کوردستان؛ ساڵی ڕابردوو42هەزار هاوسەرگیری و 9هەزار حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە

2 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتح
 بەپێی ئەو ئامارەی دەست رۆژنامەی هاوڵاتی كەوتووە، لە نۆ مانگی ساڵی رابردوودا نزیكەی 42 هەزار حاڵەتی هاوسەرگیری تۆماركراوەو لەبەرامبەردا زیاتر لە نۆ هەزار حاڵەتی جیابوونەوە تۆماركراوە.
سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانەوە بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند: تائێستا ئاماری نۆ مانگی ساڵی ٢٠٢٢ لەبەردەستدایەو بەمنزیكانە ئاماری تەواوی ساڵەكە ئامادەدەكەن و بڵاویدەكەنەوە، بەپێی ئەو ئامارە لەسەرەتای ساڵی 2022 تاوەكو مانگی ئەیلول لەهەرێمی كوردستاندا 41 هەزارو 739 حاڵەتی هاوسەرگیری تۆماركراوە.
بەمشێوەیە، ١٤ هەزارو ٣٩٩ مارەبڕین لەهەولێرو ١٥ هەزارو ١١٩ لەسلێمانی و دوو هەزارو ١٤٦ لەكەركووك-گەرمیان و 10 هەزارو ٧٥ مارەبڕینیش لەدهۆك بووە.
هەر بەپێی ئەو ئامارە لەنۆ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا لەهەرێمی كوردستان دوو هەزارو ١٧٨ حاڵەتی مارەبڕینی دەرەكی تۆماركراوە.
هاوكات هەر لەو ماوەیەدا ٦٢حاڵەتی رێپێدان بەژنی دووەم تۆماركراوە كە ٣١حاڵەت لەهەولێرو ١٢حاڵەت لەسلێمانی و ١٩حاڵەت لەدهۆك و هیچ حاڵەتێكیش لەكەركووك-گەرمیان تۆمار نەكراوە.
هاوكات لەنۆ مانگی سەرەتای ٢٠٢٢دا نۆ هەزارو ٥٥٩ حاڵەتی جیابوونەوە لەدادگاكانی هەرێمی كوردستاندا تۆماركراوە كەسێ هەزارو ٧١٤حاڵەت لەهەولێرو سێ هەزارو ٧٥٧حاڵەت لەسلێمانی و ٨٩١حاڵەت لەكەركووك-گەرمیان و هەزارو ١٩٧حاڵەتیش لەدهۆك بووە.
سەبارەت بەهاوسەرگیری دووەم عەبدوڵا شێركاوەیی بەرپرسی راگەیاندنی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «بەپێی زانیاری من هەیەو زۆریشە بەڵام رەنگە هەموو وەك ئامارو داتا بەردەست و دیار نەبێت.
وتیشی: «لەكوردستان یاسا مەرجی قورسی بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری دووەم دیاریكردووە،  بۆیە كەسانێك هەن ئەم پرۆسەیە دەبەنە لای دادگاكانی دەرەوەی هەرێم بۆیان دەكرێت، بەڵام لەم پرسەدا یەكێتی زانایان تەداخول ناكات لەبەرئەوەی ئەم بابەتە زیاتر پەیوەسە بەدادگاكان».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: «ساڵی ٢٠٢٢، سێ هەزارو ١٤٨ سكاڵاو داوای جیابوونەوە رووی لەلیژنەكانی فەتوا كردووە، بەڵام پاش چەندین هەوڵدان توانراوە بەشێكی زۆریان بگەنە چارەسەرو جیانەبنەوە، كە لەناو ئەم ژمارەیەدا هەزارو ٦٠٤حاڵەتیان بەتەڵاق و جیابوونەوە كۆتایی پێهاتووە، هۆكارەكانی تەڵاق و جیابوونەوە یەكجار زۆرن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردن و بڕیاردانی هەڵە لەپرۆسەی دەستنیشانكردنی هاوسەری ژیان، هەروەها ئەنجامدانی پرۆسەكە لەتەمەنی زوودا».
هاوكات، شۆخان حەمەڕەشید، پارێزەری راوێژكار لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «ئامارەكان هەموو ساڵێك روو لەزیادبوونەو رێژەی هاوسەرگیری و تەڵاق و جیابوونەوەش زیاد دەكات و بەپێی تازەترین ئامار لەهەر چوار هاوسەرگیرییەك، هاوسەرگیرییەك بەجیابوونەوە كۆتایی پێدێت، واتە بەشێوەیەكی گشتی یەك لەسەر چواری هاوسەرگیری لەهەرێمی كوردستان بەتەڵاق و جیابوونەوە كۆتایی پێدێت».
وتیشی: زۆربەی ئەو حاڵەتانەی كە جیادەبنەوە بەڕێژەیەكی زۆر ئەوانەن كە لەتەمەنێكی منداڵیدا هاوسەرگیرییان كردووە».
ئەمە لەكاتێكدایە كە لە ٢\١\٢٠٢١ تا ٣١\١٢\٢٠٢١، لە دادگاكانی هەرێمی كوردستاندا ٥٤هەزارو ٨٣٧ مارەبڕین ئەنجامدراوە، هاوكات لەساڵی ٢٠٢١دا دوو هەزارو ٨٨٥ حاڵەتی مارەبڕینی دەرەكی تۆماركراوە، هاوكات لەساڵی 2021دا 11 هەزارو 699 حاڵەتی جیابوونەوەش تۆماركراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار