دۆلار بەرزترین بەها لە ئێران تۆمار دەکات
ژمارێک نێوەندگیری دراو لە بازاڕەکانی تاران دەستگیر دەکرێن
2 ساڵ لەمەوپێش
بۆ یەکەمجار لە مێژوی ئێراندا تمەن نزمترین بەهای بەرامبەر دۆلار تۆمار کرد و بانکی ناوەندیش هەشت خاڵی بۆ کۆنتڕۆڵی بازاڕی دراو راگەیاند و پۆلیسی ئابوریی ژمارەیەک کاسبکاری دەستگیر کرد.
لەگەڵ داخستنی بازاڕەکانی ئێران لە ئێوارەی یەکشەممە بەهای یەک دۆلار لەو وڵاتە گەیشتە 45 هەزار و 300 تمەن کە ئەوەش دەبێتە بەرزترین بەهای مێژویی دۆلار لە بەرامبەر تمەنەدا.
بانکی ناوەندیی ئێران بۆ کۆنتڕۆڵی بازاڕەکان راگەیەنراوێکی هەشت خاڵی بڵاو کردەوە و فرۆشتنی و کڕینی زیاتر لە 20 هەزار دۆلاری قەدەغە کرد.
هاوکات هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر بازاڕەکانی دراو لە تاران و میدیاکانی دەسەڵات رایانگەیاند پێنج کاسبکاری نێوەندگیر(دەڵاڵ)ی بازاڕی دراو دەستگیر کراون.
بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندوە؛ بەرزبونەوەی بەهای دۆلار و دراوە بیانییەکان یاریکردنە بە بازاڕ و دەستی نەیارانی وڵاتەکەی لەپشتە.
پۆلیسی ئابوریی ئێران ئاشکرای کرد ئێوارەی دوێنێ لە هەڵمەتەکانیاندا دەستیان بەسەر یەک ملیۆن121 هەزار دۆلاردا گرتوە و چەند کەسێکیش دەستگیر کراون کە دەستیان لە یاریکردن بە نرخی دراوەکان هەبوە و هۆکارێک بون بۆ دابەزینی بەهای تمەن.
دوای پەسندکردنی گەڵالەی بە تیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بەهای یەک دۆلار لە 41 هەزارتمەنەوە بۆ 44 هەزار تمەن بەرز بوەوە و پێشبینی دەکرێت ئەگەر یەکێتی ئەوروپا وەک رێکخراوی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ سوپای پاسداران بکات ئەوا تمەن زیاترین دابەزین بەخۆیەوە ببینێت بە تایبەت کە 40٪ی ئابوریی ئێران بەدەست سوپای پاسدارانەوەیە.