نوێنەری هەدەپە لە باشور: تورکیا هاوکاریەکان بۆ گروپە چەکدارەکان دەنێرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نوێنەری هەدەپە لە باشوری کوردستان باسی لەوەکرد،ئەو هاوکارییانەی کۆدەکرێنەوە و رادەستی حکومەتەکانی تورک و سوریا دەکرێن ناگەنە دەست لێقەوماوانی بومەلەرزە و داوای کرد هەموو کەس هاوکارییەکانیان بگەیەننە دەست نوێنەرایەتیەکەیان بۆ ئەوەی بگەنە دەست لێقەوماوان.
لە هەولێر ناهیدە ئەرمیش نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە باشوری کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا، باسی لە کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری لە ناوەندەکەیان کرد و ئاماژەی بەوەکرد لە سلێمانی و هەولێر و هەموو شوێنێک کوردانی خاوەن هەستی نەتەوەیی و نیشمانی دوای کارەساتی بومەلەرزە کەوتنە ئامادەباشییەوە و رایگەیاند، "ئێمە وەک هەدەپە ئامادەباشیمان راگەیاند. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە لە دۆخێکی بەپەلەدا و دەستبەجێ هاوکارییەکان بگەیەنینە دەست لێقەوماوان.
نوێنەری هەدەپە وتی کە تائێستا بڕێکی باش هاوکارییان کۆکردووەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کارەساتەکە تەنیا شارێک و ناوچەیەکی نەگرتووەتەوە، پێویستە هەموو کەسێک بە هەموو تواناوە پشتیوانی هەڵمەتەکە بکەن. جگە لە پەدەکە زۆر پارت و کەسایەتی باشوری کوردستان پشتیوانیان لە کەمپینەکەیان کردووە.
ناهیدە ئەرمیش دەشڵێت کە هاوکارییەکان لە بارەگاو ناوەندی نوێنەرایەتی پارتەکەیان کۆدەکەنەوە و ئەو هاوکارییانەی بە شێوەی کەلوپەل دەچنە تورکیا لە لایەن حکومەتەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، بۆیە بۆ باکوری کوردستان پارە دەنێرن و بۆ رۆژئاوای کوردستانیش کەلوپەل رەوانە دەکەن.
نوێنەری هەدەپە لە باشوری کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەو هاوکارییانەی کە لەلایەن رێکخراوەکانی باشورەوە کۆدەکرێنەوە و رادەستی دامودەزگاکانی تورکیا دەکرێن، دەیانگەیەننە گروپە چەکدارەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوا. هەموو کەس ئەوە دەزانێت و رەوانەی ناوچەکانی بومەلەرزەی ناکەن.
ئەرمیش لەبارەی کەمپینەکەیان وتی، "سەرەتا بۆ هەفتەیک کەمپینەکەمان دەستپێکردبوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی پێویستی زۆرە رەنگە مانگێکیش بەردەوام بێت. داوا لە گەلی باشور دەکەین، زیاتر پشتگیری و هاوکاری بکەن. پێویستی بە هەموو شت هەیە. وەک ئەرکێکی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و ویژدانی بەو جۆرە مامەڵە بکەن و دەستی هاوکاری درێژ بکەن".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار