کتێبەکەی پۆمپیۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا تووشی شۆک دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هێرش جەلال
 مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریكا، بەبڵاوكردنەوەی كتێبێك بەناوی «هیچ كاتێك سازش مەكە؛ بۆ ئەمریكای خۆشەویست تێبكۆشە» چەندین پرسی گرنگی ناوخۆیی ئەمریكاو پەیوەست بەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی، سعودیە، پاكستان، هیندستان و توركیای وروژاندوە، بەڵام ئەو بەشەی كەباسی رۆژئاوای كوردستان و سوریا دەكات، نیگەرانی و كاردانەوەی توندی بەرپرسانی توركیای لێكەوتەوە.
مایك پۆمپیۆ لەكتێبەکەیدا باس لەسەردانێكی بۆ ئەنقەرە كردووە لەگەڵ مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا لەمانگی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩، بۆ ئەوەی توركیا لەبارەی ئاگربەستی سوریا رازی بكەن و ئاماژەی بەوەكردووە كەچۆن قەناعەتی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كردووە.
پۆمپیۆ دەڵێت: كاتێك گەیشتینە كۆشكی ئەردۆغان، وتی دەیەوێت بۆ ماوەی چەند خولەكێك، بەتەنیا لەگەل مایك پێنس قسە بكات، دوای نیو كاتژمێر وتم، هەرچۆنێك بێت پێویستە جێگری سەرۆك ببینم. ٢٠ خولەكی پێچوو و دواتر هەوڵمدا دەرگای ئەو ژوورە بكەمەوە كە پێنس و ئەردۆغان تێیدا كۆببوونەوە، دەرگاكە داخرابوو، دواتر بەهاوڕێكانم گوت دەرگاكە دەشكێنین».
پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەشكرد، تیمە ئەمنییەكەی نیگەران بوون لەوەی دەسەڵاتدارانی توركیا كاردانەوەی شەڕانگێزانەیان هەبێت لەكاتی هەوڵی شكاندنی دەرگاكەدا، بەڵام ئاسایشی كۆشكەكەی ئەردۆغان بەخێرایی رێگەی پێداوە بچێتە ژوورەكەوەو بەرپرسانی ئەمریكاش بەشداربوون لەكۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان و پێنس. لەو كاتەدا پێنس ئاگاداری كردووەتەوە كە رێككەوتنێكی كاتی ئاگربەست لەسوریا ئەنجامدراوە.
 
هاوپەیمانی ئەمریكاو هەسەدە
مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریكا لەبەشێكی دیكەی كتێبەكەیدا باسی لەشەڕی رەققە كردووە كە ئەو كاتە پایتەختی خەلافەتی تیرۆریستانی داعش بووەو دەڵێت، « لە ساڵی ٢٠١٧دا دانوستان لەنیوان ئیدارەی ترەمپ و بەرپرسانی توركیا هەبوو، بۆ ئامادەكردنی نەخشەڕێگەیەك بۆ ئەوەی رەققە لەدەستی داعش دەربهێندرێت.
پۆمپیۆ بەئاماژەدان بەوەی كە واشنتۆن لەو ماوەیەدا دوو بژاردەی لەبەردەستدابوو، یان لەگەڵ هاوپەیمانە كوردەكانی ئەمریكا، كەبریتی بووە لەهێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە)، یان لەگەڵ سوپای توركیا پێویست بوو كاربكەن.
پۆمپیۆ سەبارەت بەپرۆسەكە نووسیویەتی؛ «رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاو هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا (میت)، چەندین جار پەیوەندییان پێوەكردم و وتیان، ‹هەسەدەو پەكەكە هیچ جیاوازییەكیان نییە.› دەیانگوت ئەگەر ئەمریكا پشتیوانی لەقەسەدە بكات، ئەوا پەیوەندییەكانمان تێكدەچێت».
پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەدا كەپنتاگۆن باوەڕی بەوە نەبووە كەهێزەكانی سوپای سوریای ئازاد كەتوركیا پشتگیری دەكات، ئەوەندە بەهێزبن كە بتوانن داعش تێكبشكێنن، بۆیە هاوكارییان لەگەڵ هێزەكانی هەسەدە هەڵبژاردووە.
 
فیدان و كالن كۆبوونەوەكەیان بەجێهێشت
مایك پۆمپیۆ لەكتێبەكەیدا ئەوەشی ئاشكراكردووە كەبڕیارەكەی ئەمریكا بەرپرسانی توركیای زۆر تووڕە كردووەو پەیوەندییەكانیان تێكچووە و وتی، « كاتی ئەوە هاتبوو، بڕیارەكە بە بەرپرسانی توركیا رابگەیەنین كە لەگەڵ هەسەدە دەست بەئۆپراسیۆنی رەققە دەكەین. لەژوورێكدا كۆبووینەوە، تاوەكو ئێستا تووڕەییەكی بەم ئەندازەیەم نەبینیبوو كە لەتەقینەوەیەك دەچوو.
ئیبراهیم كالن وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیاو هاكان فیدان سەرۆكی میت لەكۆبوونەوەكەدا بوون، كەبڕیارەكەمان راگەیاند، بەپەلە هەستان و كۆبوونەوەكەیان بەجێهێشت و ئەوەش بۆ پەیوەندیەكانمان باش نەبوو».
 
چاوشئۆغلۆ: پۆمپیۆ درۆ دەكات
زانیاریەكانی نێو كتێبەكەی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریكا، بەرپرسانی توركیای تووڕە كردووە و لەسەر ئاستی باڵاو ناوخۆدا كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناو دواجار لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە وەڵامی پۆمپیۆ درایەوە.
مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا، بەشێوەیەكی فەرمی وەڵامی پۆمپیۆی دایەوەو وتی، « بڕوام وایە پۆمپیۆ ئەم كتێبەی بۆ ئەوە ئامادە كردووە كەخۆی بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا كاندید بكات. ئەو نووسینەی لەبارەی توركیاوە هەیە، راست نین. من بەشێوەیەكی دیپلۆماسی قسە دەكەم، بەڵام ئێوە دەتوانن بەئاسانی بڵێین درۆ دەكات».
پیشاندانی لاوازی توركیا لەدژی داعش ئەردۆغانی زۆر تووڕە كردووە
چاوشئۆغلۆ باسی ئەوەشی كرد كەئەردۆغان رەخنەی توندی لەكتێبەكەی پۆمپیۆ گرتووە كە دەڵێت، ‹ ئەمریكا لەشەڕی دژی داعشدا، توركیای لاواز بینیوەو لەگەڵ كوردەكاندا كاری كردووەو ئاماژەی بەوەداوە، « جێگەی سەرسووڕمانە كە لەكتێبەكەدا باسی ئەوە دەكرێت، توركیا ناتوانێت لەدژی داعش شەڕ بكات. سوپای توركیا بەتەنیا سوپایەكی نێو ناتۆیە كە راستەوخۆ لەدژی داعش شەڕی كردووە. كاتێك ئێمە لەسوریا دژی داعش دەوەستاینەوە، ئەمریكا داعشەكانی بۆ ئەفغانستان دەنارد. ئەوانەی ئەمڕۆ لەئەفغانستان كاری تیرۆریستی دەكەن، ئەو كەسانەن.

سوپای توركیا دووەم هێزی ناتۆیەو هێزەكەی دیارە».
چاوشئۆغلۆ لەبارەی قسەكانی پۆمپیۆ كەخەریك بووە دەرگای ژووری كۆبوونەوەكەی ئەردۆغان و پینس بشكێنێت و دەڵێت، « منیش لەوێ بووم و بینیمان كە پۆمپیۆ نیگەران بووە، بەڵام وەك پرۆتۆكۆل پێویست بوو پینس و ئەردۆغان بە تەنیا كۆببنەوە و ئەوەمان بە پۆمپیۆ راگەیاند».
چاوشئۆغلۆ بەڵام باسی ئەوەی نەكرد كە پۆمپیۆ هەوڵیداوە، دەرگای ژووری كۆبوونەوەكە بشكێنێت.
**كەئەردۆغان رەخنەی توندی لەكتێبەكەی پۆمپیۆ گرتووە كە دەڵێت، ‹ ئەمریكا لەشەڕی دژی داعشدا، توركیای لاواز بینیوەو لەگەڵ كوردەكاندا كاری كردووەو ئاماژەی بەوەداوە، « جێگەی سەرسووڕمانە كە لەكتێبەكەدا باسی ئەوە دەكرێت، توركیا ناتوانێت لەدژی داعش شەڕ بكات. سوپای توركیا بەتەنیا سوپایەكی نێو ناتۆیە كە راستەوخۆ لەدژی داعش شەڕی كردووە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار