عەبدوڵا ئۆجالان.. رابەرێک چارەکە سەدەیەکە لە زیندان گۆشەگیرکراوە
2 ساڵ لەمەوپێش
ئۆجالان زیاتر لەنیو سەدەیە خەبات بۆ ئازادی نیشتمان و گەلی كورد دەكات و لەپێناو ئازادی گەلەكەیدا نزیكەی چارەكە سەدەیەكە لەزیندانی تاكەكەسیدایە، ئەو باوەڕیوایە بۆ رزگاركردنی میللەتەكەی دەبێت هێزێك هەبێت، چەكدار بێت و بەدیسپلین بێت، بڕیاری سیاسی و سەربازی و كاركرنی لەدەستی خۆیدا بێت و پشت بەخۆی ببەستێت.
عەبدوڵا ئۆجالان كاتێك لەزانكۆی ئەنقەرە لەكۆلێجی زانستی سیاسی بوو، خوێندنی تەواونەكردو گەڕایەوە بۆ ئامەدو لەساڵی 1978 پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی دامەزراند، پێش دامەزراندنی پەكەكە، ئەندامان و لایەنگرەكانی ئەو حزبە، بەناوی ئاپۆچییەوە كارو چالاكییان هەبوو، یەكەم دەستەی ئەو كەسانەی پێیان دەوترا ئاپۆچی لەساڵی 1973 دا لەئەنقەرەی پایتەختی توركیا وەك گروپێكی فیكری و ئایدۆلۆژی بەسەرۆكایەتی ئۆجالان دەستیان بەكاركردو لەساڵی 1976دا ئەو گروپە سەرەتاییەی پەكەكە بڕیاریدا بۆ درێژەدان بەكارو چالاكییەكانی بگەڕێتەوە بۆ باكووری كوردستان و دوای ساڵێك لەگەڕانەوەشیان بۆ باكوری كوردستان بەبەشداریی 23 كەس یەكەم كۆنگرەیان خۆیان رێكخست و پەكەكەیان دامەزراند.
دوای كودەتای ئەیلولی ساڵی 1980 لەتوركیا، ئەندامانی پەكەكە وەك زۆربەی گروپ و دەستەكانی دیكە رووبەڕووی شاڵاوی گرتن و كوشتن و راوەدوونان بوونەوە، بۆ ساڵی دواتر بەشێك لەئەندامانی پەكەكە روویان لەلوبنان كرد كە لەوكاتەدا ناوەندێك بوو بۆ كۆبوونەوەی گروپە شۆڕشگێڕەكانی ناوچەكە، ئەندامانی پەكەكە بەسەرۆكایەتیی عەبدوڵا ئۆجالان لەلوبنان پەیوەندییان بەگروپە شۆڕشگێڕەكانی ئەو سەردەمەوە كردو لەلایەن كەسانی وەك نایف حەواتمە، جۆرج حەبەش و بەگشتی بزووتنەوەی رزگاریی فەلەستینەوە هاوكاری كران.
پەكەكە لەساڵی 1984دا دەستی بەخەباتی چەكداری كردو لە 15ی ئابی 1984دا بەشێوەی فەرمی شەڕی چەكداری لەدژی سوپاو حكومەتی توركیا لەناوچەكانی ئەڕوح و شەمزینان دەستپێكردو تا بەئێستا دەگات جگە لەوەی چەند جارێك ئاگربەستی راگەیەندووە، خەباتی چەكداری پەكەكە لەدژی سوپای توركیا بەردەوامە، ئەوە لەكاتێكدایە لەچەندرۆژی رابردووشدا جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە) داوای لەهەموو هێزەكانیان كرد بەهۆی بومەلەرزەكان لەتوركیاو ناوچەكە سەرجەم چالاكییە سەربازیەكانیان رابگرن.
پەكەكە لەساڵی 1990 جگە لەلوبنان چەند بنكەیەكی لەناوچەكانی شام لەسووریا كردەوە، عەبدوڵا ئۆجالانیش لەلوبنانەوە بەرەو شام رۆیشت و بەبەردەوامی سەردانی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستانی دەكرد.
كاتێك لەساڵی ١٩٩٨پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو سوریا تێكچوو، ئەنقەرە هەڕەشەی لەدیمەشق كرد بەوەی كەپشتگیریی پەكەكە نەكات و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی سەربازیی لەدژی ئەو وڵاتە كرد.
ئۆجالان بۆ ئەوەی بەر لەشەڕێكی قورس بگرێت كەتوركیا دەیویست لەگەڵ سوریادا لەناوچەكە هەڵی بگیرسێنێت، لە 9ی تشرینی یەكەمی ئەو ساڵادا بڕیاری بەجێهێشتنی سوریای دا، بۆیە روویكردە یۆنان، بەڵام یۆنان داوای مانەوەی ئۆجالانی لەو وڵاتە رەتكردەوە، دواتریش بۆ هەمان مەبەست چووە روسیا، لەوێش رێگەی مانەوەی پێنەدرا، دوای ئەوەش چوو بۆ رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، بەڵام لەوێش دوای مانەوەی بۆ ماوەیەك ئیتاڵیاش مافی مانەوەی پێنەدا، هەربۆیە جارێكی تر رووی لەڕووسیا كردەوە، بەڵام ئەمجارەش رێگەی مانەوەی پێنەدراو نێردرایەوە بۆ یۆنان، جارێكی دیكەش لەوێوە بەهۆی دروستكردنی ئاستەنگ بۆی، ئۆجالان نێردرا بۆ كینیا كەبەرنامە هەبوو لەوێوە بنێردرێ بۆ ئەفریقای باشور.
ئۆجالان، لەكینیا لەماڵی باڵیۆزی یۆنان مایەوە، بەڵام لە 15ی شوباتی 1999 دا بەپیلان و فێڵ رەوانەی فڕۆكەخانەی پایتەختی كینیا كراو لەوكاتەدا لەلایەن ژمارەیەك لەتیمی تایبەتەوە هێرشكرایەسەر ئۆتۆمبێلەكەی ئۆجالان و دەستگیریان كردو بەرەو توركیا رفێندرا.
ئۆجالان خۆی لەبارەی دەستگیركردنەكەیەوە دەڵێت: دەستگیركردنم سەرەتای جێبەجێكردنی پلانی نوێی ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوا بوو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵیاندا بەدەستگیركردن و لەناوبردنم، گەلێك لەناوببەن، هاوكات جەمیل بایك ئاشكرایدەكات: «ئەمریكا، بەریتانیا، ئیسرائیل، یۆنان، فەرەنسا، هۆڵەندا، روسیا، ئەڵمانیا، كینیاو میسر، بەشداربوون لەپلانی دەستگیركردنی رێبەرەكەمانداو بەریتانیاش خاوەن بیرۆكەی پیلانگێڕییەكە بوو».
15ی شوبات كەیادی دەستگیركردنی رابەری زیندانیكراوی پەكەكەیە، لەكاتێكدایە كەزیاتر لە 22 مانگە هیچ كەسێك ئاگاداری دۆخی ئۆجەلان نییە، كەمپینی «ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان-یش كەماوەی چوار مانگە راگەیەنراوەو لەلایەن 28 كەسایەتی ئەكادیمی و نووسەرو پزیشك و سیاسەتمەداری ناودارەوە پێشەنگایەتی دەكرێت بەردەوامەو بەملیۆنان ئیمزای كۆكردووەتەوە بۆ ئازادكردنی ئۆجەلان.
جوتیار رەشید نوسەرو چاودێری سیاسی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای پەكەكە سەبارەت بە رۆڵی ئۆجالان، دەڵێت: داگیركەرانی كوردستان لەوەتەی هەن، هەوڵی توانەوەی نەتەوەكەمان دەدەن و لەناوناچین، ئێمە پایەیەكی بنەڕەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستین و بەبێ ئێمە ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، پرسی كورد بەهێزو شەڕ چارەسەرنابێت، دەستگیركردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانیش بەشێكە لەم سیاسەتە، بەڵام ئەو فكری دیل نەكراوە.
هاوكات محمەد ئەمین پێنجوێنی نووسەرو سیاسەتمەدار سەبارەت رۆڵی عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: ٢٤ ساڵە بەڕێز ئۆجالان لەزیندانە، گۆشەگیركردنی ئەو، گۆشەگیركردنی تاكە كەسێك نەبوو، واتا هەوڵی لەناوبردنی تاكێك نەبوو، بەڵكو گۆشەگیركردنی پرۆژەیەك بوو، كە رێبەر ئۆجالان بڵاویكردەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئازادی گەلانی ژێردەستە، لەناویدا گەلی كورد، كەنزیكەی ٥٠ ملیۆن كەس دەبن، وڵات و نیشتیمان و سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوییان داگیركراوەو دوژمنانی بەتاڵان دەیبەن.
پیلانی دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئەوەبوو چیتر شتێك نەمێنێت بەناوی پەكەكە، بەڵام ئۆجالان بڕیاریدا رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە بێتەوەو لەزیندانەوە درێژە بەخەبات بدات و سەرباری پرۆژەكانی بۆ پرۆسەی سیاسی لەباكوری كوردستان و توركیا، هەر لەزینداندا زیاتر لە 10 كتێبی نووسیوەو چەندین نامەی لەڕێگەی پارێزەرەكانیەوە بڵاوكردووەتەوە.