لە ئامەد و مەرەش جارێکی دیکە بومەلەرزە روویدا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە پارێزگاکانی ئامەد و مەرەشی باکوری کوردستان دوو بومەلەرزەی دیکە بە پلەی ٤ و ٤.١ بە پێوەری ریختەر روویاندا.
دەزگای کارەسات و فریاگوزاری تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، ئەمڕۆ ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٣، کاتژمیر ٠٦:٠٤، بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤ پلەی ریختەر ناوچەی دیجلە سەر بە پارێزگای ئامەدی هەژاندووە. بەگوێرەی ئافاد، بومەلەرزەکە لە قۆڵی ٧ کیلۆمەتر روویداوە.
ناوچەی دیجلە ٦٧ کیلۆمەتر لە ناوەندی ئامەدەوە دوورە. ئافاد هەروەها رایگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر ٧:٤٠ بومەلەرزەیەکی دیکە بە پلەی ٤.١ پلەی ریختەر پارێزگای مەرەشی باکوری کوردستان هەژاندووە.
باسی ئەوەشی کرد کە ناوەندی بومەلەرزەکە ناوچەی گۆکسونی مەرەش بووە و لە قۆڵات ٧ کیلۆمەتر روویداوە. دوای بومەلەرزەکانی ٦ی شوبات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٧ هەزار پاشلەرزەی دیکە لە باکوری کوردستان و تورکیا روویانداوە.
بەگوێرەی نوێترین ئامار، لە بومەلەرزەکانی باکوری کوردستان و تورکیادا، ٤٢ هەزار و ٣١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و بومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر نزیکەی ١٤ ملیۆن کەس دروست کردووە.