جەهەپە لە پرسی لە هەڵبژاردنەکاندا دەیەوێت لەگەڵ هەدەپە کاربکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

جێگری سەرۆکی گشتی جەهەپە رایگەیاند، بۆ پرسی هەڵبژاردن پەیوەندی بە هەدەپەوە دەکەن و وتی، دەیانەوێت لەگەڵ هەدەپە کار بکەن.
بولەنت کوشئۆغڵۆ جێگری سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، ئاماژەی بە پەیوەندیەکانی پارتەکەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کرد.
کوشئۆغڵۆ ئاماژەی بەوەکرد، کارێکی هەڵەیە ئەگەر هەدەپە لە دەرەوەی هاوکێشەکان بهێڵنەوە و وتی، " بێگۆمان لەگەڵ هەدەپە گفتوگۆ دەکەین. هەدەپە رۆلێکی کلیل و یەکلاکەرەوەی لەم هەڵبژاردنەدا هەیە. "
جێگری سەرۆکی جەهەپە دەشڵێت، ئەوان هاوپەیمانیان لەگەڵ هەندێک پارت و لایەندا کردووە کە بە تەنیا لەسەدا یەک و کەمتر دەنگیان هەیە، بەڵام هەدەپە خاوەنی ١٠٪ی دەنگەکانە، بۆیەش پارتێکی گرنگە و بێگۆمان پەیوەندییان پێوە دەکرێت.
ئەو بەرپرسەی جەهەپە رەخنەی لە بڕینی بودجەی هەدەپە لەلایەن دادگای دەستووری تورکیا گرت و ئەوەی خستەڕوو، " هەدەپە هەرچیەک بێت، پارتێکی تورکیایە. هاوڵاتیانی تورکیا دەنگیان پێداوە. ئێمەش پەیوەندیان پێوە دەکەن. پەیوەندیمان لەگەڵ زۆر پارت هەیە. هەرچەندە هەدەپە بەشێک نییە لە هاوپەیمانی گەل، بەلام لە پرسی هەڵبژاردنەکاندا دەتوانین کارێک پێکەوە بکەین."
هەڵبژاردنەکانی تورکیا رۆژ بە رۆژ نزیک دەبنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی کاندیی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئاشکرا نەکردووە، لە میدیاکانی تورکیادا باسی ئەوە دەکرێت کە پێدەچێت ئەگەر هاوپەیمانی گەل کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە کاندید بکەن، هەدەپەش دەنگی پێبدات.
کۆتایی مانگی کانونی دووەم، هاوپەیمانی گەل پرۆگرامی حکومەتەی ئاشکرا کرد، هەرچەندە بۆ پرسی کورد هیچ هەنگاوێکی تێیدا نەبوو، بەڵام دوو خاڵی گرنگی بۆ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەدی دەکرێت.
خاڵی یەکە  ئەوەیە کە بە مادەیەکی دەستووری، پرسی قەیوم قەدەغە بکرێت کە کارمەندێکی حکومەتی لە جێگەی کەسێک دابنرێت کە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە. ئەوەش وادەکات کە دەست بەسەر هیچ شارەوانی و پۆستێکی ئیداری هەدەپەدا نەگیرێت.
خاڵی دووەم ئەوەیە کە هەموو بڕیارەکانی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە جێبەجێ بکرێن. دادگای بالای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا چەندین جار داوای کردووە کە دەمیرتاش و زیندانیانی دیکەی سیاسی لە تورکیا ئازاد بکرێن، بەڵام حکومەتی تورکیا رەتی دەکاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار