سەردەمی کۆتاییهاتنی دیکتاتۆرییەت لەئێران!

ئاوڕدانەوەیەک لەڕاپەڕینی خەڵک و رەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆریەتێک لەئێراندا!

یەک ساڵ لەمەوپێش



عبدولڕەحمان گەورکی

خەڵکی ئێران چوارەمین مانگی راپەڕینیان تێپەڕاند. کۆدەنگی بیروڕای گشتی ئەوەیە کەدەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی بەرەو کۆتاییدایە! ئێستا لەڕێڕەوی بەرەوپێشەوەچوونی راپەڕینی گەل، مشتومڕی گەرمی رۆژ لەسەر پرسی «ئەڵتەرناتیڤ»ی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتە. بەڵام سەرباری ئەم پێشکەوتنە گرنگە، هێشتا هەندێک شت ماون بۆ باسکردن و بیرکردنەوەو بڕیاردان. چونکە قۆناغی دووەم، واتە «ئەڵتەرناتیڤ»، کاتێک دێتە ئاراوەو وەڵام وەردەگرێتەوە کە «کەلێنەکان» پڕکرابێتنەوە لەپەیوەندی لەگەڵ رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریداو هەموو رێگاکان بەسەر گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆرییەت داخرابن.

دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبیی ویلایەتی فەقیهی بەو کارنامە رەشەی هەیەتی لەهەمبەر مافەکانی خەڵکی ئێران، نەک هەر بەئاسانی مل بە «ڕووخاندن» نادات، بەڵکو دەستبەرداری هیچ پیلانگێڕییەک نابێت بۆ مانەوەی لەدەسەڵات. هەوڵدەدات بە «دەمامک»ی جیاوازەوە و بەفێڵ و هەڕەشەکردن بەر بەڕاپەڕینی گەل بگرێت کەهەنگاو بەرەوپێشەوە نەنێت و نەچێتە قۆناغی دووەمەوە.

«ریفۆرمخوازی» و داتاشینی «ئۆپۆزسیۆن» دەمامکگەلێکن کەئێستایشی لەگەڵدا بێت دەسەڵاتی دیکتاتۆر بەکاریدەهێنێت دژ بەخەڵکی ئێران و نەیارانی دەسەڵات. یەکێکیان لە «ناوەوەی دەسەڵات» و ئەویتریان لە «دەرەوەی دەسەڵات». دەسەڵاتی دیکتاتۆر جگە لەسەرکوتکردن و کوشتار لەناوخۆی ئێران، هەوڵدەدات کەش و هەواکە تەمومژاوی بکات و «سەر» و «جەستە» لێک جیابکاتەوەو هێزە رەسەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، کە سەرچاوەی سەرەکیی بۆ «ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتی»، بەشەیتان بکات و سیمای راستەقینەیان بشێوێنیت و جێگەو پێگەیان پێ لەق بکات و بیانخاتە پەڕاوێزەوە!

لەڕاپەڕینی جەماوەری ساڵی 2017دا دەمامکی «ڕیفۆرمخوازی» لەسەر رووخساری دەسەڵاتی دیکتاتۆر لابراو دیکتاتۆر ناچار بوو «ئیبراهیم رەئیسی» بخاتەسەر کورسی سەرۆکایەتیی کۆمار. لەڕاپەڕینی جەماوەری ساڵی 2019دا دەمامکێکی دیکە لەسەر رووخساری دیکتاتۆر لادراو لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە، (بەدیلی دەستکرد)ی زلهێزە دەرەکییەکان، کەخۆی وەک «نەیاری دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی»دەردەخست، بەتایبەت پاشماوەکانی دەسەڵاتی رووخێندراوی حەمەڕەزاشای دیکتاتۆر... ریسوا کرا. چونکە بەپێی زۆرێک زانیاریی حاشاهەڵنەگر، ئەو دوو جۆرە دیکتاتۆرییە هاوبیرو هاوکردارن لەسەر پێشێلکردنی ئازادییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی ئێران و لەئەنجامدا بەتاڵانبردن و کوشتارکردنی خەڵک.

ئەزموونێکی پڕ لەئازارە کەئێستا خەڵکی ئێران بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبیی بڕووخێنن، دەبێ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پێشوو لەزبڵدانی مێژوودا بهێڵنەوەو هاوتەریب لەگەڵ شەڕی دژ بەدەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی، نەهێڵن پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پێشوو بێن بەهانای دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینییەوە!

هەردوو رەوتی دیکتاتۆری وا خۆیان نیشاندەدەن کە خەڵک دەبێت یەکێک لەدوو بژاردەیە قبووڵ بکەن: «دیکتاتۆریی پاشایەتی» یان «دیکتاتۆریی ئایینی». بۆ ئەم مەبەستە بەهەموو جۆرە فێڵ و دەمامکێکەوە دیمەنەکە هێندە ناڕوون دەکەن کە بەشێواندنی بەهاو کولتوورە رەسەنەکانی گەل، دەیانەوێت پرۆسەی راپەڕین «خاو» بکەنەوەو ئەگەریش بتوانن راپەڕین بە»لارێدا» بەرن و «کپ»ی بکەن و دووبارە خەڵکی ئێران بێبەش بکەن لەگەیشتن بەدەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتی. هەربۆیە بەئەزموون سەلمێنراوە کە رەوتە دیکتاتۆرییەکان هەمیشە تەواوکەرو یارمەتیدەری یەکتر بوون و لەلایەن رەوتە کۆلۆنیالیزمەکانیشەوە پشتیوانی و بەهێز کراون!

هەرچەندە لەسەرەتای مانگی پێنجی راپەڕینی جەماوەریدا، دیمەنی راستەقینەی راپەڕینی خەڵکی ئێران لەهەموو کاتێک زیاتر «شەفاف»ترو دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی گۆشەگیرتر، هێزە هەلپەرستەکان ریسواکراون، بەڵام دۆخی سیاسی هێشتا «ناسەقامگیر»ەو پڕە لەشەپۆلی جۆراوجۆری پلان و بەرنامە کە «شوێن پێ»ی دیکتاتۆرییەت لەبەردەمیاندا هەستی پێدەکرێت.

گومانی تێدا نییە کەئاسۆ روونترە لەوەی ئێستا دەبینرێت لەئێران. ئەو هێزانەی «هەڵقوڵاوی گەل» و «دڵسۆزی گەل» نین، نامێنن. رەنگە هێشتا هەندێک دیمەنی سەرنجڕاکێش و هەندێکجاریش گاڵتەجاڕانەتر لەئارادا بن کە رووی نەدابێت. بەڵام ئەوەی لەکۆتاییدا دەمێنێتەوە، هێزی رەسەن و جەماوەری و دیموکراتییە. خەڵکی ئێران بڕیاری شۆڕشی داوە لەکۆمەڵگادا دژ بەدیکتاتۆرییەت و ئەمکارەش دەکەن و ناکشێنەوە. هێزی کورتبین و کورتخایەن و بێ رەگ و ریشە لەمەیدانەکە دووردەخرێنەوە! چونکە سەردەم، سەردەمی یەکلاییبوونەوەی هێزو لایەنە سیاسییەکانەو زۆریش خێرایەو بێگومان راستییەکان رەحم بههیچ هێزو لایەنێک ناکات!

بەڕاستی ئایا دەکرێت بانگەوازی خەڵک بکرێت بۆ رووخاندنی دیکتاتۆری دەسەڵاتدار، بەبێ «نکۆڵیکردن لەدیکتاتۆریەتێک لەڕابردوودا»؟ ئایا دەکرێت ئیدیعای سەرکردایەتی سیاسی راپەڕین بکرێت بەبێ هەبوونی «ڕێکخستن» و «دەزگای رێبەرایەتیکردنی راپەڕینی جەماوەری» و بەبێ «ئامادەبوون لەگۆڕەپانی راپەڕین» دا؟ ئایا دەکرێت بەبێ ئەوانە راپەڕین بپارێزێت لەپیلان و هێڕش و هەڕەشەی دیکتاتۆرییەت؟ یان ئایا دەکرێت بانگەوازی خەڵک بکرێت بۆ رووخاندنی دیکتاتۆر بەبێ ئەوەی خۆت دەستەویەخەی دیکتاتۆرییەت نەبیت؟

نەخێر، هەرکەس و هەر لایەنێک کە لەڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە و تاسەر ئێسک دژ بەدیکتاتۆرییەت نەبێت لە رابردوو و ئێستاو داهاتوودا، ناتوانێت هەڵقولاوی گەل و لەخزمەت گەلدا بێت. سەردەمی هەلپەرستی کۆتایی هاتووە و دۆخەکە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دواوە. رەوتی «بێ ریشە» و «هەلپەرستی» و «دیکتاتۆردۆستی»، کە بەئیدیعاو دروشمی جۆراوجۆرەوە، گۆڕەپانی راپەڕێن و شۆڕش نادیارو تەمومژاوی دەکەن بەسوودی دیکتاتۆرییەت، نەک هەر برینە قووڵەکانی خەڵکی ئێران ساڕێژ ناکەن، بەڵکو دەبنە بەشێک لەبرین و ئازارەکان خەڵکی ئێران!

لەکاتێکدا خوێنی خەڵک لەسەر شەقامەکانی ئێران دەچۆڕێت و دەڕژێت، داتاشینی ئەڵتەرناتیڤ، درووشمی لادەرانە، کردنەوەی میدیاو بەکارهێنانیان لەدژی «ئەڵتەرناتیڤی جەماوەری و دیموکراتی» جگە لەخزمەتی دیکتاتۆرییەت هیچی تر نەبوون و هیچی تریش نین. دیکتاتۆری دەسەڵاتداری ئێران بۆ مانەوەی لەدەسەڵات و پێشگرتن لەڕووخاندن، بەهاندان و هەڕەشەکردن و شێواندنی راستییەکان و سانسۆر لەدژی راپەڕینی گەل، هەوڵی راکێشانی خەڵکان دەدات بۆ ئەوەی دژی موقاوەمەتی رەسەنی خەڵکی ئێران هەڵوێست لەخۆیان نیشان بدەن. لەفێڵەکانی دیکتاتۆری دەسەڵاتدارو کرێگرتەکانی دیکتاتۆر ئەوەیە کە لەژێر ناوی «ئۆپۆزسیۆن!»، «ڕاپەڕینی گەل بێ سەرکردایەتی»، «راپەڕینکاران بەتوندوتیژ» بنوێنێت و داواکارییەکانی پێشووی خەڵک لەجێی «خواست و ویستی سەرەکیی گەل» (واتا رووخاندنی دیکتاتۆرییەت) دابنێت و بەمجۆرە رێگری بکات لەڕووخاندنی دەسەڵات و گەیشتنی خەڵک بەدەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتی.

بەخۆشییەوە خەڵکی ئێران ئێستا وریان و بەپێچەوانەی راپەڕینی دژە پاشایەتی ساڵی ١٣٥٧ (1979)، زۆر باش دەزانن (چییان دەوێت) و بۆچی ئامادەنین گۆڕەپانی راپەڕین بەجێبهێڵن. راپەڕینی جەماوەری کاتێک بەرز دەبێتەوە بۆ ئاستی شۆڕش کە (بەدیلی رەواو جێ متمانە و دیموکراتی)، جێی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە بگرێتەوە. ئەگینا هەروەک راپەڕینی دژە پاشایەتیی ساڵی ١٣٥٧، کەسێکی وەک (خومەینی) قوت دەکرێتەوە کە بەدزینی دەستکەوتەکانی راپەڕینی گەل، دیکتاتۆرییەتێکی خراپتر بەسەر ئێران و خەڵکی ئێراندا بسەپێنێت.

خەڵکی ئێران خوازیاری ئازادی و دیموکراسی، وەدیهاتنی مافی شارومەندی و شارستانییەت، بەدیهێنانی مافەکانی ژنان و مافی یەکسانی ژنان و پیاوان، مافە نەتەوەییەکان، مافی ئایین و ئایینزاکان، جیابوونەوەی دین و ئایین لەدەوڵەت (سکۆلاریزم) ، فرەچەشنی (پلۆرالیزم) و پێکەوەژیانی ئاشتیانەن لەناوەوەو دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و هەروەها ئاشتی لەگەڵ وڵاتان و بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار