشت کە درێژکراوەی بەرەی نوسرەیە و بەم جۆرە ئاستێکی نوێی داگیرکەری زیاد کرد.
هەدەپە دەڵێت، بێدەنگی گشتی جیهان و رای گشتی لە تورکیا لە بەرامبەر داگیرکەری، گۆڕینی دیموگرافی، تواندنەوەی کەلتوری و تاڵانکاری کە لە دژی یاسای نێونەتەوەیی و هەموو بەها مرۆڤایەتیەکانە، پەڵەیەکی شەرمەزاری مرۆڤایەتیە.
' ئەمڕۆ چەندین گوندی عەفرینو شەهبا تۆپباران کران'
لە پێنجەمین ساڵیادی هێرشی سەر عەفریندا، سوپای تورکیا و چەکدارەکانی، چەندین گوندی هەرێمی شەهبا و عەفرینیان تۆپباران کرد.
ئاژانسی هاوار نیوز ئاماژەی بەوەدا، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا، گوندەکانی حسێنی، ساموقا و جەبەل نایفی کانتونی شەهبا و بەنداوی شەهبای بۆردومان کردووە. هەروەها بە کاتیوشا هێرشکراوەتە سەر گوندەکانی ئیرشادیە، مەراناز، شێورئاغا و مالکیەی شەرای عەفرین و ٥٠ گولە کاتیوشا بەو ئەو گوندانە کەوتوون.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ گروپێکی سەر بە تورکیا کە ناوی پۆلیسی مەدەنیان لەخۆیان ناوە، هەڵیانکوتایە سەر گوندی کەفەر زیی جندرێسی عەفرین و کەسێکیان بە ناوی عەدنان عەبدۆ تەمەن ٣٩سآڵ رفاند، هەروەها هەوڵی دەستگیرکردنی چەندین گەنجیان داوە و گەنجەکان لە گوندەکانیان هەڵهاتوون.
لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سوریا کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، ئۆپەراسیۆنێکیان بەناوی چڵە زەیتوون بۆ سەر شاری عەفرین دەستپێکرد، دوای زیاتر لە دوو مانگ بەرگریی شەڕڤانانی هەسەدە، دەستیان بەسەر شارەکەدا گرت.