نەقورئان بەسوتاندن ناشیرین دەبێت و نەڕۆژئاواش بەوکارە جوان دەبێ
2 ساڵ لەمەوپێش
حامد محەمەد عەلی
سوتاندنی قورئانی پیرۆز، ئەگەرچی بەڵگەو ئاماژە بێ بۆ ڕق و کینەی سوتێنەرەکەو ئەوانەی لە پشتیەوەن، بەرامبەر بە قورئان و ئیسلام و لەهەمان کاتیشدا ئاماژەبێ بۆ ساختەیی و ڕیسوایی دروشمەکانی ڕۆژئاوا لە باسی دیموکراسیەت و قبوڵکردنی ئەویتر ، لەهەمانکاتدا هەوڵێکە بۆ خرۆشاندن و تووڕەکردنی کۆمەڵگەی موسڵمان و دەمارگرتنی تاکی موسڵمان بەو ئامانجەی کە کاردانەوەی خراپی لێ بکەوێتەوەو دیسان ئەویش لەدژی ئیسلام و موسڵمانان بەکاربێنن و
زیاتر جاڕی دروشمی ناڕەوای ئیسلامۆفۆبیای پێ بدەن..
بەڵام لە ڕاستیدا ئەم کارە قێزەون و هەرزاکارانە ، دەبێتە هۆکارێکی تر بۆ بەهێزکردنی سۆزو خۆشەویستی موسڵمانان بۆ قورئانەکەیان و پەیوەستیی زیاتریان بە ئیسلامەکەیانەوە .
لەهەمانکاتدا ئەم کارانە فزول و حەزی شارەزابوونی خەڵکانێکی زۆر لە ڕۆژئاواییە بێلایەن و بە ئینسافەکان دەجوڵێنێ ،بۆ ئەوەی هەوڵی خوێندنەوەی قورئان و ئیسلام بدەن و لەنزیکەوە ئاشنا بن بە پەیامی ئیسلام.
ئەو ڕوداوەی چەن ڕۆژی پێشوو کە سەرۆکی حزبێکی ڕاستڕەوی سویدی نوسخەیەک لەقورئانی پیرۆزی لەبەردەم باڵێوزی تورکیا لە ستۆکهۆڵم سوتاند، جگە لە دەرهاویشتە ئەرێنیەکانی بۆسەر ئیسلام و موسڵمانان ، لەهەمانکاتدا خزمەتی بە تورکیاو ئەردوگانی سەرۆکی تورکیاش کرد ، کە لەدەروازەی هەڵبژاردنێکی گرنگدایە ، بەتایبەت کە سوتێنەرەکە وتی : من لەبەرامبەر دژایەتی تورکیا بۆ بەئەندامبونی سوێد لە هاوپەیمانی ناتۆ ئەم کارەم کرد!
بەم کارەو بەم لێدوانەی سوتێنەرەکە ، ئەو تورکیاو ئەردوگانی وەک خاوەنی قورئان و پارێزەری ئیسلام پیشاندا !
بۆیە پێشبینی ئەکرێ کە ئەردوگان زیرەکانە ئەم پرسە وەک پروپاگەندەیەکی هەڵبژاردن بۆخۆی و پارتەکەی بەکاربهێنێ و سوودی لێوەربگرێ ، هەردوێنێش سەدان هەزار هاووڵاتی تورک هاتنە سەرشەقام و توڕەیی و ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر سوتاندنی قورئان خستە ڕوو .
دیارە لەهەندێ لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش ناڕەزایی جەماوەری و ڕەسمی دەربڕا ، بەڵام نەک بەم گوژم و قەبارەی تورکیا.
ئەمەیە وتراوە ( رب ضارة نافعة).
خاڵێکی تر کە لەم پێشهاتەدا،بەلای منەوە جێی سەرنجە ، بەدبەختی و کڵۆڵی ئەم جۆرە کەسانەیە کە پێشتریش هەر لە (سویدو دانمارک) و هەروەها لە (فەرەنسا) ش بەشێوازی جۆراو جۆرو لەڕێی کاریکاتێرەوە سوکایەتییان بە سومبولەکانی ئیسلام کرد ، دواجار هەندێکیان پەشیمان بوونەوەو ئەوانیتریش سوک و ڕیسوابوون.
بۆیە ئەمانەش بەڕاستی شیاوی بەزەیین و جێی خۆیەتی لەکەناڵی گونجاوەوە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکرێ و حەقیقەتی قورئان و ئیسلامیان بۆ ڕوون بکرێتەوە.
لەبەر ئەوە بە بۆچونی خۆم ئەم ڕوداوەو هاوشێوەکانی شیاوی ئەوە نین کە هەموو جیهانی ئیسلامی و موسڵمانانی پێوە سەرقاڵ بکرێن ، بەڵکو گرنگە لەسەر ئاستی دەوڵەت و ناوەندە پەیوەندیدارەکان ڕێو شوێنی گونجاو لەبەرامبەریان بگیرێتە بەر، وەک ئەوەی کە یاداشتی ناڕەزایی بدرێتە ئەو دەوڵەتانە و هەڕەشەی بایکۆتکردنی ئابوری و دیبلۆماسییان لێ بکرێ.
لەکۆتاییدا ماوە بڵێم : مامەڵەی دوفاقی ڕۆژئاوا لەگەڵ پرس و دۆسیەکان ، جێی ڕەخنەو سەرنجە ، بۆنمونە زۆر سەیرە کە لە ڕۆژئاوا بەیاسا ڕێگری کراوە لەوەی کە تەنانەت لەڕێگەی توێژینەوەی زانستییشەوە گومان بخرێتە سەر ڕوداوی ( هۆڵۆکۆست - کۆمەڵکوژی جولەکەکان لەلایەن نازیەکانەوە ) هەروەکو ئەوەی کە فەیلەسوفی موسڵمانی فەرەنسی (ڕۆجێە گارودی) لەسەر کتێبێکی لەوبارەوە سزادراو بە هەزاران یۆرۆ غەرامە کرا.
کەچی هەر ئەم سیستمە ڕۆژئاواییە بەناوی ئازادی ڕادەر بڕینەوە نەک ڕێگە ئەدەن ،بەڵکو پشتگیریی لە کەسێکی توندڕەوی ڕق ئەستور ئەکەن کە سوکایەتی بە سومبولەکانی ئیسلام و بیرو باوەڕی زیاتر لەیەک ملیار موسڵمان بکات !! دیارە ئەم جۆرە کارانەش نەک خزمەت بە دیالۆگی شارستانیەتەکان و سەقامگیریی ئاشتی جیهانی ناکات ، بەڵکو مەودای ڕق و کەراهیەت فراوانتر دەکات و خزمەت بە گەشەکردنی بیری توندڕەوی و پەڕگیریی دەکات.
ئەمەیە بانێکەو دووهەوای ڕۆژئاواو پێوانەیان بە دوو پێوەر.