هەنگوینەکەی بەغدادو ئوم فەهدو چەندین کەسی دیکە سزا دەدرێن

عێراق؛ ئەو کەسانەی ناوەڕۆکی ئاست نزم بڵاودەکەنەوە دەستگیردەکرێن

2 ساڵ لەمەوپێش



هێمن مەحموود
 
هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەڵمەتێكی دەستگیركردنی ئەو كەسانەیان دەستپێكردووە كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواداریان زۆرەو بە(بلۆگەر)یان (فاشنیست) بەناوبانگن و بابەتی نامۆ بەكۆمەڵگا و ئابڕووبەرو ناوەڕۆك ئاست نزم و پووچ بڵاودەكەنەوەو تائێستا زیاتر لە شەش كەسیان لەو كەسانە دەستگیركردووەو سزای بەندكردنی چەند ساڵەشیان بۆ بڕیوونەتەوە كەچەند ژنێكشیان تێدایە، بەقسەی بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆش هەڵمەتەكە بەردەوامی دەبێت، ئەم هەنگاوەی حكومەتی عێراقیش لەلایەك پێشوازی لێكراو لەلایەكی تریشەوە هەندێك لەچالاكوانان نیگەرانی خۆیان دەربڕی كە رەنگە كاریگەری هەبێت بۆ سەر ئازادی بیروڕا.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەمانگی رابووردوودا رایگەیاند كەوا لیژنەیەكیان بۆ دیاریكردنی ئەو بابەتانە درووستكردووە كەوا (ناوەڕۆكێكی پووچ و ئابڕووبەرو دژ بەزەوقی گشتی و پێچەوانەی رەوشت و رەفتارەكانی كۆمەڵگا) هەیەو لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاودەكرێنەوە، هاوكات مینبەرێكیشیان درووستكردووە تابەكارهێنەرانی ئینتەرنێت وەزارەتی ناوخۆ لەو بابەتانە ئاگاداربكەنەوە كەدەڕۆنە ئەو چوارچێوەیەوە بۆ ئەوەی خاوەنەكەی دەستگیربكرێت.
تاوەكو ئێستاش چەندین كەس زیندانیكراوان و دادگاییكراون و سزادراون و هەڵمەتەكەش بەردەوام دەبێت. دادگای كەرخ بڕیاری زیندانیكردنی دوو ساڵی بۆ (عەلی حەسەن زەجمە) كەیەكێكە لەچالاكوانانی یوتیوب بڕییەوە، (غوفران مەهدی سەواد)یش كەناسراوە بە (ئوم فەهد) كەچالاكێكی تۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆكە بڕیاری زیندانیكردنی شەش مانگ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە، ئەویش بەتۆمەتی بڵاوكردنەوەی چەندین ڤیدیۆ كەقسەی نەشیاوو ئابڕووبەرو دژ بەئادابی گشتی تیادایە. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی كە (ئوم فەهد) لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆك بڵاویكردووەتەوە بەجلی نیمچە رووتەوە دەردەكەوێت و بەردەوام باس لەوەدەكات كەپەیوەندی لەگەڵ تۆڕێكی بەرفراوانی دەسەڵاتدارانی عێراقدا هەیە، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشووتریش هێزە ئەمنییەكانی عێراق (عەسەل حسام) كەناسراوە بە(هەنگوینەكەی بەغدا)یان بەهەمان تۆمەت كەئەویش بڵاوكردنەوەی شتی نامۆیە بەكۆمەڵگا دەستگیركرد.
لەترسی دەستگیركردن و زیندانیكردنیشیان زۆرێك لەو كەسانەی كەتۆمەتبارن بەبڵاوكردنەی شتی نامۆو ئابڕووبەر لەكۆمەڵگادا كەوتوونەتە سڕینەوەی بابەت و وێنەو ڤیدیۆكانی رابووردوویان و هەندێكی دیكەشیان كەوتوونەتە داخستن یان فرۆشتنی هەژمارەكانیان، هەندێكیشیان چەند ڤیدیۆیەكیان بڵاوكردووەتەوە كەداوای لێبووردن لەوەزارەتی ناوخۆو جەماوەر دەكەن لەو بابەتانەی كەپێشتر بڵاویانكردووەتەوە.
دەربارەی هۆكاری دەستگیركردنی ئەو كەسانەش، سەعد مەعن بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت هۆكاری دەستگیركردنی ئەو كەسانە بەهۆی ئەو سكاڵایانەوە بووە كە لەلایەن هاووڵاتیان و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەمیبنەری ئەلیكترۆنی (هەواڵبدە) تۆماریان كردووەو تایبەت بەهەواڵدان لەو جۆرە كەسایەتیانەی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
مەعن ئاماژەشی بۆ ئەوەكردووە كەدەستگیركراوەكان رەوانەی دادگا دەكرێن و بەئامادەبوونی لیژنەیەكی شارەزا تەماشای دۆسیەكانیان دەكرێت، جەختیش لەوەدەكاتەوە كە وەزارەتەكەیان لەدوای ئەو هەڵمەتە تێبینی ئەوەیانكردووە كە لەو جۆرە بڵاوكراوانەی دژ بەكۆمەڵگان و ئابڕووبەرن و بێ ئاست و ناوەڕۆك پووچن كەمیكردووە.
بەپێی ئەوەی یاساناسانیش خستوویانەتەڕوو دەستگیركردنەكان بەپێی ماددەی 403ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 بەڕێوەدەچێت كەسزاكەی دوو ساڵ زیندانی و پێبژاردنی 200 هەزار دینارە.
بەڵام وەنەبێت ئەم هەڵمەتەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رووبەڕووی رەخنە نەبووبێتەوە، بەڵكو ژمارەیەك لەچالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی و ئەوانەی لەبواری مافی مرۆڤدا كاردەكەن رەخنەی خۆیان ئاراستەی وەزارەتەكە كردووەو دەڵێن ئەم رێوشوێنانە چەندین نیشانەی سەرسوڕمان دەخاتەسەر چەمكی دادگەری لەعێراقدا.
دكتۆر عەلی بەیاتی شارەزا لەبواری مافی مرۆڤ رایگەیاندووە رێوشوێنەكانی دادگاو حكومەتی عێراق بۆ رێگەگرتن لەبڵاوبوونەوەی بابەت و پەیامی ئاست نزم لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەرچەندە پێویستییەكی گرنگ بێت و بیانوویەك بێت بۆ پارێزگاریكردن لەزەوقی گشتی كۆمەڵگای عێراقی، بەڵام دەستوەردانی راستەوخۆی دەزگا ئەمنییەكان و فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەو كەسانە وەك هەنگاوی یەكەم بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە كارێكی زۆر بەپەلە بووەو هیچ پێویستی بەوە نەدەكرد یاسا زۆر بەتوندی بەكاربهێنرێت.
هەروەها دەشڵێت پێویست بوو سەرەتا پەناببرێتە رێوشوێنە بەدیل و سزا ناڕاستەوخۆكان وەك داخستنی هەژمارەكان و ئاگاداركردنەوەیان و سزادانی ماددییان، پێویستە هەر بەرتەسككردنەوەیەكی ئازادی لەڕێگای یاساوە بێت و ئەم یاسایەش رەچاوی بەهاكانی مافی مرۆڤی تێدا بكرێت لەهەموو روویەكەوە.

عەلی تەمیمی شارەزای بواری یاساش بڕوای وەهایە یاسای سزادانی عێراقی زۆر بەڕوونی جیاوازی لەنێوان جنێودان و تەشهیرو سوكایەتی خستووەتەڕوو، ئاماژە بەوەشدەكات دەبێت دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان بەرپرسیارێتی چاودێریكردنی ئینتەرنێت بگرنە ئەستۆ بەهاوبەشێتی لەگەڵ چەندین شارەزای بواری راگەیاندن و یاساداو ئەوەی دژ بەیاسایە رەوانەی دادگا بكرێت، جەختیش لەوەدەكاتەوە كەپێویستە یاسای رووبەڕووبوونەوەی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان دەربكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە.
بەبڕوای بەشێك لەشارەزایانی كۆمەڵناسیش بۆ تێگەیشتن لەناوەڕۆكی بڵاوكراوەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پێویستە لێكۆڵینەوەو پێداچوونەوەی واقیعی كۆمەڵگای عێراقی بكرێت و دەبێت بزانرێت بۆچی زۆرینەی گەنجان و هەرزەكاران تەماشای ئەو ناوەڕۆكانە دەكەن كەهیچ مانایەكیان نیە.
ئەو كۆمەڵناسانە بڕوایان وەهایە تێنەگەیشتنێك هەیە بۆ چەمكی ئازادی لەلایەن ئەو كەسانەوە كە ناوەڕوكی ئاست نزم و سەتحی و پووچ بڵاودەكەنەوەو ئامانج لێی سەرقاڵكردنی گەنجانە بەو بابەتانەی كە رێگە لەگەشەكردنی بەهرەو گەشەپێدانی گەنجان دەگرێت.
بەپێی ئامارێكی ناوەندی راگەیاندنی ژمارەیش (كە رێكخراوێكی ناحكومییە) بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەجۆرە جیاوازەكانییەوە لەساڵی 2022 گەیشتووەتە 28 ملیۆن و 300 هەزار كەس لەعێراقدا، كە رێژەی پیاوان لەسەدا 68 و رێژەی ئافرەتانیش لەسەدا 32، تەمەنی بەكارهێنەرانیش لەنێوان پێنج ساڵ بۆ 34 ساڵدایەو تۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆك رێژەی بەكارهێنەرانی لەساڵی رابووردوو زیادبووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار