ئێران بەهۆی زۆریی خەرجیی زیندانیان لێبوردنی گشتی دەردەکات

حکومەتی ئێران: زیاتر لە 240هەزار کەس لە زیندانن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان سەرەڕای هەموو قەیرانەكان دەسەڵاتی ئێران رووبەڕووی زۆری ژمارەی زیندانیان و كورتهێنانی بودجەی زیندانەكان بووەوەو ئەو وڵاتە كەخاوەنی پلەو ریزبەندی جیهانییە لە رووی ژمارەی زیندانیانەوە دەیەوێت بەتیرێك دوو نیشان بپێكێت و بەناوی لێبوردنی گشتییەوە خۆی لەقەیرانی زیندان دەرباز بكات.
لەساڵانی رابردووشدا ئێران بەدەركردنی لێبوردنی گشتیی نزیكەی 20 بۆ 35 هەزار زیندانیی ئازاد دەكرد كەتاوانێكی ئەوتۆیان لەسەر نەبوو یان بەشێكی زۆری سزاكەیان تێپەڕاندبوو، بەڵام ئەمساڵ لەهەنگاوێكی سەرنجڕاكێشدا لێبوردنێكی بەرفراوانتری بەقەبارەی سێ هێندەی ساڵانی رابردوو دەركرا.
دەسەڵاتی ئێران دەیەوێت بەئازادكردنی نزیكەی 100 هەزار كەس بەلێبوردنی گەشتی لەلایەن رابەری كۆماری ئیسلامی لەلایەك تێچووی زیندانەكانی و لەلایەكیش ژمارەی بەندكراوەكانی كەمبكاتەوەو زیاتر لە 39 هەزار دەستگیركراوی ناڕەزایەتییەكان منەتبار بكات كە تائێستا زۆربەی ئەو چالاكوانانەی كەئازادكراون خۆیان نەخستووەتە ژێر باری ئەو منەتەو رایانگەیاندووە بەهیچ شێوەیەك داوایان نەكردووە كەلێبوردن بیانگرێتەوەو نموونەی ئەوە زارا محەمەدی، مامۆستای زیندانیكراوی كورد بوو كەئێوارەی هەینی (10/3/2023) ئازاد كرا.
كوردو زیندان
پێگەی تایبەت بەبەرگریی لەزیندانیكراوان لەئێران (united4iran.org) ئاشكرای كردووە؛ بەپێی ئەوەی 60% خەڵكی ئێران بەزمانی فارسی قسە دەكەن و بەڕەچەڵەك بەفارس ئەژمار دەكرێن، دەبێت بەپێوەرە كۆمەڵایەتی و مرۆییەكان 60% رێژەی كەسانی زیندانیكراون لەو وڵاتە لەڕەچەڵەكی فارس بن بەڵام لەئامارەكاندا دەردەكەوێت كەدوای رەچەڵەكی توركمان، فارسەكان كەمترین كەسیان لەزیندانەكاندایەو لەبەرامبەردا زۆرترین ژمارەی زیندانی كورد بەتۆمەتی جیاوازیی ئایینی و سیاسیی لەزیندانەكانی ئێراندان.
ئەو پێگەیە روونیكردووەتەوە كورد لە ریزبەندی یەكەمی زیندانیكراوانی ئێراندا كەزۆرترین كەسی بەتۆمەتی سیاسی و ئایینی لەزیندانەكانی ئەو وڵاتەدان و دوای ئەوەشی فارس لەپلەی دووەمی تۆمەتی سیاسی و عەرەب لەپلەی سێیەم و بلوچ لەپلەی چوارەمی زیاترین زیندانیانی سیاسیی ئێراندا دێن.
كۆماری ئیسلامی ئێران بەبیانووی جێبەجێكردنی یاساو شەرعی ئیسلامی یەكێكە لەو وڵاتانەی زیاترین سزای زیندانی بەسەر نەیاران و هاووڵاتیانی سەرپێچیكاری خۆیدا دەسەپێنێت و ئەمەش ئەو وڵاتەی كردووەتە هەشتەمین بۆ دەیەمین زیندانی گەورەی جیهان و چوارەم زیندانی گەورەی وڵاتانی ئیسلامی.
كۆمارێك لەزیندانی
ئامارە فەرمییەكانی ئێران دەریدەخەن كەساڵانە نزیكەی 650 هەزار كەس سزای زیندانیان بەسەردا دەسەپێنرێت و بەوەش لە 44 ساڵی تەمەنی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەسەر ئێراندا نزیكەی 29 ملیۆن كەس لەكۆی 85 ملیۆن هاوڵاتی بەتۆمەتی جیاوزا لانیكەم بۆ جارێكیش بێت زیندانیی كراون.
بەپێی زایارییەكانی پێگەی ئەلیكترۆنی ناوەندی نێودەوڵەتی زیندانیانی جیهان (prisonstudies.org) لەساڵی 1980 واتە تەنها یەك ساڵ دوای بەدەسەڵات گەیشتنی كۆماری ئیسلامی لەئێران ژمارەی زیندانیكراوانی وڵاتەكە 10هەزار كەس بووە كەدوای 13ساڵ ئەو ژمارەیە بۆ زیاتر لە 101هەزار زیندانیی بەرز بووەتەوەو لەساڵی 2001 گەیشتووەتە 158 هەزار و لەساڵی 2018 بۆ زیاتر لە 240 هەزار زیندانیی بەرزبووەتەوە، بۆیە ئێران لەساڵی 2018 دەبێتە هەشتەم وڵات  لەجیهان  كەزیاترین زیندانیكراوی هەیە.
ئێران هەفتەیەكە بانگەشەی لێبوردنێكی گەشتی دەكات كە بەپێی لێبوردنەكە نزیكەی 100 هەزار زیندانی و دەستگیركراوی ئەو وڵاتە ئازاد دەكرێن و لەئامارە نافەرمییەكانیش دەركەوتووە لەماوەی نزیكەی پێنج مانگی ناڕەزیەتییەكاندا زیاتر لە 30 هەزار كەس دەستگیرکراون و ژمارەی زیندانیانی ئەو وڵاتەش بۆ زیاتر لە 200 هەزار كەس بەرزبووەتەوە لەكاتێكدا بڕیاربووە تەنها 20 هەزار كەس لەزیندانەكانی ئێراندا هەبێت.
شەوی هەینی لەچوارچێوەی لێبوردنە گشتییەكەی ئێران ژمارەیەك چالاكوان ئازادكران بەبێ ئەوەی پێشتر خۆیان یان پارێزەرەكانیان ئاگاداركرابێتنەوە و تەنانەت هەندێك لەو زیندانیانە ئەو لێبوردەنەیان رەتكردووەتەوە كە لەلایەن عەلی خامنەیی، رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران راگەیەنراوە.
 
گەورەترین لێبوردن لەمێژووی ئێران
یاسای ژمارە 110ی دەستوری ئێران بەپێی بەندی 11 ئاماژە بەوەكراوە كەتەنها یەك كەس بەڕاوێژ لەگەڵ سەرۆكی دەزگای دادی وڵاتەكە دەتوانێت لێخوشبوون یان لێبوردنی گشتی بۆ تاوانبارو زیندانیان دەربكات كەئەویش عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامییە.
خامنەیی ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بەبۆنەی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی لێبوردنێكی گشتیی دەكرد كە بەو جیاوازییەی كەزیاترین زیندانیی بەراورد بەفەرمانەكانی پێشووی بەر ئەو لێبوردنە دەكەون كەژمارەیان دەگاتە 100 هەزار كەس.

سەرچاوەكانی ناوخۆی ئێران بڵاویانكردووەتەوە لێبوردنە گشتییەكەی ئەمجارە بڕیارە 100 هەزار زیندانیی بگرێتەوە كە لانیكەم 39 هەزار زیندانییان لەدەستگیركراوانی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ناوچەكانی تری ئێرانە لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی.
خامنەیی لەساڵی 2019 بەهۆی یادی 40 ساڵەی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێران  لێبوردنێكی گشتیی دەركرد كە 94 هەزار زیندانیی دەگرتەوەو نزیكەی 61 هەزار زیندانیی ئازادكران، بەڵام لەساڵی 2020 و لەهەماندا یاددا لێخۆشبوونی بۆ سێ هەزار و 840 زیندانیی وڵاتەكەی دەركردووە كە لێخۆشبوونەكە ئازادكردن و سوككرنی سزای ئەو ژمارە زیندانیەی لەخۆگرتووە، بۆیە فەرمانی ئەم دواییەی بەبۆنەی 44 ساڵی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی بەراورد بەسەرجەم لێبوردنەكانی دیكە زیاترین زیندانیی دەگرێتەوە، بەڵام بەپێی مەرجەكان بێت كەمترین ژمارەی دەستگیركراوانی ناڕەزایەتییەكان دەگرێتەوە.
مەرجەكانی ئەو لێبوردنە گشتییە ئەوەیە كەنابێت هیچ دەستگیركراوێك تۆمەتی سیخوڕی لەسەر بووبێت و تۆمەتبار كرابێت بە پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە بیانیەكان و هاوكات تۆمەتی كوشتن و برینداركردنی لەسەر نەبێت و هەروەها ئەو دەستگیركراوانە نابێت هیچ جۆرە سكاڵایەكیان لەسەر تۆمار كرابێت و دەستیان نەبووبێت لەكردنەوەی ئاگرو دروستكردنی بەربەست لەشەقام و شوێنە گشتییەكان و هێرشیان نەكردبێتە سەر دامودەزگا حكومییەكان.
 
قەیران و بودجەی زیندانیان
ناوەندی سیستمی زیندانەكان لەجیهان(World Prison Brief) بڵاویكردووەتەوە؛ ئێران خاوەنی 189 هەزار زیندانییەو بەوەش دەبێتە دەیەمین وڵاتی جیهان كەزیاترین زیندانیی هەیە لەكاتێكدا ناوەندی زیندانەكانی وڵاتەكە رایگەیاندووە ژمارەی زیندانییانی ئێران زیاتر لە 240 هەزار كەسە.
ئاشكرابووە هەر زیندانییەك مانگانە لانیكەم 222 دۆلاری پێویستەو بەهۆی ئەوەی لەم دواییانەشدا زیاترین بەشداربووی ناڕەزایەتییەكان دەستگیركراون و دەبێت رەوانەی زیندانەكان بكرێن، خەرجییەكانی حكومەت بەرزدەكەنەوە.
بودجەی ئەمساڵی زیندانەكانی ئێران بە 198 ملیۆن دۆلار دیارییكراوەو لەبەراوردەكاندا دەركەوتووە ئەگەر ئەو ژمارە زۆرە لەزیندانەكاندا بمێننەوە لانیكەم پێویستیان بە 79 ملیۆن دۆلاری دیكەیە.
لێبوردنە گەشتییەكەی خامنەیی كە بۆ یادی 44 ساڵەی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێران بووە دوو ئامانج دەپێكێت كە لەلایەك زیندانەكانی ئێران لەو قەرەباڵغی و لەكورتهێنانی بودجە رزگار دەكات و لەلایەكی دیكەشەوە دەسەڵاتی وڵاتەكەی بەلێبوردەو خۆگونجێن پیشاندەدات كە تائێستا پێچەوانەی ئەوە دەركەوتووە.
 
جێ‌ لەزیندانەكاندا نەماوە
بەپێی ئامارە رەسمییەكان بۆ هەر 100 هەزار كەس لەدانیشتوانی ئێران بەرۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە نزیكەی 290 كەس زیندانیی دەكرێن و لەهەر ساڵێكدا نزیكەی 650 هەزار كەس لەدانیشتوانی ئێران بۆ ماوەی تەنانەت 24 كاتژمێریش بێت، زیندانیی دەكرێن لەكاتێكدا توانای لەخۆگرتنی زیندانەكانی ئێران 88 هەزار كەسە.
بەهۆی ئەوە ژمارەو سزای زیندانیكردن لەئێران زۆرە پێدەچێت هەر هاووڵاتییەك تاكۆتایی ژیانی لەو وڵاتە بەلانی كەمەوە 24 كاتژمێر زیندانیكردنی بەربكەوێت.
ئێران خاوەنی 268 زیندانی ئاشكرایە لە 31 پارێزگا كە 108 زیندانیان لەلایەن دەزگای دادی وڵاتەكەوە سەرپەرشتیی دەكرێن و سوپای پاسدارن 29 زیندانی هەیە و وەزارەتی هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) نزیكەی 51 زیندانی هەیە، بۆیە هەر كەسێك رێی بكەوێتە زیندانەكانی سوپای پاسداران و ئیتلاعات رەنگە بەتەواوەتیی بێسەروشوێن ببێت چونكە هیچ زانیارییەكی فەرمیی لەسەر بڵاوناكرێتەوە.
زیندانەكانی قەرچەك، فەشافویە، عادل ئاباد، ئێوین، وەكیل ئاباد، ورمێ بەمەترسیدارترین و گەورەترین زیندانەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەقەڵەمدەدەرێن كەسەرجەمیان لەلایەن ئەمریكاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرایانكردووە تەنها لەو بەشەی كوردستان نزیكەی حەوت هەزار كەس لەناڕەزایەتییەكاندا دەستگیركراون و دوور نییە بەو لێبوردنە سزای زۆرینەیان كەم ببێتەوەو ژمارەیەكیشیان ئازادبكرێن، بەڵام ئەوەش ناتوانێت ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵات راگرێت بەتایبەت كەجگە لەو زیندانیانە 130 كەس كوژراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار