لەمساڵدا زەحمەتە کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دابخرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
ئەمڕۆ دووشەممە 23ی1، حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی وتوە: "بەدووری دەزانین حکومەتی عێراق بتوانێت ئەمساڵ ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و کەمپەکان دابخرێن؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە هێشتا خەڵک ئامادەیی بۆ گەڕانەوە زۆر کەمە."
حوسێن کەلاری وتوێتی: "هێشتا ژێرخانی ئابووریی ناوچە رزگارکراوەکانی دەستی داعش گونجاو نییە و کێشەی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانیان هەیە، جگە لە نەبوونی دەرفەتی کار و کێشەی دیکە."
بەپێی دوایین ئامار ، کە رۆژی 23ـ1ی2023 بڵاوکراوەتەوە، نزیكەی 665 هەزار و زیاتر لە 248 هەزار پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، واتە 913 هەزار ئاوارە و پەنابەر.
حوسێن کەلاری باسی لەوەش کردوه: کە داواکارییەکی زۆریان لەلایەن ئەو ئاوارانەوە پێگەیشتووە کە لەنێو شارەکانی هەرێمی کوردستانن دەیانەوێت بچنە نێو کەمپەکان و "ئەوان دەڵێن ژیان لە شارەکان سەختە، بەڵام لە کەمپەکان کرێی خانوو نادەن و کۆمەڵێک قورساییان لەسەر نامێنێت."
شایەنی باسه لەدوای هاتنی داعش و جەنگی ڕزگارکردنی ناوچەکانی لەو ڕێکخراوە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و بەبیانوی خراپی دۆخی ئەمنی ئامادەن نین بگەڕێنەوه شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان.