عەفرین؛ تورکیا پلانی مەترسیدار بۆ سڕینەوەی کورد جێبەجێ دەکات
نزیکەی 9هەزار هاووڵاتی کوردی عەفرین بەندکراون
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پێنج ساڵ بەسەر داگیركردنی عەفریندا لەلایەن سوپای توركیاو گروپە توندڕەوەكانی سەر بەتوركیا تێدەپەڕێت، توركیا زۆر بەتوندی بەردەوامە لەسڕینەوەی كورد لەشارەكە، نزیكەی نۆ هەزار كوردی شارەكەی خستووەتە زیندان و 663 هاووڵاتی كورد كەزیاتر لە 90 كەسیان ژنن لەژێر ئەشكەنجەدا كوشتووە، 22 كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی لەشارەكە دروستكردووەو خەڵكی عەرەب و فەڵەستینی و توركمانی تێدا نیشتەجێكردووە، ئەوە جگە لەسووتان و لەناوبردنی زیاتر لە 12 هێكتار باخی شارەكە كەزۆربەیان باخی دارزەیتون بوون، لەگەڵ تێكدانی 59 شوێنەواری مێژوویی و گۆڕی 28 كەسایەتی ئاینی.
٢٠ی كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٨، كاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆ، سوپای توركیا لەڕێگەی ٧٣ فڕۆكەی پێشكەوتووی جەنگی و نزیكەی ٢٠ هەزار سەربازو چەكداری گروپە توندڕەوەكانی، پەلاماری شاری عەفرینی-دا، كەوەك بووكی كوردستان دەناسرێت.
هەرچەندە بەرپرسانی توركیا واپلانیان دانابوو لەماوەی چەند رۆژێكدا عەفرین داگیربكەن، بەڵام خەڵكی ئەو شارە بەپێشەنگایەتی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەسەدە) ٥٨ رۆژ شەڕیان كردو شارەكەیان چۆڵ نەكرد.
بەگوێرەی ئاماری خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی كانتۆنی عەفرین لەهێرشەكەی توركیا و چەكدارە توندڕەوەكانیدا، ٥٠٠ هاووڵاتی مەدەنی كەژمارەیەكی زۆریان ژن و منداڵ بوون شەهیدبوون و هەزارو ٣٠ هاووڵاتی مەدەنیش برینداربوون، یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ش دوای شەڕەكە، ئامارێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، لەهێرشەكەدا ٩٨٧ شەڕڤانیان شەهیدبوون.
پێنج ساڵ بەسەر داگیركردنی عەفریندا تێدەپەڕێت، بەڵام تاوەكو ئێستاش نە عەفرینیەكان شارەكەیان لەبیركردووەو نە دەوڵەتی توركیا دەستی لەپێشێلكردنی مافەكانی خەڵكی رەسەنی ئەو شارە هەڵگرتووە.
ئاژانسی هاوار نیوز لەساڵیادی هێرشەكەدا، دۆخی پێنج ساڵی رابردووی عەفرینی لەژێر داگیركەری دەوڵەتی توركیاو گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی بڵاوكردەوە كەدەریدەخات، بەشێوەیەكی سیستماتیك ناسنامەی كوردبوون لەعەفرین دەسەندرێتەوەو دەكرێتە شارێكی عەرەبی و توركمانی.
هەشت هەزارو ٧٠٠ هاووڵاتی كورد لەزیندانەكاندان
بەگوێرەی ئامارەكە، لەپێنج ساڵی رابردوودا، ٣٥٠ هەزار هاوڵاتی كورد لەعەفرین بەزۆر وەدەرنراون و زۆربەیان لەپێنج كەمپی كانتۆنی شەهبای نێوان عەفرین و كۆبانێ نیشتەجێبوون و رووبەڕووی دەیان كێشەی نەبوونی ئاو، كارەبا، دەرمان و سووتەمەنی بوونەتەوە.
لەو ماوەیەدا نزیكەی ٢٢ كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لەلایەن كۆمپانیا توركیەكانەوە دروستكراون و نزیكەی ٥٠٠ هەزار كەسی عەرەبی سوری و فەڵەستینی و توركمان لەكۆمەڵگاكاندا نیشتەجێ كراون.
لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، ٦٦٣ هاووڵاتی كورد كە ٩٦ كەسیان ژنن، بەئەشكەنجە كوژراون و نزیكەی هەشت هەزارو ٧٠٠ هاووڵاتی كورد بەتۆمەتی هاوكاریكردنی خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەستگیركراون و لە ٢٦ زیندانی تایبەتدا كەهەموویان لەم پێنج ساڵەی دواییدا دروستكراون رادەگیرێن و رووبەڕووی گەورەترین ئەشكەنجە دەبنەوە.
لەلایەكی دیكەوە، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری عەفرین كە سەر بەخۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریایە دەڵێت، دوای داگیركردنی عەفرین، ٥٩ شوێنەواری مێژوویی وێرانكراون. گۆڕی ٢٨ كەسایەتی ئایینی پێكهاتەكانی عەفرین تێكدراون.
ناسنامەی عەفرین لەمەترسیدایە
بەگوێرەی زانیارییەكان، بۆ ئەوەی ناسنامەی كوردی لەعەفرین بسڕنەوە، دەوڵەتی توركیا خەڵكی شارەكەی ناچار كردووە كەناسنامەی توركیا دروستبكەن و پارەی لیرەی توركی بەكاربهێنن. هەروەها خوێندكاران ناچاركراون كە بەزمانی توركی بخوێنن و پارێزگاری دیلۆك (عەنتاب)، سەرپەرشتی هەموو قۆتابخانە، خوێندنگاو زانكۆو پەیمانگەكانی عەفرین دەكات و سیستمی وەزارەتی خوێندنی توركی لەعەفرین جێبەجێ دەكرێت. لەلایەكی دیكەوە ناوی هەموو گوند، شاروچكە، شەقام و كۆڵانەكانی عەفرین كراون بەتوركی و عەرەبی، بەجۆرێك كەهەستی پێناكرێت شارێكی كوردی بێت.
بەگوێرەی ئامارەكەی ئاژانسی هاوار، زیانێكی زۆر بەسروشتی عەفرین گەیەندراوە. بەجۆرێك لە ٣٦٧ هەزار داری میوە، بەتایبەتی دار زەیتونیان بڕیوەو زیاتر لە ١٢ هەزار هێكتار باخ و دارستانەكانی ئەو شارە سووتێنراون.
هەروەها باجێكی زۆریش لەسەر ئەو جوتیارانە دانراوە كە لەشارەكەدا ماون و ساڵانە پێویستە هەموو ماڵێك زەیتون و رۆنی زەیتون پێشكەش بەبەرپرسانی گروپە چەكدارەكان بدەن، بەپێچەوانەوە دەستگیرو ئەشكەنجە دەدرێن و ئەگەری ئەوە هەیە بێسەروشوێن بكرێن.
قڕكردنی نەژادی
لەساڵیادی هێرشەكەی توركیادا خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد، «تاوانی گەورەی دڕندانە وەك قڕكردنی نەژادی، كەلتوری لەعەفرین ئەنجامدەدرێت، سروشتیش بەشی خۆی لەپێشێلكاریەكان وەرگرتووە، ئەم تاوان و پێشێلكاریانە لەبەرچاوی جیهان، نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی یاسایی و مرۆیی ئەنجامدەدرێن، پێویستە كۆتایی بەتاوان و داگیركەری بهێندرێت.
پێویستە بەرپرسیارانی ئەم كردەوانە دادگایی بكرێن. ئەم بێدەنگیە سووربوونە لەسەر تاوانەكان و تاوانەكان زیاد دەكەن، بێ رزگاركردنی عەفرین و هەرێمە داگیركراوەكانی دیكە لەدەستی دەوڵەتی توركیا، هیچ كاتێك ئارامی و چارەسەری نابێت.
هەروەها لەكەمپەكانی شەهبا كەئاوارەكانی عەفرین لەوێ نیشتەجێبوون، چەندین خۆپیشاندان ئەنجامدران و داوا لەڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی جیهان دەكەن، كار بۆ گەڕاندنەوەیان بكەن و بەهەڵگرتنی وێنەی شەهیدانیان و چڵە زەیتون رایانگەیاند كەدەست لەعەفرین هەڵناگرن و رۆژێك دێت، دەگەڕێنەوە سەر زێدی باوك و باپیرانیان.