پشکی هەرێم لەبودجەی عێراق پەیوەسته بەڕێکەوتنی سیاسی
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
تادێت كات لەبەردەم كابینەكەی محەممەد شیاع سودانی كەمتر دەبێتەوەو هێشتا پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ كە بەگەورەترین پرۆژە بودجە لەمێژووی وڵاتدا وەسفدەكرێت كەبڕەكەی زیاترە لە 150 ترلیۆن دینار نەچووەتە پەرلەمان، هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش جەخت لەوەدەكاتەوە پێویستە پرۆژەیاسای بودجە تێبپەڕێت، راوێژكاری دارایی و ئابووریی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دەڵێت، ئەگەری زۆرە هەفتەی داهاتوو رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكرێت، جێگری سەرۆك وەزیرانیش دەڵێت لەئەنجومەنی وەزیران خوێندنەوەمان بۆ كردووەو بەمنزیكانە بودجە دەنێرین بۆ پەرلەمان، ئەندامێكی لیژنەی داراییش لەپەرلەمانی عێراق پێشبینیدەكات لەپەرلەمان گفتوگۆی زۆر لەسەر پرۆژەیاساكە بكرێت.
پرۆژەیاسای بودجە كەساڵانە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەنددەكرێت، لەساڵی رابووردوودا بەهۆی دۆخی سیاسی عێراقەوە نەچووە پەرلەمان و حكومەتی عێراقی ساڵێكی بەبێ بودجە بەڕێكرد، بۆ ئەمساڵیش یەكێك لەبەڵێنەكانی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەبوو لەكاتی خۆیدا بودجە بباتە پەرلەمان و دەنگی لەسەربدرێت، بەڵام بەهۆی چەندین گرفتەوە پێناچێت بەمزووییە ئەو بەڵێنە بەدیبێت بەتایبەت یەكێك لەو بڕگانەی كە كێشەی گەورەی لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانە كەتاوەكو ئێستاو دوای چەندین سەردانی وەفدی هەرێم هێشتا بەغداو هەرێم نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
لەكۆبوونەوەیەكدا كە لەنووسینگەی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا بەڕێوەچوو، لایەنەكانی هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت كەپێكهێنەری سەرەكی حكومەتی عێراق و پەرلەمانیان بەدەستەوەیە رایانگەیاندووە پێویستە پەلەبكرێت لەتێپەڕاندنی بودجەو ئەو پرۆژەیاسایانەی كەپەیوەستن بەژیانی خەڵكەوە، كە ئەمەش بەهۆی ئەوەی زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستە ئاماژەیەكی گرنگە بەوەی كە ئەو لایەنانە سوورن لەسەر تێپەڕاندنی بودجە لەماوەیەكی نزیكدا.
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقیش ئاشكرایكردووە لەسەدا 95ی پرۆژە بودجەی عێراق تەواوبووەو لەئێستادا حكومەت خەریكی هەندێك چاكسازییە تیایدا.
لەڕاگەیەندراوێكدا لیژنەكە رایگەیاندووە بەهۆی ئەو ئاڵۆزی و پشێوییەی كە لەبازاڕو نرخی دۆلاردا هەیە وایكردووە حكومەت بەپرۆژەیاسای بودجەدا بڕواتەوەو لەگەڵ واقیعدا بیگونجێنێت، لیژنەكە جەختیش لەوەدەكاتەوە كە زیاتر لەسەدا 95ی بودجە تەواوبووەو پێش كۆتایی ئەم مانگە دەگاتە پەرلەمان، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات دۆسیە گرنگەكانی وەك پیشەسازی و كارەباو تەندروستی و پشتگیری كەرتی تایبەت بەتایبەت لەبابەتی دامەزراندن لەبودجەدا ئامادەیی هەیەو گفتوگۆكانیش لەپەرلەمان مانگێك زیاتر ناخایەنێت.
بەپێی زانیارییەكانیش پرۆژەیاساكە بەر لەدوو هەفتە زیاتر لەلایەن وەزارەتی دارایی و پلاندانانەوە ئامادەكرابوو، بەڵام لەكاتی پێداچوونەوەدا لەئەنجومەنی وەزیران دەركەوت لەچەند بەندێكدا هەڵئاوسان هەیەو نێردرایەوە تا چاكبكرێت.
رێبوار ئەوڕەحمان ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بە (هاوڵاتی) راگەیاند: بودجە هێشتا لەئەنجومەنی وەزیرانەو لەوێ لیژنەیەك پێكهێنراوە كەبودجە لەگەڵ بەرنامەی حكومەت بگونجێنن، ئاماژە بەوەشدەكات نرخی یەك بەرمیل نەوت تیایدا بە ٧٥ دۆلار خەمڵێنراوەو یەک دۆلاریش بە هەزارو 450 دینارو بڕی بودجەكەش دەگاتە ١٣٠ تا ١٤٠ ترلیۆن دینار.
دەربارەی پشكی هەرێمی كوردستانیش لەبودجەدا ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی تائێستا هەیە پشكی هەرێم بەڕێژەی لەسەدا ١٤ دەستنیشانكراوە، هاوكات جەختیش لەوەدەكاتەوە رای كوتلە سیاسییەكان لەسەر بەشە بودجەی هەرێم وەستاوەتە سەر رێككەوتنی هەرێم و بەغداو پێی وایە رای پەرلەمانتاران رای حزبەكانی خۆیانە ئەگەر رێكبكەون لەگەڵ هەرێم دەنگی پێدەدەن و رێشنەكەوتن دەنگی پێنادەن، دەشڵێت ئەگەر حكومەت خزمەتگوزاری پێشكەش نەكات و گەندەڵی بەردەوام بێت چارەنووسی وەك ئەوانەی پێشووتر دەبێت، هاوكات پێشبینیش دەكات لەپەرلەمان گفتوگۆی زیاتر لەسەر پرۆژەیاساكە زیاتر بكرێت چونكە ساڵی رابردوو بودجە نەبووەو كێشەیەكی زۆر كەڵەكە بووەو ئەم حكومەتەش دەیەوێ بەپێشكەشكردنی هەندێ خزمەتگوزاری خەڵك رازی بكات.
پشكی هەرێمی كوردستان لەساڵانی پێشووتردا لەسەدا 17بووە، بەڵام لەم چەندساڵەی دواییدا كەمكرایەوە بۆ لەسەدا 12و لەسەدا 14، لەئێستاشدا هەموو هەوڵەكانی وەفدی حكومەتی هەرێم لەبەغدا گەڕانەوەیە بۆ لەسەدا 17، بەڵام پێناچێت دەسەڵاتدارانی بەغدا بەوە رازیبن و بەپێی ئەو زانیارییە میدیایانەی كە بڵاوكراونەتەوە لەڕووی مەبدەئییەوە هەردوو وەفدی حكومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر لەسەدا 14 بۆ هەرێمی كوردستان رێككەوتن، بەڵام ئەوە لەپەرلەمان یەكلایی دەبێتەوە، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هەرێمیش لەدانوستانەكانیان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبن.
فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خوێندنەوەی بۆ پرۆژەیاسای بودجە كردووەو بەمنزیكانە بودجە دەنێرن بۆ پەرلەمانی عێراق.
راوێژكاری دارایی و ئابووریی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەگەری زۆرە هەفتەی داهاتوو رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكرێت و دەڵێت، لەهەموو دۆخێكدا لە 200 ترلیۆن دینار تێناپەڕێنێت.
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژكاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە: «ئەگەری زۆرە كۆتایی هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران رەسنووشی بودجەی 2023 پەسندبكات و بینێرێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ئەوەی لەنزیكترین ماوەدا پەسندبكرێت.» سەبارەت بەقەبارەی بودجەكە، مەزهەر محەممەد ساڵح دەڵێت: «ئەو ژمارانەی لەبارەی رەشنووسەكەوە باس دەكرێن تایبەت بەبودجەی ئەمساڵ هەمووی سیناریۆو پێشبینییە، بەڵام لەكۆتاییدا بودجەی 2023ـی عێراق 200 ترلیۆن تێناپەڕێنێت وەكو هەندێك كەس باسیانكردووەو لە
90٪ـی داهاتی عێراق پشت بەفرۆشتنی نەوت دەبەستێت. ئەو راوێژكارە باسی لەوەش كرد، بەتێكڕا وەزارەتی نەوتی عێراق لەساڵی 2023 دا بڕی سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات وەكو ئەوەی پێشبینی وەزارەتی نەوتی عێراقە.
لەڕاگەیەندراوێكیشدا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی ئەلفەتحیش كە لایەنی سەرەكییە لەپێكهێنانی حكومەت جەختیان لەگرنگی خێراكردنی پەسەندكردنی بودجەی گشتی كردەوەو رایانگەیاندووە هەر دوولا جەخت لەگرنگی خێراكردنی پەسەندكردنی بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023دەكەنەوە بۆ بەشداریكردنی كاریگەرانە لەگەیشتن بەگەشەپێدان و تەواوكردنی پڕۆژە گرنگەكان و پاڵپشتیكردنی ئابووری.