ئۆپۆزسیۆنی تورکیا هیچی بۆ کورد پێنییە!

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا هیچ بۆ کورد پێنییە!
ئەمڕۆ شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کارنامەیەکی هاوبەشیان بۆ حکومەتی داهاتوو، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن، ئاشکرا کرد، لە کارنامەکەدا بە هیچ شێوەیەک باسی پرۆسەیەکی ئاشتی یاخود کرانەوەیەک بەرووی کورددا نەکراوە.
هاوپەیمانی گەل کە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پارتی باش، پارتی دیموکرات، پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن و پارتی دوارۆژ پێک دێت، ئەمڕۆ لە کۆبونەوەیەکی فراواندا لە ئەنقەرە، بە بەشداری سەرۆک و ئەندامانی پارتەکان، کارنامەی حکومەتەکەیان ئاشکرا کرد کە ئەگەر توانییان لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەون، جێبەجێ دەکەن.
کارنامەی حکومەتەکەی هاوپەیمانی گەل لە ٩ تەوەر پێک دێت کە لەنێویاندا زیاتر لە دوو هەزار مادە هەیە. لە کارنامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە گۆڕانکاری لە بوارەکانی، پەروەردە و فێرکردن، سیاسەتی دەرەوە، دامەزراوە حکومییەکان، سیاسەتی وەزارەتی دەرەوە، پەیوەندیەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان، خۆنزیککردنەوە لە یەکێتی ئەوروپا و چەند بابەتێکی دیکەدا دەکرێت.
لە مادەکانی نێو تەوەرەکاندا، بە تەنیا دوو بابەتی تێدایە کە پەیوەندی بە هەدەپەوە هەیە، ئەویش پرسی قەیومەکانە کە لە جێگەی سەرۆکشارەوانییەکانی هەدەپە دانراون و باسی ئەوە دەکرێت کە بڕیاری دانانی قەیوم (بەڕێوەبەری حکومی) لە جێگەی ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنەکاندا بوونەتە نوێنەری هاوڵاتیان هەڵدەوەشێندرێتەوە. مادەیەکی دیکەش ئەوەیە کە ئەگەر تورکیا ببێتە ئەندامی کۆنسەی ئەوروپا، حکومەتی تورکیا هەموو بڕیارەکانی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ دەکات کە چەندین جار دادگاکە داوای ئازادکردنی گیراوانی هەدەپە و بە تایبەت سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و چەند پەرلەمانتارێکی پێشووی دیکەی کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە دوێنێ ئاشکرای کردبوو کە لە ١٣ی شوباتدا کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی گەل ئاشکرا دەکەن. هەدەپەش پێناچێت لەم حاڵەتەدا کە لە کارنامەی حکومەتەکەی هاوپەیمانی گەلدا بە هیچ شێوەیەک نزیکبوونەوەیەک بۆ پرسی کورد نییە، دەنگ بە کاندیدی هاوبەشی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بدات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار