سودانی بەدابەزینی نرخی دۆلار دەیەوێت متمانە بۆ دینار بگەڕێنێتەوە

عێراق كونێكی رەشە بۆ بردنە دەرەوەی دۆلار 

2 ساڵ لەمەوپێش



سودانی بەدابەزینی نرخی دۆلار دەیەوێت
متمانە بۆ دینار بگەڕێنێتەوە
عێراق كونێكی رەشە بۆ بردنە دەرەوەی دۆلار 
هێمن مەحموود

لەماوەی تەمەنی كابینەكەی محەممەد شیاع سودانی كە 100 رۆژی تەمەنی بەڕێكرد جگە لەو بەڵێنانەی كە دایبوون و جێبەجێی نەكردن، گرفتێكی گەورەش یەخەی كابینەكەی گرت كەئەویش بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بوو،  لەئێستاشدا بەبڕیارێك دەیەوێت ئەو گرفتە چارەسەربكات، كەئەویش بڕیاریدا نرخی فەرمی هەر دۆلارێك لەهەزارو 450 دینارەوە بكاتە هەزارو 300 دینار، ئەمە لەكاتێكدا نرخی هەر دۆلارێك تانزیكەی هەزارو 780دینار بەرزبووەوە، ئەم بڕیارە نوێیەی حكومەتیش شڵەژانێكی لەبازاڕدا درووستكردو دۆلار بۆ ئاستێك دابەزی كەپێشبینی نەكراوبوو، بەرپرسێكی ئەمریكیش بەبەڵگەوە رێگاكانی بەقاچاغبردنی دۆلار لەعێراق ئاشكرادەكات.
لەسەرەتای دەستبەكاربوونیدا سوودانی وەك لەكارنامەی وەزارییەكەیدا هاتبوو بەڵێنی ئەوەیدابوو كەچەك تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت و بەرەنگاری گەندەڵی دارایی و ئیداری ببێتەوەو گرفتی هەژاری و بێكاری چارەسەربكات و بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلارو دراوەكانی دیكەدا بەرزبكاتەوەو سوپاو گرووپە چەكدارەكان لەشارەكان دووربخاتەوەو چاكسازی لەكەرتەكانی ئابووری و دارایی و خزمەتگوزاریدا بكات.
بەڵێنەكانی سودانی نەك هەر جارێ هیچیان نەهاتووەتەدی، بەڵكو تاوەكو ئێستاش كەمانگێك لەساڵی نوێ تێپەڕیوە هێشتا بوودجەی ئەمساڵی نەناردووەتە پەرلەمان و دیناری عێراقیش تائاستێكی مەترسیدار بەرامبەر دۆلار بەهای لەدەستداو بۆ رێگەگرتن لەهەرەسی تەواوەتی دینار، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارێكی بانكی ناوەندی پەسەندكرد كەبەهای هەر دۆلارێكی بەهەزارو 300 دینار حسێب كردووە، پارێزگای بانكی ناوەندیش رایدەگەیەنێت هەموو هەوڵێكی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ بەهێزكردنی دراوی نیشتیمانی، ئەم بڕیارەش بەشێوەیەكی كاتی نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزاند، بەڵام شڵەژانێكی لەبازاڕدا درووستكردووە كەهێشتا كەس نازانێت تاچەندێك دەخایەنێت و بازاڕ لەو نرخە فەرمییەدا جێگیر دەبێت كەحكومەت پێشنیاریكردووە.
دابەزینی بەهای دینار بەهۆی ئەو رێوشوێنانەوە بوو كەوەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بەرامبەر بانكی ناوەندی عێراق گرتویەتەبەرو وەهایكرد رێوشوێنەكانی پێدانی دۆلاری زیاتری توندتركردەوەو چوار كۆمپانیای خستە لیستی رەشەوە كەبەشی زۆری مەزادی رۆژانەی بانكی ناوەندی عێراقیان بەدەستەوەبوو.
(سەفوان قوسەی) شارەزای ئابووری رایگەیاندووە كەمبوونەوەی فرۆشی دۆلار لەمەزادی رۆژانەی بانكی ناوەندی و بەرزبوونەوەی نرخەكەی لەبازاڕدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو چوار كۆمپانیایەی خراونەتە لیستی رەشەوە لەسەدا 40ی فرۆشی رۆژانەی دۆلاریان لەبانكی ناوەندی عێراق بەركەوتووە، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات ئێستا پێویستە لەسەر بانكە تایبەتەكان بەدواداچوون بۆ ئەو پارەیە بكەن كەحەواڵەی دەكەن پێش ئەوەی دۆلار بكڕن لەبانكی ناوەندی بۆ ئەوەی بەر رێوشوێنە توندە تازەكانی بانكی ناوەندی نەكەون.
بەپێی زانیارییە میدیاییەكانیش براین نیلسۆن یاریدەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بۆ كاروباری تیرۆرو هەواڵگری دارایی لەكۆبوونەوەیەكدا چەندین بەڵگەی سەبارەت بەقاچاغبردنی دۆلار لەدەروازە نافەرمییەكانی دیالەو سلێمانییەوە بۆ ئێران لەڕێگای كەسانی باڵادەست و نزیك لەئێرانەوە بەبەرپرسانی عێراقی داوە كە بەئۆتۆمبیلی پڕ لەدۆلارەوە دەڕۆنە ئێرانەوەو لەو سەرەوە بەخاڵی دێنەوە، هاوكات ئەمریكا پێشنیاری دابینكردنی چەند ئامێرێكی كردووە لەدەروازەكاندا كە رێگە لەبەقاچاغبردنی دۆلار بۆ ئێران دەگرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سودانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پرسی پڕۆژەیاسای بودجەو بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلاریان تاووتوێكردو محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران روونكردنەوەی لەبارەی ئەو میكانیزمانە داوە كە ئەو بودجەیەی لەسەر دانراوە، لەگەڵ ئاستی گونجاوی لەگەڵ كارنامەی حكومەتەكەی. 
دەربارەی بەقاچاغبردنی دۆلاریش سەرۆك وەزیرانی عێراق لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا سەرسوڕمانی خۆی پیشاندا بەوەی كەڕۆژانە 300 ملیۆن دۆلار بۆ هاوردە حەواڵە كراوە، كەئەمەش ئاماژەبووە بۆ ئەوەی كە پارەكە بەقاچاغ دەبرێتە دەرەوە.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە كەجێگیرنەبوونی نرخی نەوت و دابەزینی بەهای دینار، دوو هۆكاری سەرەكین بۆ نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمانی عێراق.
لیژنەكە ئەوەی خستۆتەڕوو نرخی نەوت لەبودجەدا بە 75 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك خەمڵێنراوەو كەنرخەكەی دابەزی كراوەتە 60 دۆلار.
پەتای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار مەترسی راستەقینەی بۆ سەر كابینەكەی سوودانی درووستكردو ئەگەری ئەوە لەئارادابوو موقتەدا سەدر جارێكی دیكە بگەڕێتەوە گۆڕەپانەكەو لایەنگرانی بنێرێتەوە بۆ خۆپیشاندان، هەرچەندە چەند جارێكیش خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا، بەڵام هێشتا كاریگەرییەكانی بەدیارنەكەوتووە، بەڵام پریشكی بەر پەرلەمان كەوتووە.

لەیەكەم كاردانەوەشدا بزووتنەوەی ئیمتیداد كەخاوەنی 11 كورسی پەرلەمانی عێراقەو بەیەكێك لەنوێنەرانی خۆپێشاندانی تشرینییەكان دادەنرێت كەساڵی 2019 دەستیپێكرد داوا لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران دەكات دەست لەكاربكێشێتەوە. 
بزووتنەوەكە لەڕاگەیێندراوێكدا 10 تێبینی لەسەر ئەدای حكومەتی عێراق بڵاوكردەوە لەماوەی 100 رۆژدا، تێیدا ئاماژەی بەوە داوە كە لەو ماوەیەدا بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار بۆ ژمارەی پێوانەیی دابەزیوەو رێژەی هەڵاوسان زیادیكردووە، پرۆسەی بەقاچاغبردنی دۆلار بۆ دەرەوە بەردەوامەو بەشێوەیەكی باش مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی "دزی سەدە" نەكراوە كە بەمەست لێی دزینی 3.7 ترلیۆن دینارە لەهەژماری سپاردەی دارایی دەستەی گشتیی باج لەبانكی رافیدەین.
بەپێی زانیارییە ئابوورییەكانیش عێراق رۆژانە پێویستی بە 130 تا 170 ملیۆن دۆلار هەیە كەبانكی ناوەندی بیخاتە بازاڕاوە، ئەوەی پێشووتر كە 300 ملیۆن دۆلار دەخرایە بازاڕەوە بەشێكی زۆری بۆ دەرەوە دەڕۆیشت و هیچ بەرهەمێكی بۆ ناوخۆ نەبوو.
هاوكاتی هەوڵە ئابوورییەكان بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، لەڕووی ئەمنیشەوە كابینەكەی سوودانی چەند رێوشوێنی گرتووەتەبەر، ئەویش بەدەستگیركردنی ژمارەیەك بازرگان بەتۆمەتی بەقاچاغبردن و یاریكردن بەنرخ و داخستنی نووسینگە نایاساییەكانی گۆڕینەوەی دراوو توندوتوڵكردنی بازگەو دەروازەكان، هەر لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی هەینی رابووردوو دەزگای هەواڵگریی عێراق رایگەیاند، توانیویانە لەپارێزگای دیالە دەست بەسەر یەك ملیۆن دۆلاردا بگرن، كە بۆ بەقاچاغبردن ئامادەكرابوو ببرێتە دەرەوە، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی عێراقیش لەڕاگەیێندراوێكدا ئاشكرایكرد، ژمارەیەك لەخاوەنی "كۆمپانیا گەورەكان"یان دەستگیركردووە كە بەگوتەی ئەو، یارییان بەنرخی دراو كردووەو بەقاچاغ بردوویانەتە دەرەوە. 
بەشێك لەچاودێرانی دۆخی سیاسیش بڕوایان وایە دوای 100 رۆژ كابینەكەی سوودانی لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختدایەو بەزوویی بەڵێنەكانی جێبەجێنەكات نەیارەكانی لەبۆسەدان و بەزوویی چارەنووسی هاوشێوەی كابینەكانی دیكە لێدەكەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار