بومەلەرزە 100 ملیار دۆلار زیان به ئابووریی تورکیا دەگەیەنێت

پێشبینی دەکرێت دەسەڵات هەڵبژاردن دوابخات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
 
بومەلەرزەكەی ٦ی شوبات، كەباكوری كوردستان و توركیاو رۆژئاوای كوردستان و سوریای بەشێوەیەكی زۆر بەهێز هەژاند، جگە لەوەی زیانێكی زۆری گیانی لێكەوتەوەو رۆژ بەڕۆژ، ژمارەی گیانلەدەستدان بەشێوەیەكی زۆر سامناك بەرزدەبێتەوە، هەروەها كاریگەریەكی زۆریشی لەسەر ئابوری، سیاسەت و كۆمەڵگای توركیا دروستكردووە، ئۆپۆزسیۆن رەخنە لەدەسەڵات دەگرێت كە بەدەم ناوچە كارەساتبارەكان و لێقەوماوانەوە نەرۆیشتووەو هەدەپە دەڵێت: ئەگەر شارەوانییەكانمان دەستیان بەسەردا نەگیرایە، دەمانتوانی زووتر لەو ئازارە كەمبكەینەوە، هاوكات ئەحمەد تورك رایگەیاند: خەڵك لەجیاتی دەسەڵات یارمەتی لێقەوماوان دەدەن.
بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمیەكان لەباكوری كوردستان و توركیا زیاتر لە 35 هەزار و 418 كەس گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە 105 هەزار كەسیش برینداربوون، تاوەكو ئێستاش هەڵمەتی گەڕان بەدوای ئەو هاووڵاتیانەی كەزیاتر لە ١٠ رۆژە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەو خانووە رووخاوەكاندان بەردەوامە، بۆیە پێشبینی دەكرێت، ئاماری گیانلەدەستدان زیاد بكات.

زیانە ماددییەكان و كاریگەری لەسەر ئابوری توركیا
وەزارەتی ژینگەو شارستانی توركیا رایگەیاندووە، زیاتر لەحەوت هەزار باڵەخانە كەزۆربەی زۆریان یەكەی نیشتەجێبوونن، رووخاون و زیان بە ١٢ هەزار باڵەخانەی دیكە گەیشتووە. هەروەها چەندین كارگەو شوێنكار رووخاون و زیانیان بەركەوتووە. بەتایبەتی لەپارێزگاكانی دیلۆك، هاتای و مەڕەش كە رێرەوێكی گەورەی بازرگانی ئاوی و شاری پیشەسازین. حكومەت بەفەرمی رایگەیاندووە كە بومەلەرزەكە لە ١٠ پارێزگای باكوری كوردستان و توركیا، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر نزیكەی ١٤ ملیۆن كەس داناوە كە زیاتر لە ١٥٪ی دانیشتووانی توركیا و باكوری كوردستان پێكدەهێنن و ئەمەش راستەوخۆ رێژەی هەڵاوسان بەرزدەكاتەوە كەپێشتر رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتەدا لە ٨٤٪ەوە بۆ ٥٨٪ دابەزیبوو.
بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، قەبارەی زیانەكانی بومەلەرزەكە لە ١٠ پارێزگای توركیا بە ١٠٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، ئاماژەی بەوەشكردووە، لەساڵی ٢٠٢٢دا قەبارەی بازرگانی لەهەموو بوارێكدا لە ١٠ پارێزگاكە نزیكەی ٢١ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بووە. جگە لەوەش حكومەت باجێكی زۆری لەهاووڵاتیان و پیشەوەران و بازرگانەكانی ئەو ناوچەیە وەرگرتووە، بەڵام لەئێستادا یەكێك لەشادەمارەكانی ئابوری توركیا پەكیكەوتووەو ئەمەش دۆخی ئابوری ئەو وڵاتە دەخاتە مەترسیەوە.

ئۆپۆزسیۆن: دەسەڵات پلانی بۆ رزگاركردنی هاووڵاتیان نییە
ئۆپۆزسیۆنی توركیا، دەسەڵات بەوە تۆمەتبار دەكات كەدوای بومەلەرزەكە دەستبەجێ نەیتوانیوە، بەهانای هاووڵاتیانەوە بچێت كەدوو رۆژی یەكەمی بومەلەرزە وەك «هەلی زێڕین» دادەنرێت و دەڵێن، دەسەڵاتی ئاكەپەو مەهەپە پێویست بوو بەهەموو هێزیەوە بەبەكارهێنانی سوپاو پۆلیس هەوڵی رزگاركردنی ئەو هاووڵاتیانەی بدایە كە كەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەكاندا.
بۆیە زۆربەی سەرۆك، بەرپرس و پەرلەمانتارانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و تیمەكانی رزگاركردنیان لەو شارانەن كەبومەلەرزە تێیاندا روویداوە. لەشاری ئامەدی باكوری كوردستان نزیكەی هەزار هاووڵاتیی شارەكە لەبومەلەرزەكەدا بوونەتە قوربانی، پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) و كەمال كلچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهە) كۆنفڕانسێكی هاوبەشی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.
بوڵدان لەقسەكانیدا وتی، «دەسەڵات لەژێر داروپەردووی بینا رووخاوەكانی بوومەلەرزە‌كەدا ماوەتەوو هیچی لەدەست نایەت. هیوادارم بەزووترین كات پێكەوە ئەم برینانە ساڕێژ بكەین، ئەگەر شارەوانییەكانمان دەستیان بەسەردا نەگیرایە، دەمانتوانی زووتر لەو ئازارە كەمبكەینەوە.»
كلچدار ئۆغلۆ-ش ئاماژەی بەوەكرد، «كەرتی بیناسازی لەتوركیاو خراپی بەڕێوەبەریی وەهای لەم وڵاتە كرد، باڵەخانەكان بەكوالێتیەكی باش دروست ناكرێن و هیچ چاودێریی و بەدواداچوونێكیش لەكاتی دروستكردنیاندا نییە، ئەمە پرسێكی گرنگە، بەڵام لەئێستادا كێشەكە بێپلانی حكومەتە بۆ رزگاركردنی هاووڵاتیان.»
هەروەها ئەحمەد تورك هاوسەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین كە لەپۆستەكەی دوورخراوەتەوە سەردانی ناوەندی شاری مەرەشی كرد كە ١٧ كەس لەخزمەكانی لەبومەلەرزەكەدا گیانیان لەدەستداوە. ئەحمەد تورك دوای بەدواداچوون بۆ خزم و كەسوكارو هاووڵاتیان بۆ رۆژنامەنووسان قسەی كردو وتی: « ئێمە لەشارەكەدا گەڕاین، هەموو هاووڵاتیان دەڵێن، دەوڵەت لێرە نییە. دەیانەویت وەهای پیشان بدەن كەحكومەت هەوڵی رزگاركردنی هاووڵاتیان دەدات، بەڵام لەشارەكاندا هاووڵاتیان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هاوكاری یەكدی دەكەن، هاووڵاتیان لەهەموو جێگەیەكی باكوری كوردستان هاوكاری كۆدەكەنەوەو دەیگەیەننە دەستی زیانلێكەوتووان.»

مەرال ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی باش كەهاوپەیمانی جەهەپەیە سەردانی هاتای كردو زیانلێكەوتووانی بەمەلەرزەكەی بەسەركردەوە. مەڕال ئاكشەنەر وێڕای ئەوەی دەسەڵاتی بەپشتگوێخستنی زیانلێكەوتووان تۆمەتبار كرد، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد، كەمەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەترسیدار هەیە. هاووڵاتیان پشتگوێخراون و جگە لەخواردن و پێداویستیەكانی دیكە، پێویستیان بەمادەی پاككەرەوە هەیە. 

لێبوردن و دەستگیركردنی وەبەرهێنەرەكان
پرسێكی دیكە كەدوای بومەلەرزەكە هاتووەتە ئاراوە، یاسای لێبوردنی وەبەرهێنانە. حكومەتی دادو گەشەپێندان لەمانگی شوباتی ٢٠١٧دا، واتە بەر لەهەڵبژاردنەكانی مانگی حوزەیرانی ٢٠١٨، یاسای لێبوردنی وەبەرهێنانی لەژێر ناوی «ئاشتی وەبەرهێنان» پەسەندكرد. لەو چوارچێوەیەدا حكومەت مۆڵەتی بە ١٣ هەزار خانوو و باڵەخانە داوە كەكارەكانیان تەواو بكەن، لەكاتێكدا بەشێوەیەكی زیادەڕۆیی و بێمۆڵەت دروستیانكردبوو.
ئەم پرسە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە جارێكی دیكە بووەتەوە یەكێك لەڕۆژەڤە سەرەكییەكانی توركیا. سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆكی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ و چەندین بەرپرسی دیكەی ئۆپۆزسیۆن لەم چەند رۆژەی دواییدا رایانگەیاند، حكومەت بۆ كۆكردنەوەی دەنگی هاووڵاتیان چاوپۆشی لەوەبەرهێنەرەكان كردووە كەباڵەخانەی ناتەندروست دروستبكەن و هۆكارێك كەئەمڕۆ باڵەخانەكان رووخاون و هاووڵاتیان گیانیان لەدەستداوە، ئەو یاسایەیە كەدەسەڵات پەسەندی كردووە. 
لەلایەكی دیكەوە، بەفەرمانی دادوەر دەست بەئۆپراسیۆنێكی فراوان بۆ دەستگیركردنی ئەو وەبەرهێنەرانە كراوە كە پرۆژەكانیان لەبومەلەرزەكەدا رووخاون. بەكر بوزداغ وەزیری دادی توركیا لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد كەفەرمانی دەستگیركردن بۆ زیاتر لە ١٣٠ وەبەرهێنەر دەركراوەو ژمارەیەكیش دەستگیركراون.
دەمیرتاش لەم بارەیەوە بەتویتێك باسی ئەوەی كرد، دەستگیركردنی وەبەرهێنەران بۆ پەردەپۆشكردنی تاوانەكانی دەسەڵاتە. لەبەرئەوەی دەسەڵاتی ئاكەپە رێگەی بەوەبەرهێنەران داوە باڵەخانەی ناتەندروست دروست بكەن. بۆیەش پێدەچێت، ئەم پرسە خراپ بەسەر حكومەتەكەی ئەردۆغاندا بشكێتەوە.

رێگریكردن لەهاوكارییەكان و دەستگیركردنی خۆبەخشان
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، زیاتر لە ١٠٠ كەس لەناوەندی مەڕەش، سەمسور، دیلۆك و هاتای بەتۆمەتی دزی و تاڵانی دەستگیركراون. رۆژی ١٣ی ئەم مانگەش، ڤیدیۆی سێ گەنج لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بڵاوكریەوە كە كوژرابوون و بەرپرسانی حكومەت بانگەشەی ئەوەیان كرد، گوایە دزییان كردووە. تاوەكو ئێستا نازانرێت كێ ئەو سێ گەنجەی كوشتووە. رووداوێكی دیكە لەمەڕەش روویدا. پێنج گەنجی خۆبەخشی شاری ئامەد كەهەوڵی رزگاكردنی هاووڵاتیانیان دەدا، بەئەشكەنجەو لێدان لەشاری مەڕەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركران و دواتر بەڕووتی لەكەشوهەوای ساردی ژێر سفرەوە لەچۆڵەوانیەكی دەرەوەی شارەكە فڕێدران. چەندین دیمەن و وێنەی دیكەی بەو شێوەیە لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بڵاوكرانەوە كەكاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا. كۆمسیۆنی یاسایی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەهۆی ئەو رووداوانەوە، سكاڵای تۆمار كردو رایگەیاند، لەكاتێكدا ئەگەر تاوانێكیش كرابێت، نابێت هیچ كەسێك بكوژرێت و دەستگیربكرێت، لەكاتێكدا كەدادگا تاوانەكەی ئاشكرا نەكردووە.
پرسێكی دیكە كەئۆپۆزسیۆنی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی تووڕە كردووە، راگەیاندنی دۆخی نائاساییە بۆ ماوەی سێ مانگ و رێگریكردنە لەگەیاندنی هاوكارییەكان بەلێقەوماوانی بومەلەرزەكە. لەكاتێكدا كە ئۆپۆزسیۆن رایگەیاندووە، حكومەت توانای هاوكاریكردنی هاووڵاتیانی نییە، هەروەها رێگری لەهاوكاری پارتەكانی دیكە و رێكخراوەكان دەكرێت. 
١٣ی ئەم مانگە ناوەندی قەیرانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد كەهێزەكانی حكومەت لە سەمسوور، دەستیان بەسەر ٥٠٠ چادر، ١٢٠ مۆلیدە، ٣٠ كۆنتێنەر، لەعوسمانیە و ناوچەی پاتنۆسی موش دەستیان بەسەر چەند بارهەڵگرێك هاوكاری وەك بەتانی و خواردەمەنیدا گرتووە. 

بومەلەرزەو هەڵبژردن
بوومەلەرزەكەی ٦ی شوبات لەكاتێكدا روویدا كەتوركیا لەنێو كەشی بەر هەڵبژاردندایە. بەشێوەیەكی فەرمی ١٤ی ئایار وەك رۆژی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا دیاریكرابوو. هەرچەندە تاوەكو ئێستا حكومەت بەفەرمی باسی دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەكانی نەكردووە، بەڵام بە راگەیاندنی باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ مانگ، پێدەچێت، هەڵبژاردنەكان ئەنجام نەدرێن.
بولەند ئارنچ سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی توركیاو یەكێك لەدامەزرێنەرانی پارتی دادو گەشەپێدان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەكانەوە، نووسراوێكی لەتویتەرەكەیدا بڵاوكردەوە. ئارنچ ئاماژەی بەوەكرد كەدۆخی توركیا بەهۆی بومەلەرزەوە ناجێگیرەو پێویستە هەڵبژاردنەكان دوابخرێن.

ئیدریس شاهین وتەبێژی پارتی دیموكراسی و پێشكەوتن (دەڤا) لەمبارەیەوە ناڕەزایەتی توندی دەربڕی و رایگەیاند، نابێت رێگەبدرێت، هەڵبژاردنەكان دوابخرێن. دەكرێت بەهۆی دۆخی نائاساییەوە هەڵبژاردن لەوادەی فەرمی خۆی كە ١٨ی حوزەیرانە ئەنجامبدرێن. لەلایەكی دیكەوە گولتەكین ئویساڵ سەرۆكی پارتی دیموكراتی رایگەیاند: كەئەردۆغان دەیەوێت هەڵبژاردنەكان بۆ ساڵی داهاتوو دوابخات و هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی شارەوانیدا ئەنجامبدرێن.
پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەڕاگەیەندراوێكدا كە لەبارەی دۆخی بومەلەرزەوە بڵاویكردبووەوە، هوشداری ئەوەی دابوو كەدەسەڵاتی ئاكەپە - مەهەپە، دەیەوێت بومەلەرزەكە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاربهێنن و بەو شێوەیە تەمەنی دەسەڵاتەكەیان درێژ بكاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار