هەرێم و بەغداد 18ساڵە لەسەر یاسای نەوت و غاز ڕێکنەکەوتوون

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هێمن مەحموود
 لێدوان و سەردان و كۆبوونەوەكانی بەرپرسانی بەغداو هەرێم لەسەر یاسای نەوت و غاز كەوا بڕیارە لەماوەی ئەم كابینەی محەممەد شیاع سوودانیدا تێبپەڕێت، ئەویش بەپێی ئەو رێككەوتنەی كەپێش دەسTبەكاربوونی سودانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كردوویەتی تادێت زیاتر دەبێت و هەوڵەكان بۆ تێپەڕاندن و نەمانی گرفت و بەربەست و كەلێنەكانی ناو یاساكە زیاتر دەبێت، لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت پرۆژەیاساكە چاوەڕێی هەڵكردنی گڵۆپی سەوزن لەلایەن حكومەتەوە بۆ ئەوەی ببرێتە پەرلەمان و گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و بەتێپەڕاندنیشی كێشە نەوتییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر دەبێت، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش دەڵێت بەدەرچوونی یاسای نەوت‌و غاز ماف بەكوردستان‌و حكومەتی ناوەندیش دەدرێت‌و ئەو مافانەی كەیاساكە دانی پێداناوە باڵادەست دەبێت لەسەر مامەڵەی نێوان هەردوولا.
لەبەیاننامەیەكدا لیژنەی نەوت و غاز لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت یاسای نەوت و غاز یەكێكە لەیاسا گرنگەكان و لەكارنامەی وەزاری كابینەكەی محەممەد شیاع سوودانیدا باسكراوەو بەتێپەڕاندنی دەبێتەهۆی چارەسەركردنی كێشە نەوتییەكانی نێوان هەولێر و بەغداو تەواوكەری ئەو رێككەوتنە سیاسییەی كەحكومەتی   لەسەر درووستكراوە.
لیژنەكە ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات یاسای نەوت و غاز پشت بەهەرسێ ماددەی دەستوری (111 و 112 و 115) دەبەستێت بۆ چارەسەر كێشەكانی هەرێم و بەغداو خاڵەكانی 20و 23ش لەكارنامەی كابینەكەی سوودانی باس لەتێپەڕاندنی ئەم یاسایە دەكات بۆ سفركردنەوەی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا.
هێشتا یاسا نوێیەكەی نەت و غاز بەتەواوەتی ئامادەنەكراوەو نازانرێت بەندە تازەكانی چین و چەندێك دەبێتەمایەی رێككەوتن یاخود ناڕەزایەتی دەربڕینی لایەنەكانی پەرلەمان، ئەوەی هەیە هەر پرۆژە كۆنەكەیە كە لەساڵی 2005ەوە چاوەڕێی تێپەڕاندن دەكات لەپەرلەمان و پەكخراوە، هەرێمیش باس لەوەدەكات تاوەكو ئەو یاسایە تێنەپەڕێت ئەو مافی ئەوەی هەیە خۆی نەوت هەناردەی دەرەوە بكات، بەڵام بەغدا ئەوە رەتدەكاتەوەو هەناردەكردنی نەوت بەنایاسایی وەسفدەكات.
لەساڵی 2009شەوە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای نەوت و غازی تایبەت بەخۆی كە لەساڵی 2007ەوە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەركراوە، نەوت هەناردە دەكات، دوای ساڵانێكیش لەناكۆكی دواجار لە 15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری نادەستوریبوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی دەركردو رایگەیاند تەواوی گرێبەست و كاركردن و گەڕان بەدوای نەوتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان و وڵاتان بۆ هەناردەی نەوت نادەستورییە، حكومەتی هەرێمیش ئەوەی رەتكردەوەو ئەوەی بەپێشێلكردنی سەروەری خۆی وەسفكرد.
بەپێی ماددەی 112 لەدەستوری عێراقی حكومەتی ناوەندی لەگەڵ هەرێمییەكان و پارێزگاكان ئیدارەی دەرهێنانی نەوت و غاز لەكێڵگەكانی ئێستا دەكات بەو مەرجەی داهاتەكەی بەشێوەیەكی دادگەرانە كە لەگەڵ دابەشبوونی دانیشتواندا بگونجێت لەتەواوی وڵاتدا دابەشبكرێت.
لەناوەڕاستی ئەم مانگەش لەسەردانێكیدا بۆ بەغدا سەرۆكی حكومەتی هەرێم  لەگەڵا سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوەو لەبەیاننامەیەكدا رایانگەیاند: لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان رێككەوتن لەبواری بودجەو یاسای نەوت و غاز بەپێی دەستور.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: كە باسیان لەو هەنگاوە پێویستیانە كرد كەدەبێت بگیرێتەبەر بۆ دانانی پرۆژەیاسای نەوت و غاز، ئەویش بەپێی ئەو رێككەوتنە سیاسییەی كە لایەنەكان لەسەری رێككەوتوون لەكاتی پێكهێنانی ئەم حكومەتەدا.
هاوكات نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت:  بابەتی نەوت قەیرانێكە كەكۆتایی نایەت، هەموو ساڵێك ئێمە كەبودجە دەنووسینەوە كێشەی مامەڵەو مافەكانی هەرێم دروستدەبێت، من بەبرایانی كوردم وت ئەگەر یاسای نەوت‌و غاز دەرنەچوو، ناكرێت ئەم قەیرانە كۆتایی بێت، بەدەرچوونی یاسای نەوت‌و غاز ماف بەكوردستان‌و حكومەتی ناوەندیش دەدرێت‌و ئەو مافانەی كەیاساكە دانی پێداناوە ئەوە باڵادەست دەبێت لەسەر مامەڵەی نێوان هەردوولا، بەبێ یاسا بابەتەكە هەروەكو موجامەلە دەمێنێتەوە.
لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراقیش رایگەیاندووە تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز زۆر گرنگە بۆ بەدیهێنانی دادگەری لەدابەشكردنی سەروەت و سامانی وڵات، محەممەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانیش لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم باسیان لەگرنگی یاساكە كردووە وەك چارەسەرێك بۆ كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
بەرپرسێكی پارتیش بەسایتی (بەغداد الیوم)ی راگەیاندووە: لەخولی ئەمجارەی پەرلەماندا یاسای نەوت و غاز دەچێتە پەرلەمان و تێدەپەڕێت ئەویش بەهۆی رێككەوتنی لایەنەكانی ئیدارەی دەوڵەتەوە.

بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی نەوت و غاز كە 18 ساڵە لەپەرلەمانە بەرپرسیارێتی ئیدارەدانی كێڵگەنەوتییەكان لەوڵاتدا پێویستە لەلایەن كۆمپانیایەكی نیشتیمانییەوە بەڕێوەببرێت كە ئەنجومەنێكی ئیتیحادی تایبەتمەند لەو بوارەدا سەرپەرشتی دەكات، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەوە تائێستا نە یاساكە دەرچووەو نە كۆمپانیاو ئەنجومەنەكە درووستكراوە، بەغداو هەرێمیش لەساڵی 2003ەوە لەسەر بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان كێشەیان هەیە، بەغدا دەڵێت هەرێم داهاتی نەوت ئاشكرا ناكات و رادەستی بەغدای ناكاتەوە، هەرێمیش دەڵێت كێڵگە نەوتییەكان دەكەونە خاكی خۆیەوە، بۆیە خۆی ئیدارەیان دەدات جا چ لەبابەتی كنەو پشكنینی تازەبێت یاخود ئیدارەدانی كێڵەگە هەبووەكان بێت یاخود لەهەناردەكردن و بەستنی گرێبەست بێت بۆ فرۆشتن و گەشەپێدان.
بەشێك لەچاودێرانیش دەڵێن هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن ئەمجارە هەرێم و بەغدا دوای چەندین دواخستن لەسەر یاساكە رێكدەكەون، بەڵام بەشێك لەچاودێرانیش بڕوایان وایە نابێت هێندە گەشبینی بدرێت بە رێككەوتن و پرسیاری ئەوەدەكەن یاسایەك بە 17 ساڵ لەسەری رێكنەكەوتبن چۆن بەماوەیەكی كەم لەسەری رێكدەكەون و كێشە چارەسەرنەكراوەكانی هەرێم و بەغدا چارەسەر دەبن

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار