خامنەیی لێخۆشبون بۆ بەشێک لە دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان دەردەکات
عەلی خامنەیی
2 ساڵ لەمەوپێش
رێبەری کۆماری ئیسلامی بڕیارى لێبوردنی گشتی و مەرجدار بۆ دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان دەردەکات و لێبوردنەکە لە 11ی ئەم مانگە جیبەجی بکرێت.
بەپێی پێشنیاری موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە بڕیار وایە 11ی ئەم مانگە هاوکات لەگەڵ ساڵرۆژی (شۆڕشی کۆماری ئیسلامی) لە ئێران، لێبوردنی گشتی بۆ دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان دەربکرێت.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاوی کردوەتەوە؛ ئازادکردنی دەستگیرکراوان بە مەرج دەبێت، بەو پێیە دەبێت هیچ دەستگیرکراوێک تۆمەتی سیخوڕی لەسەر و راستەوخۆ لەگەڵ دەزگاهەواڵگریە بیانیەکان پەیوەندیی نەبوبێت و تۆمەتی کوشتن و بریندارکردنی لەسەر نەبێت.
هاوکات مەرجەکانی دیکە ئەوەن کە ئەو دەستگیرکراوانە سکاڵایان لەسەر تۆمار نەکرابێت و لە شەقام و شوێنە گشتییەکان ئاگری نەکردبێتەوە وهێرشی نەکردبێتە سەر دەزگا و دامەزراوەکانی حکومییەکان.
ئەمە لەکاتێکدایە لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە تا ئێستا نزیکەی 20هەزار کەس دەستگیرکراون کە چارەنوسی زۆربەیان ناڕونە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتیش ئاماژەیان بەوەکردوە کە لانیکەم شەش هەزار کەس لەو بەشەی کوردستان دەستگیرکراون.