گەرمیان: کارکردن له 64 پڕۆژە راگیراوە
2 ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
لەسنوری ئیدارەی گەرمیان لەكۆی 144پرۆژە، كاركردن لە 64 پرۆژەدا راگیراوەو شەش پرۆژەیان بەتەواوی هەڵوەشاوەتەوە كە بەزۆری پرۆژەی خزمەتگوزارو تەندروستی و پەروەردەو گەشتیارییە.
یەكێك لەگرنگترین ئەو پرۆژانەی كەهەڵوەشاوەتەوە پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی سەد قەرەوێڵەییە لەقەزای كەلار كە لەساڵی 2013 بڕیاری دروستكردنی دراوە، هاووڵاتیانی سنورەكە بەپرۆژەیەكی گرنگ و پێویستی دەزانن بۆ ناوچەكەیان، بەڵام ئەم پرۆژەیە نەك كاركردنی تێیدا راگیراوە بەڵكو حكومەت كاركردنی لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار هەڵوەشاندوەتەوەو بەدوور دەزانرێت كاری تێدا بكرێتەوە.
لەنێو ئەو پرۆژانەی كەڕاگیراون نزیكەی 70لەسەدی دەكەوێتە قەزای كەلارەوەو بەشەكەی دیكە دەكەونە قەزای كفری و قەزای خانەقینەوە كە 15پرۆژەی شارەوانی گەرمیانی تێدایە كەڕاگیراون.
ئەندازیار عومەر وەلی بەڕێوبەری پلاندانان لەئیدارەی گەرمیان بەهاوڵاتی راگەیاند:» لەسنوری گەرمیان لەكۆی 144پرۆژە، 64 پرۆژەیان راگیراوە و شەش پرۆژەیان گرێبەستی كاركردن تێیدا هەڵوەشاوەتەوە كەیەكێك لەو پرۆژانە پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەی سەد قەرەوێڵەییەكەی قەزای كەلارە كەبەیەكێک لەپرۆژە گرنگەكان دادەنرێت كەزۆربەی ئەو پرۆژانەی كەڕاگیراون دەكەوێتە قەزای كەلارەوە، كەنزیكەی 70لەسەد دەبێت و پرۆژەكانی تریش دەكەوێتە قەزاو ناحیەكانی سنوری كفری و خانەقین».
وتیشی:» ئەو پرۆژانەی كەڕاگیراون زیاتر پرۆژەی خزمەتگوزراین و پرۆژەی پەروەردەو بینای زانكۆو رێگەوبان و قیرتاوكردنی كۆڵان و شۆستەكان و پرۆژەی گەشتیارو تەندروستی و دروستكردنی بەنداوە كەپێویستەكی سەرەكین بۆ سنورەكە».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» كۆی تێچووی ئەم پرۆژانە كەڕاگیراون نزیكەی 438 ملیار دینار دەبێت و 95 ملیار دیناری وەرگیراوە، زیاتر ئەو پرۆژانەی كەڕاگیراون لەسەر بوجەی وەبەرهێنانن، ئێمەش وەك ئیدارەی گەرمیان هەمیشە داوامانكردووە كە ئەم پرۆژانە كاركردن تێدا دەستپێبكاتەوە، بەڵام زیاتر هۆكارەكەی بۆ قەیرانی دارایی دەگەڕێنەوە».
هاوكات بەرزان فایەق بەڕێوبەری پرۆژەكان لەشارەوانیی گەرمیان بەهاوڵاتی وت:» ئەو پرۆژانەی كەڕاگیراون لەشارەوانییەكان 15پرۆژەیە، كە پێنج پرۆژەیان دەكەوێتە قەزای كەلارەوە، كە بەزۆری پرۆژەی قیرتاوو ئاوەڕۆ و شۆستەكانن، بۆ نموونە یەكێك لەم پرۆژانەی كەلار كەڕاگیراوە پرۆژەی ئاوەڕۆو رێگاسازیە لەنێوان گەرەكی بنگردو گردە گزینەوەو دوو لەو پرۆژانە دەكەونە ناحیەی رزگارییەوە وەك پرۆژەی رێگاسازی گەڕەكەكانی ناحیەی رزگاری كەزۆربەی گەڕەکەكانی رزگاری دەگرێتەوە، ئەم پرۆژەیە 51 لەسەدی تەواو بووە كە پرۆژەكە دەستبكاتەوە بەكاركردن، بەشێكی زۆری گەڕەکەكانی رزگاری دەگرێتەوە، لەئێستادا گەڕەکەكانی ناحیەی رزگاری زۆربەی رێگاسازی بۆ نەكراوە، دوو پرۆژەیان دەكەوێتە قەزای خانەقینەوە».
راشیگەیاند:» ئەو پرۆژانەی كە لەشارەوانییەكان راگیراوە لەساڵی 2012 بڕیاری لەسەردراوەو لەسەر بوجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان كە بەپترۆدۆلار ناسرابوو، ئەم پرۆژەیەش نەماوە لەئێستاداو تائێستاش هیچ بڕە پارەیەك بۆ ئەم پرۆژانە تەرخاننەكراوە هەموو پرۆژەكان پێداویستی خەڵكی ناوچەكەن».
ئەوەشی وت:» تێچووی پرۆژەكانی شارەوانی گەرمیان 50 ملیۆن دۆلار دەبێت، راگرتنی ئەم پرۆژانە زیاتر پەیوەندی بەقەیرانی داراییەوە هەیە».
هەروەها ئەیاد محەمەد، چالاكی مەدەنی دەڵێت:» لەگەرمیاندا چەندین پرۆژەی گرنگ هەیە كەپێویستە جێبەجێ بكرێن و كاری تێدابكرێتەوە وەك پرۆژەی رێگای كەلار بۆ سلێمانی و چەندڕۆژێك كاری تێدادەكرێت و دووبارە رادەگیرێتەوەو پرۆژەی بەنداوی باوەنورو نەخۆشخانەی سەد قەرەوێڵەییەكەی كەلارە كەپێویستە بۆ ناوچەكەو تەندروستی گەرمیان لەئێستادا پەكیكەوتووە ئەم پرۆژانەو چەندینی دیكە، بەڵام دەبینین لەشوێنەكانی دیكە پرۆژە جێبەجێدەكرێت و گەرمیان پشتگوێخراوە لەهەموو روویەكەوە، هۆكاری ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كەحزب دەستی خستووەتە نێو هەموو كارەكانی حكومەتەوەو سنورەكە بووەتە قوربانی ململانێی حزبەكان».
ئەیاد محەمەد بە هاوڵاتی وت:» لایەنی پەیوەندیدار باس لەقەیرانی دارایی دەكەن و لەئێستا بەجیاوازتر لەساڵاتی رابردوو قەیران كەمبووەتەوە دەشبینن پرۆژەكان بەزۆری كاری تێدا ناكرێت و ئەگەر هەر پرۆژەیەكیش هەڵبوەشێتەوە شەرمەزارییە بۆ حكومەت و بەرپرسانی ناوچەكە».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: قەیرانی دارایی بیانویەكە بەدەست حكومەتەوە بۆ پەكخستنی كەرتی گشتی و بۆ ئەوەی هاووڵاتی هەمیشە لەكێشەدا بێت باسی پرۆژە گرنگەكان نەكرێت و حكومەت لەخەمی خەڵكدا نیەو نایانەوێ خزمەت بەسنورەكەش بكەن».