ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 130 رۆژە بەردەوامە
دەسەڵاتی ئێران سزادانی کەسایەتی و مامۆستایانی دەست پێکردوەتەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
سزادانی ئێران بەهۆی سەرکوت و توندوتیژیی دژی ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و سزادانی مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ لە لایەن دەسەڵاتەوە دەستی پێکردەوە و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵک بەردەوام بو و یاریزانێکی ناوداری کوردیش بە بیانوی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان لە یانەکەی دورخرایەوە.
دەستگیرکردنی مامۆستایانی ئایینی و دانیشتوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی سەردەشت و مەریوان و بانە و چەند شارێکی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە ئەمڕۆش بەردەوام بو.
دەستگیرکردنی مامۆستایانی ئایینیی
ژمارەیەک مامۆستای ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان دژی سێدارە و دەستگیرکردنی خەڵک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و دوای بەیاننامەکەش ژمارەیەک لەو مامۆستا ئایینییانە دەستگیر کران.
سێ برای کوژراوێکی روژهەڵات بریندار کران
وریا غەفوری دورخرایەوە
وریا غەفوری یاریزانی ناودرای کورد لە یانەی (فولادی خوزستان) دورخرایەوە لە کاتێکدا پێشتر بەهۆی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان لە یانەی (ئیستقلال) دورخرایەوە و دواتر چەند رۆژێک دەستبەسەر کرا.
غەفوری تەمەنی 35 ساڵە و خەڵکی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستانە و یەکێک لە یاریزانانی ناوداری هەڵبژاردەی ئێران بوە و لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکان کرد و سەردانی ماڵی گیانبەختکردوانی ئەو ناڕەزایەتییانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرد.
سزادانی مامۆستا و خوێندکاراننی زانکۆ
مامۆستایانی زانکۆ بەهۆی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دور دەخرێنەوە و سەندیکای خوێندکاران و مامۆستایان زانکۆ لە ئێران ئاشکرای دەکات فشارەکان بۆسەر خوێندکاران زانکۆ زیادی کردوە و ژمارەیەک خوێندکار دورخراونەتەوە.
دو مامۆستای زانکۆ بە ناوەکای حەسەن باقری نیا، ئەندامی دەستەی زانستی درونناسیی لە زانکۆی (حەکیم سەبزەواری) و مەهشید گەوهەری، مامۆستای وێژە لە زانکۆی (فیردەوسی) شاری مەشهەد لەو مامۆستا دەرکاوانەبون کە ناسنامەیان ئاشکرا کراوە.
سەندیکای خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ لە ئێران لە پێگەی خۆی بڵاوی کردوەتەوە تەنها لە زانکۆی فیردەوسی شاری مەشهەد پڕۆسەی خوێندنی 90 خوێندکاری ئەو زانکۆیە بە بیانوی هاندان و بەشداریی لە ناڕەزیەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی هەڵپەسێردراوە و لە زانکۆکانی تاران و ئەسفەهان حەوت مامۆستا هەر بەو بیانوانەوە لە کارەکانیان دورخراونەتەوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی سەندیکاکە ئاشکرایی کردوە مانگرتن و ناڕەزایەتیی لە ژمارەیەکی زۆری زانکۆکان دژی دەسەڵات و سزای خوێندکاران بەردەوامە.
ئێران هەڕەشەی سزادانی ئەوروپا و بەریتانیا دەکات
ئێران رایگەیاند؛ وەک کاردانەوەیەک بە رامبەر سزاکانی بەریتانیا و ئەوروپا ئامادەکاریی دەکات بۆ سەپاندنی سزا دژی وڵاتانی ئەوروپا و لەندەن.
ئەمریکا دەیەوێت فرۆشی نەوتی ئێران راگرێت
ئەمریکا رایگەیاند دەیەوێت بە سزاکان رێگریی لە فرۆشی نەوتی ئێران بکات و چین ناچار بکات چیتر نەوت لەو وڵاتە نەکڕێت.