واشنتۆن ئامادەكاری هێرش بۆ سەر ئەتۆمی ئێران دەكات

ئێران خاوەنی سێیەم هێزی سەربازیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

واشنتۆن ئامادەكاری بۆ هێرشی سەر ئەتۆمــــیی ئێران دەكات

ئێران خاوەنی سێیەم هێزی سەربازیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە
 
لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەت لەئیسرائیل لەسەرۆك وەزیرانەوە تاوەزیری بەرگریی و دەرەوە هەڕەشەی ئەوەیان لەئێران كرد كەبەهەموو شێوەیەك بەرەنگاری دامەزراوە ئەتۆمیی و سەربازییەكانی ئەو وڵاتە دەبنەوەو بۆ ئەو مەبەستەش پرس بەكەس ناكەن.
رۆژنامەی (ئیعتیماد) لەئێران ئاشكرای كردووە كە ئیسرائیل ژمارەیەك فڕۆكەی جەنگیی جۆری (ئێف 35)ی لەپەنای گوێی ئێران و لەسنوری ئازەربایجان جێگیركردووە كە ئەوەش ئامانجەكەی روون و ئاشكرایە.
ئەو رۆژنامەیە باسی لەوەش كردووە ئیسرائیل لەو بنكانەی كە لەئازەرەبایجان هەیەتی كامێرای هەستیارو تەكنەلۆژیای پێشكەوتوی بەكارهێناوە و وەك ئەوەی هەموو ئامادەكارییەك بكات بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ لەناوچەكەدا بەتایبەت كەبەشێك لەو ئامێرە پێشكەوتووانە بۆ چاودێریی و سیخوڕیی لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران بەكارهاتووە و هێرشەكانی رابردووی ئەو وڵاتەش بۆ سەر چەند بنكەیەكی سەربازیی و دامەزراوەیەكی ئەتۆمیی بەپشتبەستن بەو تەكنەلۆژیا پێشكەوتووانە بووە.
سوپای پاسداران بەبەردەوامی بانگەشەی ئەوەی كردووە ئیسرائیل لەهەرێمی كوردستان و وڵاتی ئازەربایجان هێرشی دژی ئێران ئەنجامداوەو ئەو سوپایە هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان مانۆڕێكی گەورەی سەربازیی لەسنوری ئازەربایجان ئەنجامداو چەند جارێكیش هەر بەو بیانووەوەو بوونی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هێرشی كردەسەر كۆیە و زڕگوێزو چەند ناوچەیەكی دیكە لەهەرێم.
بەوتەی موهەنەد حاج عەلی، پەرلەمانتاری سوریا بەپێی رێككەوتنێكی سەربازیی كە لەنێوان تاران و دیمەشق لەساڵی 2011 واژۆ كراوە لەئێستادا سیستمی قەڵغانی سەربازیی وڵاتەكە لەلایەن سوپای ئێرانەوە نۆژەن دەكرێتەوەو ئەوەش ئیسرائیلی توڕە كردووە چونكە ئێران و سوریا دەچنە قۆناغێكی نوێ لەبەرەنگاربوونەوەی تەلئەبیب.
 
ئەمریكا و ئیسرائیل بەداربەڕوو هەڕەشە لەئێران دەكەن
لە (24/1/2023) هێزەكانی ئەمریكاو ئیسرائیل مانۆڕێكی سەربازیی هاوبەشیان بەناوی (داری بەڕو) ئەنجامدا كە بەپێی ئەو زانیاریانیانەی كە بڵاوكراونەتەوە مانۆڕەكە هاوشێوەی هێرشكردنەسەر وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران بووەو بۆمبی 100 تۆنی تێدا بەكارهێنراوە.
ئەو مانۆڕە لەبیابانی نەگڤ ئەنجام دراوە كەدەكەوێتە باشوری ئیسرائیل و لەڕووی جوگرافیەوە دەكەوێتە سنوری بیابانی سینا لەمیسر.
ناوەندیی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا لەڕاگەیەنراوێكدا سەبارەت بەو مانۆڕە هاوبەشەی لەگەڵ ئیسرائیل ئاشكرای كردووە؛ 140 فڕۆكەی جەنگیی لەمانۆڕەكەدا بەشداربوون كە فڕۆكەكانی جۆری بۆمبهاوێژی (بی 52) و (ئێف 35) لەخۆ گرتووەو هاوكات 12 كەشتی جەنگیی موشەكهاوێژ بەكارهێنراوە.
ئەو مانۆڕەش لە كاتێكدابوو كە پێشتر رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) و (نیویۆرك تایمز) لەچەند راپۆرتێكی تایبەتدا ئاشكرایان كردبوو كە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا ئەندامانی تیمی ئاسایش و سەربازیی وڵاتەكەی راسپاردووە بۆ تاووتوێكردنی هێرشی سەربازیی دژی وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران.
ئیسرائیل لەسەر ئەو مانۆڕە روون و راشكاو رایگەیاند؛ ئەوە وەڵامێك دەبێت بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران و جموجۆڵە سەربازیی و سیاسییەكانی ئێران لەناوچەكەدا.
ئەگەرچی ئەو مانۆڕانە و لێدوانی توندی بەرپرسانی ئەمریكاو ئیسرائیل ئاماژەن بۆ سەرهەڵدانی وەرچەرخانی نوێ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام میدیای ئێران و بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئەو هەوڵانە بە بانگەشەی فەرماندە سەربازییەكانی تەلئەبیب لەقەڵەمدەدەن و ئەوەش بەهاوشێوەی هەڕەشەكانی ساڵی 2020 ناودەهێنن كە ئامانجی سەرەكیی سیاسەتمەدارانی ئیسرائیل بۆ دەربازبوونی قەیرانی دارایی وڵاتەكەیان بووە.
 
ئازەربایجان لەبەرداشی ئیسرائیل و ئێراندا
ئێران و ئازربایجان زیاتر لە 432 كیلۆمەتر سنوری هاوبەشیان هەیەو ژمارەی دانیشتوانی ئازەربایجان كەزۆرینەیان تورك زمانن و (85%)یان شیعەن لە رووی كۆمەڵایەتی و كەلتورییەوە پەیوەندییەكی قووڵیان هەیە لەگەڵ هاووڵاتیانی تورك لەئێران كەژمارەیان دەگاتە نزیكەی 15 ملیۆن كەس و ئەوانیش هاوشێوەی ئازەرییەكان زۆرینەیان شیعەن و تەنانەت رەچەڵەكی خۆیان بە ئازەری دەزانن بەتایبەت كە ئازەربایجان دوو سەدە پێش ئێستا بەشێك بووە لەخاكی ئێران، بۆیە زۆر ئاساییە پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە دۆستانە بێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە كەوڵاتێكی وەك ئیسرائیل بكرێتە بیانوی سەرەكیی تێكچوونی پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە، دۆستایەتیی 200  ساڵە بۆ دوژمنایەتیی بگۆڕدرێت.

 

ئیسرائیل ساڵی 2019 رێككەوتنێكی سەربازیی، ئەمنیی و هەواڵگریی بەڕەسمی لەگەڵ كۆماری ئازەربایجان ئیمزا دەكات و ئەوەش نیگەرانیی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لێدەكەوێتەوەو سایتی ویكی لیكس ئاشكرای كردبوو كە لەساڵی 2009 ئیسرائیل رێككەوتنێكی لەگەڵ ئازەربایجان كردووە كە بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت باكۆ لەبەرەی جەنگ لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران بێت و پابەندبێت بەڕێككەوتنەكەوە.
 
دۆست و نەیار لەمێژوودا
ئێران لەسەردەمی رەزا پەهلەوی لەساڵی 1947 دوای توركیا دووەم وڵاتی موسوڵمان بووە كەدانی ناوە بەوڵاتی ئیسرائیل بەڵام دوای هاتنەسەركاری سیستمی كۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی 1979 سەرجەم پەیوەندییە بازرگانی و سیاسییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل كۆتایی پێهاتووە.
مێژووی پەیوەندییەكانی تاران و تەلئەبیب دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 70 ساڵ بەر لەئێستا دەگەڕێتەوەو ساڵی 1973 زیاترین بازرگانیی لەنێوانیاندا هەبووەو سەرچاوە مێژووییەكان باس لەوەدەكەن كە پەیوەندیی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) و دەزگای هەواڵگریی سەر بەسیستمی پاشایەتیی ئێران (ساواك) بۆ ساڵی 1956 دەگەڕێتەوەو ئەم قۆناغە بەلوتكەی هاوكاریی ئەو دوو وڵاتە ئەژمار كراوە، بەڵام بەگرتنەدەستی دەسەڵاتی ئێران لەساڵی 1979 لەلایەن كۆماری ئیسلامی پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە بە بەردەوامی گرژیی و توندیی بەخۆیەوە بینیوەو ئەوەش وایكردووە 44 ساڵ تەلئەبیب و تاران هەڕەشە لەیەكتر بكەن.
ئیسرائیل پێی وایە ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمیی، دەبێتە گەورەترین هەڕەشەو مەترسیی بۆ سەر وتەكەی و لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵی هێرشی پێشوەخت دەدات بۆ راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەكانی ئێران، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە؛ لەبەرامبەر هەر جۆرە هێرشێكی ئیسرائیل كاردانەوەیان دەبێت و ئەگەر پێویست بكات هێرش دەكەنەسەر تەلئەبیب و حەیفا داگیردەكەن.
 
سوپای ئێران ژمارەیە
پێگەی گڵوباڵ فایەرپاوەر(Global Firepower) بڵاویكردووەتەوە دوای توركیاو میسر لە رووی هێزی كلاسیكی و باوەوە ئێران بەسێیەم هێزی سەربازیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەژماردەكرێت و لەو ریزبەندیەدا سوپای سعودیە چوارەم و سوپای عێراق  پێنجەم هێزی سەربازیین و دوای ئەوانیش ئیمارات و سوریاو قەتەرو یەمەن دێت.
ئێران خاەنی 610 هەزار هێزی چەكدارەو 350 هەزار هێزی یەدەگی هەیە بەپێنجەم سوپای جیهان و یەكەم هێزی رۆژئاوای ئاسیا ئەژماردەكرێت كەزیاترین چەكداری هەیە.
لەڕیزبەندیی نێوان 145 وڵاتی جیهاندا سوپای توركیا دەكەوێتە پلەی یانزەیەمین و میسر چواردەیەمین و سوپای ئێران دەكەوێتە ریزبەندی حەڤدەیەمین وڵات لە رووی بەهێزی هێزی سەربازیی و ژمارەی چەك و كەرەستە جەنگییەكانی.
ئەوەی مایەی سەرنجە ئیسرائیل كە ئێران بەدوژمنی ژمارە یەكی خۆی لەناوچەكەو جیهان دەزانێت بەهەژدەیەمین هێزی سەربازیی جیهان لەدوای سوپای ئێران ئەژماردەكرێت.
لەكاتێكدا پێوەری هێزی كلاسیكی ژمارەی سەربازو  چەك و فڕۆكەی جەنگیی و تانك و زرێپۆشی و بەگشتی ژمارەی چەك و كەرەستەكانە لەكاتێكدا ئێران بەهۆی ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی لەسەری بووە 44 ساڵە نەیتوانیوە وەك پێویست بەتایبەت لەبواری فڕۆكەی جەنگی و قەڵغانی دژەموشەكی و زۆر ئامێرو كەرەستەی ستراتیژیی خۆی نۆژەن بكاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار