ژمارەی گیانلهدهستدان بههۆی بومەلەرزەكهی توركیا و سوریا 11 هەزار کەسی تێپەڕاند
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەكهی توركیا و سوریا بە خێرایی بهرزدهبێتهوه و تائێستا زیاتر له 11 ههزار كهس گیانیان لهدهستداوه، سهدان كهسی دیكهش هێشتا له ژێر دارو پهردودا ماونهتهوه. کارمەندانی فریاگوزاری بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە هێشتا لە ژێر داروپەردودا گیریان خواردوە.
لە نوێترین ئاماردا سەبارەت بەو بومەلەرزەیەیەکی ١٠ پارێزگای تورکیای هەژاند لەناویانا کوردستانی باکور ئەمڕۆ چوارشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی مەرەشی باکووری کوردستانی کرد ولە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 8 هەزار و 574 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و 49 هەزار و 133 کەسیش برینداربوون.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 6444 باڵەخانە رووخاون.
هاوکات له سوریاش، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت، لانیکەم هەزار و 262 کەس گیانیان لەدەستداوە و دو هەزار و 285 کەسیش برینداربون، رزگارکەران لە باکوری رۆژئاوای سوریا کە لەژێر دەستی یاخیبواندایە، زیاتر لە 1400 كهس گیانیان لەدەستداوە و 2700 كهسیش برینداربون.
جێگەیباسە، تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا 21 بوومەلەرزە بە گوڕی جیاواز لە باکووری کوردستان و تورکیا تۆمارکراون، کە بەهێزترینیان 5.4 پلەی رێختەر بووە.
بەگوێرەی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا کە بوومەلەرزەکان لە سەرانسەری جیهان تۆماردەکات، لە دوێنێوە تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-2-2023، لە تورکیا و باکووری کوردستان 21 بوومەلەرزە تۆمارکراون و 19 لەو بوومەلەرزانە لە ناوچەکانی باکووری کوردستان تۆمارکراون، بەتایبەتی لە دەوروبەری شارۆچکەی مەرەش. دوو بوومەلەرزەش لە شاری هاتای تۆمارکراون.
بەهێزترین بوومەلەرزەی 24 کاژێری رابردوو لە شارۆچکەی سنجاقی سەر بە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان تۆمارکراوە کە گوڕەکەی 5.4 پلەی رێختەر بووە.
گوڕی بوومەلەرزەرەکانی دیکە لە 4 بۆ 4.5 پلەی رێختەر بووە.
سەبارەت بە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکانیش ناردنی هاوکاری مرۆی و کارمەندی ڕزگار کردن و کەلوپەلی پێویست بۆ ناوچەکانی کاریگەر بە بومەلەرزەکە بەردەوامە و لەناویاندا نەتەوەیەکگرتوەکان ڕۆژی سێشەممە ٢٥ ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی بۆ تورکیا و سوریا ڕاگەیاند .
ستیفان دوجاریک، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هاوکاری بەپەلەی ڕزگارکردنی ژیان بۆ ناوچەکە دەکات، وتیشی: ''تیمەکانی هەڵسەنگاندن و هەماهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ لە ئەدەنەن و سبەی کۆدەبنەوە بۆ غازی عەنتاب بۆ پاڵپشتیکردنی تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی شارەکانی تورکیا''.
هەروەها وتیشی، ''ئەوانەی لە کارەساتەکەدا بەرکەوتوون بریتین لە هەزاران پەنابەری لە سوریا، ئاماژەی بەوەشکرد، پەنابەرانی سوریا زیاتر لە ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار کەس پێکدەهێنن لەو ١٥ ملیۆن کەسەی لە ١٠ پارێزگادا دەژین کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی تورکیاوە زیانیان بەرکەوتووە.
هاوکات گوتیشی: ڕێگای باکووری ڕۆژئاوای سووریا لە تورکیاوە زیانی پێگەیاندووە و ئەمەش هاوکاریی مرۆیی بۆ ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی ئەوناوچانە بەشێوەیەکی کاتی پەکخست.
سەرلەبەیانی ٦ی ئەم مانگە چەند بومەلەرزەیەكی بەهێز باكورو رۆژئاوای كوردستانی هەژاندو كارەساتێكی گەورەی مرۆیی لێكەوتەوە، ناوەندی بومەلەرزەكە باكوری كوردستان بوو، ئەندامێكی ئەكادیمیای زانستی توركیا دەڵێت: پێشتر هۆشداریمان لەڕوودانی بومەلەرزەی بەهێزو كارەساتبار لەو ناوچەیە بەدەسەڵات داوە بەڵام هیچ ئامادەكارییەكی پێشوەختە نەكراو گوێیان لێ نەگرتین و ئێستاش هەموولایەك ئاگاداردەكەمەوە كەئەو ناوچانە، شوێنی مەترسیدارن و پێشبینی بومەلەرزەی دیكەش لەوێ دەكرێت.
یەكەم بومەلەرزە كاتژمێر 4:17 بەگوڕی ٧.٧ ناوچەی پازارجكی پارێزگای مەرەش، دووەم بومەلەرزە كاتژمێر 4:26 بەگوڕی 6.4 ناوچەی نورحەقی دیلۆك (عەنتاب) و سێیەم بومەلەرزەش كاتژمێر 4:36 بە گوڕی ٥.٥ ناوچەی ئیسلاحیەی دیلۆكی (عەنتاب) باكوری كوردستانی هەژاند.
بومەلەرزەكان لەقۆڵایی هەشت بۆ پێنج كیلۆمەتر لەژێر زەوی روویانداو هەرسێكیان زیاتر لەخولەكێك بەردەوام بوو. لەگەڵ پارێزگاكانی دیلۆك و مەرەش، بومەلەرزەكان كاریگەریەكی زۆریان لەسەر پارێزگاكانی، ئامەد، سەمسور، روحا، مێردین، سێرت، شڕنەخ، كلس، مەلەتی، عوسمانیە، هاتای و ئەدەنەی باكوری كوردستان و توركیا دروستكرد.
لەئاستی دەرەوەشدا، بەشێوەیەكی زۆر كاریگەر، شارەكانی، حەلەب، حەما، لازقیە، ئیدلب و تەرتوسی سوریاو عەفرین و كۆبانێی رۆژئاوای كوردستانی گرتەوە. هەروەها لەشارەكانی دهۆك و هەولێر بەئاسانی هەستی پێكرا و كاریگەری لەسەر پارێزگای سلێمانیش هەبوو. بومەلەرزەكان هەروەها بوونە هۆی ئەوەی هێڵی نەوتی كەركوك-جەیهان دابخریت و حكومەتی هەرێم سێ رۆژ پشووی فەرمی راگەیاند. بومەلەرزەكان لەدەریای ناوەڕاستدا قوبرسی گرتەوە و تاوەكو لوبنان، ئیسرائیل، فەڵەستین، عەممان و میسریش درێژ بووەوە. بەو پێیەش وەك یەكێك لەگەورەترین بومەلەرزەكانی جیهان پێناسەكرا.