سلێمانی؛ کڵێسایەک بووەتە فێرگەیەک بۆ ئاوارەکانی رۆژئاوا
2 ساڵ لەمەوپێش
ڤانە حەمە
كڵێسای مەریەمی عەزرا لەسابونكەرانی شاری سلێمانی، بووەتە فێرگەیەكی پەروەردەیی بۆ پەنابەرەكانی سوریاو رزگاربووانی دەستی داعش، لەناو كڵێساكەدا چەندین خولی بەهێزكردنی زمان و بەرنامەی جۆراوجۆری كۆمپیوتەر بەبێ بەرامبەر لەلایەن مامۆستای خۆبەخشەوە پێشكەش بەسەدان فێرخواز دەكرێت، كەزۆرترینیان پەنابەری سوری و كوردانی رۆژئاوای كوردستانن.
زەردەشت رەحیم، یەكێكە لەو مامۆستا خۆبەخشانەی كەنزیكەی شەش ساڵە بەخۆبەخشی لەكڵێسای سابونكەران وانەی ئینگلیزی بەو خوێندكارانە دەڵێتەوە كە لەڕۆژئاوای كوردستان و سوریاوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، لەلێدوانیكیدا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد:» كەئەم خولانە لەپێناو بەرزكردنەوەی توانای خوێندكارەكانە كەپەنابەرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین فێرخوازی دیكە لەشاری سلێمانی كەخەڵكی باشوری كوردستانن بەشداری خولەكان دەكەن».
وتی:»چەند جارێك لەلایەن رێكخراوە ناحكومیە مرۆییەكانەوە هاوكاری كراون، بەڵام خولەكان بەشێوەیەكی گشتی بێبەرامبەرن و تەنها بڕێكی رەمزی زۆر كەم وەردەگیرێت وەك رێوشوێنێكی فەرمی»..
هاوكات لەبارەی سودمەندبوونی فێرخوازەكانیشەوە زەردەشت رەحیم دەڵێت:» چەندین فێرخوازیان لەئاستە سەرەتاییەكانی زمانەوە گەیاندووەتە ئاستە باڵاكان».
فێرخوازەكان بەشێكی زۆریان لەكەمپی ئاوارەكانی عەربەتەوە پاسیان بۆ دابینكراوەو بەوجۆرە هاتووچۆ دەكەن و وانەكانیان وەردەگرن، ئەو فێرخوازانە هەریەكەیان لەشارێكی رۆژئاوای كوردستان و سوریاوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، لەناویاندا قامیشلۆ، دیمەشق، عەفرین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئێزدییانەی كەڕزگاربووی دەستی داعشن بەشێكن لەو فێرخوازانەی كە بەشداریی خولەكان دەكەن.
ئەو خوێندكارانەی كەبەشدارییان كردبوو، لەبارەی خولەكانەوە بەمجۆرە بۆ هاوڵاتی دووان» ئێمە هەریەكە لەشارێكی جیاوازەوەو لەخێزانێكی جیاوازەوە لێرە بەیەك ئاشنابووین، خولەكان زۆر سودیان هەبووە بۆمان و هەندێكمان تا ئاستی بەرز فێری ئەو وانانەو ئەو زمانانە بووین كەوەرمانگرتوون».
ئەحمەد، تەمەنی ٢٠ ساڵەو یەكێكە لەخویندكارەكان كە لەشاری دیمەشقی سوریاوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بووە، دەربارەی خولەكان بەهاوڵاتی وت:»من ئەمە یەكەم كۆرسە كەبەشداری دەكەم و لەڕێگای چەند هاوڕێیەكم بەشداریم كردووە، خولەكان سودیان بەمن گەیاندووەو كڵێساش خۆیان پاسیان بۆ دابینكردووین بۆ هاتووچۆكردنمان لەكەمپەكانەوە».
كڵێساكە چەندین خولی پیشەیی و فێركاری دیكەی تێدا ئەنجامدەدرێت لەپێناو بەرزكردنەوەی توانای گەنجان و رەخساندنی هەلی كار بۆیان، بەتایبەت بۆ ئەو گەنجانەی كەئاوارەن، لەوانەش مۆسیقا، كۆمپویتەر، زمان، خولی سەماكردن و فریاگوزاری و خولی شانۆیی و فێركردنی گەنجان، لەگەڵ ئەوەشدا خولە فێركاریە پیشەییەكانی وەك ئاسنگەری، دارتاشی، بەرگدووری و كارگێڕی و سكرتێری.
ماوەی خولەكان لەكڵێساكەدا بۆ زۆربەی خولەكان، ١٣ هەفتەیە كەدەكاتە نزیكەی ٢٥٠ كاتژمێرو بۆ هەر پۆلێكیش ١٢-١٨ خوێندكار لەخۆدەگرێت، هاوكات جگە لەخولە فێركارییەكان لەناو كڵێساكەدا ناوەندی تایبەت بەكۆبوونەوەو سیمیناری تایبەت و لێكۆڵینەوە هەن، بەتایبەتیش كۆبوونەوەو كۆڕەكانی ژنان.
كڵێسای مەریەمی عەزرا، بەكڵێسەی سابونكەران ناسراوە، بەهۆی ئەوەی كەوتووەتە گەڕەكی سابونكەرانی شاری سلێمانی، یەكێكە لەشوێنە كۆن و مێژووییەكانی شاری سلێمانی و لەساڵی ١٨٢٠ دامەزراوە، كڵێساكە بۆ كارە مرۆییەكان لەلایەن چەندین رێكخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هاوكاری دەكرێت، وەك رێكخراوەكانی « ئەی ئاڕ ئای لەعێراق، «میسیۆ» لەئەڵمانیاو «ماجیس» لەئیتاڵیا.