سلێمانی؛ کامێرای هاتوچۆی خاڵ بۆخاڵ نەکەوتووتە کار

هەولێر؛ بۆ تێست دوو کامێری خاڵ بۆخاڵ دادەنرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
 
 
شەنای فاتح
 
هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت: دوو كامێرای خاڵ بۆ خاڵ دانراوە كەتێستن و وەك قۆناغی یەكەم و لەقۆناغەكانی داهاتوودا سەرجەم شەقامەكانی خێرا دەگرێتەوە، هاوكات هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت: تائێستا سیستمی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەسلێمانی نەوكەوتووەتە كار.
رۆژی  18ی ئەم مانگە هاتووچۆی هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد: كە لەهەفتەی داهاتووەوە كامێرای چاودێری بەسیستەمی پۆینت توو پۆینت لەنێوانی شەقامی كەركوك و بنەسڵاوە بۆ هەردوو سایدەكە دەكەوێتە كار.
هەر لەڕاگەیەندراوەكەی هاتووچۆی هەولێردا هاتووە، كە ئۆتۆمبێلی بچووك نابێت لەكاتژمێرێكدا ١١٠ كیلۆمەتر خێراتر بڕوات و هەر خێراییەكی زیادە تۆماربكرێت شۆفێران سزای دارایی دەدرێن، جا كامێراكە دیار بێت یان دیارنەبێت، هەروەها ئۆتۆمبێلی گەورە (بارهەڵگر) لەكاتژمێرێكدا نابێت لە ٨٠ كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا خێراتر بڕوات و هەر خێراییەكی زیاتر تۆماربكرێت سزای دارایی دەدرێن جا كامێراكە دیار بێت یان دیار نەبێت.
بەڵام  فازڵ حاجی وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: سیستەمی كامێرای پۆینت توو پۆینت هێشتا لەهەولێر كاری پێنەكراوەو لەكاتی كارپێكردنەكەی بڵاودەكرێتەوەو ئەوەی ئەم بەیانییەش كەوتووەتەكار كامێرای چاودێری ئاسایی بووەو تائێستا كامێرای پۆینت تو پۆینت كاری پێنەكراوە.
وتیشی: لەشەقامی خێرای ١٢٠م لەڕێگای كەركوك كەدێیتە ناو هەولێر تا سەر رێی بنەسڵاوە لەو نێوەندەدا دوو كامێرای پۆینت توو پۆینت دانراوە كەتێستن وەك قۆناغی یەكەم و لەقۆناغەكانی داهاتوودا سەرجەم شەقامەكانی خێرا دەگرێتەوەو كاركردنەكەشی بەپێی سیستەمە ئەلیكترۆنییەكەیە،  كەی رێكارەكان تەواوبوو كاری پێدەكرێت و تائێستا دیار نییە كە كەی تەواو دەبێت.
فازڵ حاجی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كەئەو كامێرایە لەگەڵ كامێراكانی چاودێری پێشتر هیچ جیاوازییەكی نییەو بۆ سزادانی شۆفێرانیش هەمان سیستەمەو تاكە جیاوازی ئەم سیستەمە ئەوەیە كە « شۆفێر لەسیستەمەكانی پێشوودا لەكامێرای چاودێریان دەدا دواتر لەچاودێری دەردەچوون، بەڵام لەم سیستەمەدا تەنها لەبەردەم یەك كامێردا نابینرێت و دەزانرێت شۆفێر لەنێوان دوو كامێرادا چۆن شۆفێری دەكات».
هاوكات سەعدوڵا عەزیز، بەڕێوەبەری كارگێڕی لەهاتووچۆی پارێزگای سلێمانی و هاوكات سەرۆكی لیژنەی سەرپەرشتیاری دانانی ئەو كامێرایانە لەشاری سلێمانی و دەورووبەری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «ئەو قۆناغانەی بۆ ئەم پڕۆژەیە دیاریكراوە پێنج قۆناغەو تائێستا هیچ قۆناغێك تەواو نەبووەو تەنانەت بینای داتا سەنتەر تەواو نەبووەو سێرڤەرەكانی نەبەستراوەتەوە بەسێرڤەری هاتووچۆی سلێمانی، بۆیە تائێستا هیچ قۆناغێك وەرنەگیراوەو هیچ كامێرایەكیش نەكەوتووەتە كارو وادەش دیار نیە كەكەی كامێراكان دەكەونە كار».
وتیشی: هەر قۆناغێك لەقۆناغەكان تەواوببێت ئێمە وەكو لیژنەی سەرپەرشتیار ئاگاداری وەزارەتی ناوخۆ دەكەینەوە، وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەكی تایبەت پێكدەهێنێت بەمەبەستی وەرگرتنی ئەو پێگەیە یان ئەو قۆناغەو تائێستاش هیچ پێگەیەك وەرنەگیراوەو هەمووی لەسەر ئەستۆی كۆمپانیاكەدایە، ئەگەر بێت و ئەو كامێرایانە بكەونە كار بەدڵنیاییەوە ژیانی شۆفێرو هاووڵاتیان سەلامەت دەبێت لەڕێگاوبانەكانداو دەبێتەهۆی كەمبوونەوەی رووداوی هاتووچۆ.
ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی رابردوو وەزارەتی ناوخۆ پڕۆژەی سیستەمی كامێرای چاودێری پۆینت توو پۆینتی راگەیاندو هاوكات بەشێكی زۆری هاووڵاتیان ناڕازیین لەشێوازەكەو بەبارگرانی بۆ سەر گیرفانیان وەسفی دەكەن و تەنانەت لەهەندێك شوێندا كامێراكانیان شكاند یان سوتاندیانن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار