بەڵگەی بەقاجاخبردنی دۆلاری عێراق ئاشکرا دەکرێت
سوپای پاسداران دەستی لە بەقاچاخبردنی دۆلار لە عێراق هەیە
2 ساڵ لەمەوپێش
سەرچاوەیەکی هەواڵی ئێران ئاشکرای دەکات: ئەندامانی سوپای پاسداران، بە هاوکاریی سێ کەسی عێراقی، دۆلاریان لە عێراقەوە بە قاچاخ بردوەتە وڵاتەکەیان.
تەلەڤزیۆنی (ئیران ئینتەرناشناڵ) کە ناوەندەکەی لە بەریتانیایە، بڵاوی کردوەتەوە: سێ ئەندامی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، دەیان ملیۆن دۆلاریان لە عێراقەوە بەقاچاخ بردوەتەوە ئێران. ئاشکرای کردوە، ئەندامانی فەیلەقی قودس، بە هاوکاریی سێ هاوڵاتیی عێراقی، دۆلارەکانیان لە نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە وڵاتەکەیانەوە رەوانەی تاران کردوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوی کردونەتەوە: محەمەد تەجەن جاری، بەڕێوەبەری دارایی یەکەی 400ی سەر بە فەیلەقی قودس، پارەی پێویستی بۆ کڕینی دۆلار رادەستی ئەندامانی دیکەی سەر بە سوپای پاسداران کردوە، تا بە قەبارەیەکی زۆر لە نوسینگەکانی ئەو وڵاتە دۆلار بکڕن.
لەو بەڵگەنامانەدا کە تەلەڤزیۆنەکە دەستی کەوتون، پڕۆسەی کڕینی دۆلار لە عێراق لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی مستەفا پاک باتن، جێبەجێ کراوە کە کارمەندی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدایە و هاوکات ئەندامی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانە.