شاندی عێراق و ئەمریکا لە واشنتن لەسەر سێ پرسی سەرەکی کۆبونەتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شاندی عێراق و ئەمریکا لە واشنتۆن کۆبوونەوە و کۆبوونەوەکە بە سەرکردایەتی وەزیری دەرەوەی هەردوو وڵات بەڕێوەچووە، لە کۆبوونەوەکەدا سێ پرسی سەرەکی تاوتوێکراون کە بریتریبوون لە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار و سیستەمی دارایی، وزە، ژینگە.
لیژنەی باڵای هەماهەنگی ئەمریکا و عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای کۆبوونەوەی شاندی عێراق و ئەمریکا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە لە واشنتۆن ئەنجامدرا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە،هەردوو شاندەکە قوڵکردنەوەی پەیوەندی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە تەواوی پرسەکانی نێوان هەردوو لایەندا دوپاتکردەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی نێوان ئەمریکا و عێراق ، هەردوولا باسیان لە ئاستەنگەکانی بەردەم ئابوری عێراق کردووە، لەوانەش نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دینار و ئەمریکا پێشوازی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق کردووە بۆ دەرکردنی چاکسازی ئابووری لە بواری سیاسەتی دراو و مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و دارایی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رێگریکردن لە دەستکاریکردنی سیستەمی دارایی.
هەروەها ئەمریکا چاکسازییەکانی حکومەتی عێراقی بۆ پرەودان بە ئابووری عێراق لە بەهێزکردنی بازاڕە دارایی و ئاڵوگۆڕەکان بە گرنگ ناوبردووە و شاندی ئەمریکی پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی عێراق بۆ بنیاتنانی توانای تەکنیکی و جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی سیستەمی بانکی لە تاوانە داراییەکان و سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریستی نوێکردەوە.
پرسی وزە یەکێک بوو لەو پرسانەی، هاوشانی دارایی بابەرتی سەرەکی بوو لە دانیشتنەکەندا و هەردوولا بڕیاریاندا هەوڵەکان زیاتر بکەن بۆ مۆدێرنکردنی ژێرخانی وزە و پەیوەندی ناوچەیی بە تۆڕی کارەبای عێراق و گەڕان بەدوای دەرفەتەکانی وزەی نوێبووەوە. هاوکات، شاندی ئەمریکا ستایشی پابەندبوونی عێراقی کرد بە پڕۆژەکانی پەیوەندیی کارەبایی ناوچەیی لەگەڵ ئوردن و سعودیە و دەسەڵاتی پەیوەندییەکانی GCC.
سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی ، شاندی عێراق ڕایانگەیاندووە کە عێراق بەم نزیکانە ستراتیژییەکی گشتگیری حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بڵاودەکاتەوە.
لە راگەیەندراوە هاوەبەشەکەدا باس لە هاوکارییەکانی ئەمریکا دەکات بۆ عێراق و تیایدا هاتووە واشنتۆن لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری پەرەپێدان پێشکەش بە عێراق کردووە و ئەمریکا نیازی خۆی دەربڕی بۆ بەردەوامبوون لە هاوکارییە تەکنیکییەکانی بۆ باشترکردنی شێوازەکانی بەڕێوەبردنی ئاویش لە عێراقدا.
راگەیەندراوە هاوبەشەکە ئەوەشی تێدا باسکراوە، ئەمریکا پێشوازی لە پێشهاتە ئەرێنییەکانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و دانوستانە بەردەوامەکانی سەبارەت بە پرسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ و یاسای هایدرۆکاربۆنەکان کردووە.
ئەم ڕاگەیەندراوە دوای سەردانەکەی شاندێکی عێراقی بۆ ئەمریکا بە سەرکردایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانیشەدێت.
شاندەکەی عێراق بۆ ئەمریکا لە نوێنەرایەتیی بانکی ناوەندی، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی نەوت، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی کارەبا و ئۆفیسی سەرۆکوەزیران و نوێنەرایەتیی گۆڕانی کەشوهەواو هەروەها نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون.
هاوکات شاندە عێراقییەکە لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا؛ جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی؛ جۆن کێری، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ گۆڕانی کەشوهەوا؛ ئادیمۆ، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا؛ هۆشستین، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ هاوئاهەنگیی وزەی جیهانی و ژێرخان لەگەڵ برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوە و گەنجینە و وزە و ژووری بازرگانی پێکهاتبوون.