وەفدی هەرێم بێ‌ هیچ رێكکەوتنێك لەبەغداد دەگەڕێتەوە

شێركۆ جەودەت: ئاستەمە هەرێم‌و بەغداد بگەنە رێككەوتن

2 ساڵ لەمەوپێش



هێمن مەحموود

لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا جارێكی دیكە شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردەوەو ئامانج لەسەردانەكەش وەك خراوەتەروو بۆ گفتوگۆكردنە لە سەر شایستە داراییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 عێراق و پڕۆژە یاسای نەوت و غازو مادەی 140 و چەند دۆسیەیەكی تر تاوەكو رێككەوتنی كۆتایی لەسەر ئەو پرسانە بكرێت، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش رایگەیاندووە لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر «شێوازی بەڕێوەبردن»ی نەوت و یاسای بودجە گەیشتوونەتە رێككەوتن.

وەفدی ئەمجارەی هەرێم كە لەلایەن وەزیری دارایی هەرێمەوە سەرۆكایەتی دەكرا پاش سەردانێكی دوو رۆژە بۆ بەغداد گەڕانەوە بۆ هەولێرو بڕیارە هەفتەی داهاتوو جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ بەغدادو گەڕێكی تری گفتوگۆ ئەنجامبدەن، ئەمەش ئاماژەی ئەوەیە هێشتا هەرێم و بەغداد نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك سەبارەت بەو پرسانەی گفتووگۆیان لەسەری كردووە.

شێركۆ جەودەت  پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی دەربارەی رێككەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغدا بە (هاوڵاتی) راگەیاند:»هیوادارین بگەنە رێككەوتن بەڵام زۆر زەحمەتە، چونكە جێبەجێكردنی دەستوور ئەوە دەخوازێت كە نەوت و گازی هەرێمی كوردستان و عێراقیش لەدەستی حزبی و كەسی دەربهێنرێت و لەقۆرخكاری ئازادبكرێت بۆ ئەوەی ببێتە پرسێكی نیشتیمانی و كۆنترۆڵكراو بێت لەلایەن نوێنەرانی خەڵكەوە كەپەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، كە نەوتی هەرێم لەدەستی چەند كەسێكدایە لەناو حزبدا».

لەعێراقی نوێدا كە لەدوای ساڵی 2003ەوە چەندین پرس هەن كەهەرێم و بەغدا ناكۆكییان لەسەریان هەیە، كەدیارترینیان بودجە و بابەتی نەوت و غازو كێشەی خاك و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور و پێشمەرگەو چەندین پرسی دیكەیە كە تاوەكو ئێستا رێككەوتنی كۆتاییان لەبارەوە نەكراوە.

یەكێك لەو گرفتانەی كە بەزەقی لەدوای ساڵی 2014ەوە سەریهەڵداوە لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەبیانووی هەناردەكردنی سەربەخۆیی نەوتەوە، بڕینی بوودجەی هەرێم بووە لەلایەن بەغداوەو لەوساوە تاوەكو ئێستا ئەو گرفتە چارەسەرنەكراوە.

لەئێستادا كەكابینەكەی سوودانی خەریكی ئامادەكردنی رەشنووسی بوودجەی ساڵی 2023یە، یەكێك لەو ئاستەنگانەی كە لەبەردەم ئامادەكردنی بودجەدایە وەك هەندێك لەبەرپرسانی سیاسی عێراق ئاماژەی بۆ دەكەن پشكی هەرێمی كوردستانە كە تاوەكو ئێستاو دوای چەندین سەردانی وەفدی هەرێم هێشتا بەغداو هەرێم نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.

وەك حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە ڕۆژی ١٣ـی شوباتی ٢٠٢٣، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ  محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوەو جەخت لەسەر رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدراڵ كرایەوەو گفتوگۆكرا لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم لەنێو بودجەكەدا، ئاماژە بەوەشكراوە بیروڕا لەبارەی پەرەپێدان و ئامادەكردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گازو ناردنی پێشنیارەكانی حكومەتی هەرێم لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق ئاڵوگۆڕكران و بڕیاردرا لەپێناو گەیشتن بەچارەسەرو رێكەوتن كۆبوونەوەو گفتوگۆكان درێژەیان هەبێت.

لەساڵانی پێشووتردا پشكی هەرێمی كوردستان لەسەدا 17بووە، بەڵام لەم چەندساڵەی دوایدا كەمكرایەوە بۆ لەسەدا 12و لەسەدا 14، لەئێستاشدا هەموو هەوڵەكانی وەفدی حكومەتی هەرێم لەبەغدا گەڕانەوەیە بۆ لەسەدا 17 بەڵام پێناچێت بەغدا بەئاسانی بەوە رازی بێت.

یەكێك لەو دۆسییە گرنگانەی دیكەش كەهەرێم دەیەوێت ئەمجارە لەگەڵ بەغداو بەتایبەتیش لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی بگاتە رێككەوتن لەسەری دۆسیەی نەوت و غازە كە بۆ ماوەی 18 ساڵە هەرێم و بەغدا لەسەری رێكنەكەوتوون، هەر لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی ١٢ی ئەم مانگە، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا، لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ كۆبووەوەو سەرۆكی شاندەكەی هەرێم ئەوەی خستۆتەڕوو كەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامانجیەتی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بگاتە رێكەوتن بۆ داڕشتنی یاسایەك كە لەچوارچێوەی دەستوورو لەخزمەت هەموو پێكهاتەو هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستاندا بێت و وەزیری سامانە سروشتیەكانیش، وردەكاری تێڕوانینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەبارەی رەشنووسی پرۆژەیاساكەوە خستەڕوو.

پرۆژەیاسای نەوت و غاز كە ماوەی 18 ساڵە لەڕەفەكانی پەرلەمانی عێراقدا كەوتووەو نەخراوەتە دەنگدانەوە پشت بەهەرسێ ماددەی دەستوری (111 و 112 و 115) دەبەستێت بۆ چارەسەر كێشەكانی هەرێم و بەغداو بەرپرسیارێتی ئیدارەدانی كێڵگە نەوتییەكان لەوڵاتدا پەیوەستكردووە بەكۆمپانیایەكی نیشتیمانییەوە كەئەنجومەنێكی ئیتیحادی تایبەتمەند لەو بوارەدا سەرپەرشتی دەكات، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەوە تائێستا نە یاساكە دەرچووەو نە كۆمپانیاو ئەنجومەنەكە درووستكراوە، لەساڵی 2003شەوە هەرێم و بەغدا لەسەر بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتییەكان ناكۆكن.

خاڵەكانی 20 و 23ش لەكارنامەی كابینەكەی سوودانی باس لەتێپەڕاندنی ئەم یاسایە دەكات بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا.

هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای نەوت و غازی تایبەت بەخۆی كە لەساڵی 2007ەوە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەركراوە، نەوت هەناردە دەكات، دوای ساڵانێكیش لەناكۆكی دواجار لە 15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری نادەستوریبوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی دەركردو رایگەیاند تەواوی گرێبەست و كاركردن و گەڕان بەدوای نەوتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان و وڵاتان بۆ هەناردەی نەوت نادەستورییە، حكومەتی هەرێمیش ئەوەی رەتكردەوەو ئەوەی بەپێشێلكردنی سەروەری خۆی وەسفكرد.

لەچاوپێكەوتنێكی رۆژنامەنوسیشدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە «ئێمە لەسەروبەندی پێشكەشكردنی بودجەین. لەگەڵ هەرێمی كوردستان گەیشتووینەتە رێككەوتن لەسەر شێوەی بەڕێوەبردنی نەوت و دابینكردنی دارایی لەیاسای بودجەدا.»

سەبارەت بەیاسای نەوت و گاز، سوودانی ئاماژە بەوەدەكات، «دوای پەسندكردنی بودجە دەچینە سەر دەركردنی یاسای نەوت و گاز، ئەمە یەكێكە لەگرنگترین شایستەكان هەر لەوکاتەوە دەستوور نووسراوەتەوە، چونكە تەنیا هەرێمی كوردستان چاوەڕێی نەوت و گاز ناكات، بەڵكو هەموو پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت چاوەڕێن، تاوەكو بزانن دەسەڵاتەكانیان چین و چی بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە.

لەنوێترین بڕیاریشدا كەوەك نیازپاكییەك دەردەكەوێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن لەگەڵ هەرێم، حكومەتی عێراق بڕیاریدا بڕی 272 ملیار دینار كە قەرزی گەنمی جووتیارانە بۆ ساڵەكانی 2015 و ‏‏2016 رەوانەی هەرێم بكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار