فشاری دەرەكی لە یەكێتی و پارتی دەكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرچاوەیەك لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند: لەنێوان یەكێتی و پارتی لەڕێگای نێوەندگیرەوە هەندێك پەیام ئاڵوگۆڕكراوەو دوور لەڕاگەیاندنەكان یەكتربینین هەبووە، لەسەر مەسەلەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو داوكارییانەی كەیەكێتی هەیەتی بۆ حكومەت و بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و رێكخستنەوەی كۆمیسیۆن گفتوگۆكراوە.
وتیشی: بڕیارە هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆببنەوە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی: لەڕاستیدا یەكێك لەداوكارییەكانی یەكێتی دەستكاریكردنی پشكی كۆتاكانە لەیاسای هەڵبژاردندا، تائێستا بەپێی زانیارییەكان پارتی رازی نەبووە بەو داواكارییە، بەڵام لەسەر بابەتەكانی دیكە رەزامەندی دەربڕیوە.
ئاشكراشیكرد: كۆمەڵێك میكانیزم دیاریكراوە بۆ ئەم بابەتە، بۆ نموونە ئەگەر یاساكە بەپێی بازنەكان كەداواكاریی یەكێتییە بكرێتە فرەبازنەیی یان چوار بازنەیی ئەوكاتە كۆتاكان لەسەر بنەمای شارەكان دیاریبكرێت بەپێی پێكهاتەكانی شارەكان نەك لەسەر ئاستی هەموو كوردستان، بەڵام داوكاری پارتی ئەوەیە ئەگەر هەڵبژاردن لەسەر بنەمای فرەبازنەیی بوو، كۆتاكان لەسەر بنەمای یەك بازنەیی بێت، ئەمەش یەكێتی رازی نەبووە لەسەری.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد: یەكێتی كێشەی كەمكردنەوەی كورسی كۆتاكانی نییە، كێشەی دادپەروەری دابەشكردنی كورسی كۆتاكانمان هەیەو ئەو لایەنانەشی كەخۆیان بۆ پێكهاتەكان كاندیددەكەن نوێنەری راستەقینەی پێكهاتەكان بن، نەوەك ساختەبن بەدەمامكی پێكهاتەكان بۆ لایەنێكی دیكەی سیاسی كاربكەن كەپارتییە.
دەربارەی بەشی پارێزگاكان و بازنەكان لەكورسی پێكهاتەكان، ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد: لەمەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی دیراسەی ئەو بابەتە كراوەو پاكێجی بۆ ئامادەكراوە، پێم وایە گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەریش هاوڕان لەسەر ئەوەی یەكێتی.
سەبارەت بەمەلەفە ئەمنییەكانیش كە پارتی سوورە لەسەری، ئەو سەرچاوەیەی یەكێتی دەڵێت: لەڕووی راگەیاندنەوە پارتی سوورە لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام نەرمییەك هەیە لەلایەن هەردوولایەنەوە بۆ رێككەوتن لەسەر ئەو بابەتە و پرسی حوكمڕانی و چارەسەركردنی ئەو تێبینیانەی كە لەلای هەردوولامان هەیە.
سەبارەت بەنێوەندگیری دەرەكیش سەرچاوەكەی هاوڵاتی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: داواكاری لایەنی دەرەكی هەیە لەسەر یەكێتی و پارتی و داوایانكردووە هەرچۆنێك بێت ئەو ناكۆكییانە چارەسەربكەن كە من ناتوانم ناوی بنێم فشارێكی توند، بەڵام دەتوانم بڵێم داواكارییەكی جدییە.
دەربارەی سەردانەكەی برێت مەكگۆرگ-یش بۆ هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی، ئەو سەرچاوەیە وتی: دیداری لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی زۆر ئیجابی بووە.
دەربارەی بەشداری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و تیمی وەزاری یەكێتیش لەحكومەتی هەرێم، ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: تا كۆبوونەوەكەی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی نەكرێت و پاكێجێكی تێگەیشتنی هاوبەشی جددی لەنێوان هەردوولایان درووستنەبێت باسی كاك قوباد دەكەم باسی تیمی یەكێتی ناكەم ناگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: لەڕووی مەبدەئییەوە بابەتی دانیشتنی یەكێتی و پارتی كۆتاییهاتووەو ئامادەین بۆ دانیشتن و رێككەوتن، ئەو سەرچاوەیە گەشبینی خۆشی پیشاندا كەیەكێتی و پارتی لەسەر زۆرینەی بابەتەكان رێكدەكەون، جەختیش لەوەدەكاتەوە ئەوەی لەمەسەلە ئەمنییەكەدا پارتی باسی دەكات زیاتر بۆ فشارە لەیەكێتی، ئەگینا دۆسیەی زۆر گەورەتر هەبووە لەم وڵاتە كە پەردەپۆشكراوە لەلایەن پارتی و نەكراوەتە بابەتێكی جددی كە لەلای هەموو خەڵكی كوردستان بابەتێكی جددی بووە، یەكێتیش پەیامی بۆ ئەم بابەتە ئەوەبووە كە ئامادەین بۆ لیژنەی هاوبەش تەنانەت لایەنی دەرەكیشی تیادابێت وەك ئەمریكاو بەریتانیاو وڵاتانی دی كەلێكۆڵینەوە بكەین