ئەكادیمیای زانستیی توركیا: پێشتر دەسەڵاتمان لەبوومەلەرزەی وێرانكەر ئاگاداركردەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هێرش جەلال
 
سەرلەبەیانی ٦ی ئەم مانگە چەند بومەلەرزەیەكی بەهێز باكورو رۆژئاوای كوردستانی هەژاندو كارەساتێكی گەورەی مرۆیی لێكەوتەوە، ناوەندی بومەلەرزەكە باكوری كوردستان بوو، ئەندامێكی ئەكادیمیای زانستی توركیا دەڵێت: پێشتر هۆشداریمان لەڕوودانی بومەلەرزەی بەهێزو كارەساتبار لەو ناوچەیە بەدەسەڵات داوە بەڵام هیچ ئامادەكارییەكی پێشوەختە نەكراو گوێیان لێ نەگرتین و ئێستاش هەموولایەك ئاگاداردەكەمەوە كەئەو ناوچانە، شوێنی مەترسیدارن و پێشبینی بومەلەرزەی دیكەش لەوێ دەكرێت.
یەكەم بومەلەرزە كاتژمێر 4:17 بەگوڕی ٧.٧ ناوچەی پازارجكی پارێزگای مەرەش، دووەم بومەلەرزە كاتژمێر 4:26 بەگوڕی 6.4 ناوچەی نورحەقی دیلۆك (عەنتاب) و سێیەم بومەلەرزەش كاتژمێر 4:36 بە گوڕی ٥.٥ ناوچەی ئیسلاحیەی دیلۆكی (عەنتاب) باكوری كوردستانی هەژاند.
بومەلەرزەكان لەقۆڵایی هەشت بۆ پێنج كیلۆمەتر لەژێر زەوی روویانداو هەرسێكیان زیاتر لەخولەكێك بەردەوام بوو. لەگەڵ پارێزگاكانی دیلۆك و مەرەش، بومەلەرزەكان كاریگەریەكی زۆریان لەسەر پارێزگاكانی، ئامەد، سەمسور، روحا، مێردین، سێرت، شڕنەخ، كلس، مەلەتی، عوسمانیە، هاتای و ئەدەنەی باكوری كوردستان و توركیا دروستكرد.
لەئاستی دەرەوەشدا، بەشێوەیەكی زۆر كاریگەر، شارەكانی، حەلەب، حەما، لازقیە، ئیدلب و تەرتوسی سوریاو عەفرین و كۆبانێی رۆژئاوای كوردستانی گرتەوە. هەروەها لەشارەكانی دهۆك و هەولێر بەئاسانی هەستی پێكرا و كاریگەری لەسەر پارێزگای سلێمانیش هەبوو. بومەلەرزەكان هەروەها بوونە هۆی ئەوەی هێڵی نەوتی كەركوك-جەیهان دابخریت و حكومەتی هەرێم سێ رۆژ پشووی فەرمی راگەیاند. بومەلەرزەكان لەدەریای ناوەڕاستدا قوبرسی گرتەوە و تاوەكو لوبنان، ئیسرائیل، فەڵەستین، عەممان و میسریش درێژ بووەوە. بەو پێیەش وەك یەكێك لەگەورەترین بومەلەرزەكانی جیهان پێناسەكرا.
جگە لەوە هەمان رۆژ كاتژمێر ١٣:٢٤ بومەلەرزەیەكی دیكە بەگوڕی 7.6 ناوچەی ئەلبیستانی پارێزگای مەرەشی هەژاندەوە.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی كارەساتە سروشتییەكانی توركیا (ئافاد)، لەباكوری كوردستان و توركیا بەهۆی بومەلەرزەكەوە  زیاتر لەچوار هەزارو 540 كەس گیانیان لەدەستداوەو 26 هەزارو 720 كەسیش برینداربوون. هەروەها نزیكەی شەش هەزار باڵەخانەش داڕماون و زیان بەر ١١ هەزارو ٣٠٢ باڵەخانەی دیكەش گەیشتووە.
لە رۆژئاوای كوردستان و سوریاش، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی سوریا هەزارو ٦٠٠ كەس گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی چوار هەزار كەسیش برینداربوون. عەفرین یەكێك لەو شارانەی رۆژئاوای كوردستانە كە زیاترین زیانی بەركەوتووە كەنزیكەی ٦٠ كەس گیانیان لەدەستداوە.
 
لێقەوماوان یارمەتی پێویستیان پێنەگەیشت
هاوكات لەگەڵ بومەلەرزەكان، كەشوهەوایەكی سارد، باران و بەفرێكی زۆر باكوری كوردستانی گرتووەتەوە. لەزۆربەی پارێزگاكان و ناوچەكانیان، پلەی گەرما لەژێر سفرەوەیە، زۆربەی هاووڵاتیان ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە و بەرەو گوندەكان بەڕێكەوتوون، ئەوانەی كە لەشارەكاندا ماون، لەنێو ئۆتۆمبێلەكانیان و مزگەوتەكاندا ژیان بەسەردەبەن، زۆربەی دوكان، نانەواخانەو ماركێتان وێران بوون، یاخود داخراون و بەو هۆیەوە قەیرانێكی گەورەی خۆراك و پێداویستییە سەرەتاییەكانیش دروستبووە.
ئیدریس شاهین وتەبێژی پارتی دیموكراسی و پێشكەوتن (دەڤا)، رایگەیاند، حكومەت تاوەكو ئێستا هاوكاری و یارمەتی پێویستی پێشكەش بەلێقەوماوان نەكردووەو وتی: « جگە لەوە كەخواردن، پۆشاك، ئامێری خۆگەرمكردنەوە و پەناگەی وەك كۆنتەینەر بۆ زیانلێكەوتووان دابین نەكراوە، هەروەها هەڵمەتی گەڕان و رزگاركردنی هاووڵاتیانیش زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچێت.»
لەلایەكی دیكەوە، بەهۆی ئەوەی حكومەت جگە لەناوەندە حكومییەكان رێگەنادات هاوكاری و یارمەتی هیچ رێكخراوو پارتێك بگەیەندرێتە لێقەوماوانی بومەلەرزەكە.
مانگی سوری كوردستان لەسەر ئەم بڕیاری حكومەت راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو داوای لەكوردانی چوار پارچەی كوردستان و دەرەوەی وڵات كرد كە لەڕێگەی رێكخراوەكەیانەوە، پارە كۆبكەنەوەو چەند هەژماری بانكی بڵاوكردەوە كە لەو رێگەیەوە هاوكاری پێشكەش بەزیانلێكەوتووان بكرێت.
هاوكات كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەو بەدەیان كەسایەتی و پارت و رێكخراوە كوردییەكان، داوایان لەگەلی كورد كرد بەهانای زیانلێكەوتووانەوە بڕۆن.
هەروەها كۆمەڵێك رێكخراوو پارت و كەسایەتی رۆژئاوای كوردستان ئامادەییان دەربڕی كە بەهەموو شێوەیەك هاوكاری و یارمەتی بۆ زیانلێكەوتووانی سوریاو رۆژئاوای كوردستان پێشكەش بكەن.
 
هۆشداری لەبوومەلەرزەی دیكە دەدرێت

پرۆفیسۆر دكتور جەلال شەنگۆر زانای جیۆلۆجی توركیا لەبەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا، ئاماژەی بەوەكرد كەپارێزگاكانی ئەدەنە، هاتای و دەوروبەریان كەدیلۆك و مەرەش دەگرێتەوە، شوێنێكی مەترسیدارن و ئەگەرێكی زۆری هەیە، بومەلەرزەی دیكە ئەو ناوچانە بگرێتەوە.
هەروەها پرۆفیسۆر دكتور ناجی گورۆر ئەندامی ئەكادیمیای زانستی توركیاش لەبەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی كەناڵی فۆكسی توركیدا رەخنەی لەحكومەت گرت كەگوێیان لێنەگرتوون و وتی: « چەندین جار هۆشداریمان بەدەسەڵاتدارانی ناوچەكە داوە لەئەگەری بومەلەرزەی بەهێز، بەڵام هیچ گوێیان لێنەگرتین، زمانمان مووی لێهات كەچی بەردەوام بوون لەسەر خەمساردییان، ئێستاش هەموولایەك ئاگاداردەكەمەوە كەئەو ناوچانە، شوێنی مەترسیدارن و پێشبینی بومەلەرزەی دیكەش لەوێ دەكرێت.
 
یارمەتی وڵاتانی جیهان
هەرچەندە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لەڕۆژی بومەلەرزەكەدا رایگەیاند كەئەوان دەتوانن دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و پێویستیان بەهاوكاری هیچ وڵاتێك نییە، بەڵام چەندین وڵاتی دیكەی وەك، ئەمریكا، ئەڵمانیا، سوید، فینلەندا، فەرەنسا، یۆنان، روسیا، ئازەربایجان، پاكستان، هیندستان، چین، میسر، بەریتانیا، ئوكراینا، نەمسا، قوبرس و ئیسپانیا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە كەهاوكاری زیانلێكەوتووانی بومەلەرزەكە بكەن. هەندێكیان تیمی شارەزاو فریاكەوتنی خێراشیان بۆ توركیا ناردووە.
 
باكوری كوردستان و بوومەلەرزە
لەساڵی ٢٠١١ەوە چەندین جار بومەلەرزەی بەهێز، شارەكانی باكوری كوردستانیان هەژاندووە. یەكێك لەگەورەترین بومەلەرزەكان، لەناوچەی ئەرجیشی وان روویدا لە ٢٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠١١. لەو بومەلەرزەیەدا نزیكەی ٦٥٠ هاووڵاتی كورد گیانیان لەدەستداو نزیكەی دوو هەزار كەس برینداربوون. بومەلەرزەیەكی بەهێزیش لە ٢٤ی كانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠دا لەشاری خارپێت (عەلازیخ)ی باكوری كوردستان روویدا، لەو بومەلەرزەیەشدا نزیكەی ٣٠٠ كەس گیانیان لەدەستداو زیاتر لەهەزار كەس برینداربوون.
باكوری كوردستان دەكەوێتە نێو دوو هێڵی بومەلەرزەوە كەیەكێكیان لەكەنداوی عەرەبیەوە درێژدەبێتەوە بەزنجیرە چیای زاگرۆس تاوەكو خارپێت، مەلەتی درێژدەبێتەوە و هێڵەكەی دیكەش لەئەنجامی یەكگرتنی دوو هێڵی بومەلەرزەوە دروستدەبێت كەهەردوویان لەدەریای ناوەڕاست و ئیجەوە درێژدەبنەوە تاوەكو هاتای و لەوێوە بۆ مەرەش و دیلۆك.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار