عێراق؛ هەوڵی تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان شەقام دەهەژێنێت

سەدر پێشنیازی گفتوگۆكردن لەسەر یاساكە رەتدەكاتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هێمن مەحمود

مشتومڕەكان لەسەر تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەعێراقدا تا دێت زیاتر دەبێت و وابڕیارە پەرلەمانی عێراق لەماوەكانی داهاتوودا گفتوگۆكانی لەبارەی هەمواركردنەوەی ئەو یاسایەوە دەستپێبكاتەوە، هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی-یش لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوویەوەو باسیان لەتیپەڕاندنی چەند یاسایەك كرد، بەشێك لە سەركردە شیعەكانیش لەهەوڵی ئەوەدان بۆ بەشداریكردن لەهەمواری یاساكە قسە لەگەڵ رەوتی سەدر بكەن و ڕای ئەوان وەربگیرن لەهەمواركردنەكەدا، هاوكات چەند رێكخراو و كوتلەیەكی پەرلەمانیش بەنیازن بەرەیەك لەدژی تێپەڕاندنی یاساكە بكەنەوە، پەرلەمانتارێكیش بڕوای وایە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پارێزگاكان ئەنجامنادرێت وەك ئەوەی حكومەت بانگەشەی بۆ دەكات.

خوێندنەوەی یەكەمی پرۆژە یاسای هەمواركراوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەپێی سیستەمی (سانت لیگۆ) مشتومڕو لێكدانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناو بەشێوەیەكی گشتی لەناو ناوەندە یاسایی و پەرلەمانی و سیاسییەكاندا گەڕانەوە بۆ ئەو سیستەمە بە گەڕانەوە بۆ دواوە وەسفدەكرێت كە هەڵوەشاندنەوەی سیستمەكە  بە بەرهەمی خۆپیشاندانەكانی تشرین وەسفدەكرێت.

خالید دەراجی سەرۆكی لیژنەی هەرێم و پارێزگاكان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە: گەڕانەوە بۆ سیستەمی( سانت لیگۆ) وا دەكات جارێكی تر عێراقییەكان بەشداری هەڵبژاردنەكان نەكەن جا چی پارێزگاكان بێت یاخود هەڵبژاردنی پەرلەمان، هەربۆیە پێویستە سیستمی فرە بازنەیی پەیڕەوبكرێت بۆ ئەوەی زۆرترین كەس بەشداری بكەن، جەختیش لەوەدەكاتەوە خۆێندنەوەی یەكەمی یاساكە بەپێی سیستەمی (سانت لیگۆ) توڕەییەكی زۆری لەسەر ئاستی میللی و سیاسیدا درووستكردووە، باسیی 

لەوەشكردووە هەندێك لایەن دەیانەوێت ئەم یاسایە بسەپێنن لەكاتێكدا شكستی لەساڵانی پێشووتردا بینراوە.

لەماوەكانی رابوردوودا لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دوایین سەرنج و تێبینییەكانی خۆی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاكانی ژمارە 12ی ساڵی 2018 تەواوكرد و لیژنەكە رایگەیاندبوو بەنیازە ئیمزای پێویست كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی 16 ماددەی یاساكە هەمواربكاتەوە بەجۆرێك كە هەردوو یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاكان پێكەوە بكاتە یەك یاسا.

هەر بەپێی زانیارییەكان تاڕادەیەك هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی پێشنیارەكان بەجۆرێكبن كە هەر پارێزگایەك یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت و بەیاسای (سانت لیگۆ 1.9) بەڕێوەبچێت نەوەك (سانت لیگۆ 1.7) بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتایی لەو بارەیەوە نەدراوە.

بەپێی سیستەمی سانت لیگۆ 1.4 هاوپەیمانێتییە بچووكەكان فرسەتی زیاتریان بۆ بردنەوە هەیە، بەڵام لەعێراقدا سانت لیگۆی 1.9 پەیرەو دەكرێت كە ئەمەش وادەكات هاوپەیمانێتییە گەورەكان لەسەر حسابی كاندیدە سەربەخۆ و مەدەنییەكان و هاوپەیمانێتییە بچوك و تازە درووستكراوەكان دەنگی زیاتریان دەستبكەوێـت و لەبەرژەوەندییان بێت.

هاوكات هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی  و ژمارەیەك ئەندامی لیژنەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوویەوەو گرنگترین پڕۆژە یاساكان بەمەبەستی دەنگدان لەسەریان لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆیان لەسەر كراوە.

لەلایەكی ترەوە سەركردەیەكی رەوتی سەدر بە رۆژنامەی (عەرەبی جەدید)ی وتووە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵیانداوە رای موقتەدا سەدر لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان وەربگرن، ئەویش لەترسی كاردانەوە جەماوەرییەكان.

ئەو سەركردە وتویەتی» چەند لایەنێكی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەنێویشیاندا (هادی عامری) و (ئەحمەد ئەسەدی) پەیوەندییان بەنوسینگەی موقتەدا سەدرەوە لەنەجەف كردووە تاوەكو گفتوگۆ لەگەڵ سەدردا بكەن سەبارەت بەیاسا تازەكەی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی رای رابەری رەوتی سەدر بزانن بەتایبەت گەڕانەوەیان بۆ سیستەمی (سانت لیگۆ) كە پێشتر سەدر رەتیكردۆتەوەو پێی باشە هەمان  

یاسا بمێنێتەوە كە ئێستا لەئارادایە كە فرە بازنییە لەهەموو پارێزگایەكداو براوە ئەوەیە كە زۆرینەی دەنگەكان بەدەستدەهێنێت.

سەركردەكەی رەوتی سەدر جەختی لەوەشكردۆتەوە كە موقتەدا سەدر رەتیكردۆتەوە هیچ گفتوگۆیەك ئەنجامبدات و دەستەی سیاسی و سەركردەكانی رەوتەكەشی لەئەنجامدانی هیچ جۆرە گفتوگۆیەك ئاگاداركردۆتەوە لەوبارەیەوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە ئەنجامیبدەن، سەركردەكە ئاماژەی بەوەشكردووە رای سەدرییەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان ئاشكرایەو هەر دەستكاریكردنێك دژی بۆچۆنی سەدرییەكان و تشرینییەكان و مەرجەعیەت بێت ئەوا ئەگەر دووبارە رژانە سەر شەقامەكانی لێدەكرێت.

بەپێی ئەو بەرنامە سیاسییەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەرەتای دەستبەكاربوونیدا خستیەروو، دەبێت لەماوەی 18 مانگدا هەڵبژاردنی پارێزگاكان و پەرلەمان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەپێی ئاماژەكان پێناچێت بەرنامە حكومییەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەتایبەت لەبواری هەڵبژاردنەكاندا بەئاسانی بەڕێوەبچێت و رووبەڕووی نەیاری زۆر دەبێتەوە بەتایبەت سەدرییەكان و تشرینییەكان و هێزەكانی دیكەی كۆمەڵگەی مەدەنی.

لەبەیاننامەیەكیشدا چەند كوتلەیەكی پەرلەمانی و رێكخراوێكی مەدەنی و دیموكراسی دژی بەندە هەمواركراوەكانی یاساكە وەستانەوەو رایانگەیاند: ئەو پرۆژە یاسایە كە ئێستا لەپەرلەمان هەیە رەتدەكەینەوە، هاوكات داوادەكەن بەرەیەكی یەكگرتوو لەدژی رەشنوسی یاساكە درووستبكرێت چونكە دژ بەدیموكراسییەو لەبەرژەوەندی حزبەكانی دەسەڵاتە.

شێروان دوبەردانی پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە: لیژنەی هەرێم و پارێزگاكان چاوەڕوانی رێككەوتنی كۆتایی لایەنەكانە لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان و تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، ئاماژە بەوەشدەكات پێناچێـت لەمانگی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پارێزگاكان ئەنجامبدرێت وەك ئەوەی بڕیاری لێدراوە، بەڵكو چاوەڕواندەكرێـت بكەوێـتە ساڵی داهاتوو.

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش رایگەیاند: بۆ هەڵبژاردنەكان لەدایكبووانی ساڵی 2005 دەتوانن بەشداری بكەن و كارتەكانی خۆیان وەربگرنەوە.

ئەوەی تا ئێستا روونە ئەوەیە هاوپەیمانێـتی ئیدارەدانی دەوڵەت كە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانێتی سیادەی سونیەكان و یەكێتی نیشتیمانی   كوردستان و هاوپەیمانێتی عەزمی سوننەكان و بابلیۆنی مەسیحییەكان كە ژمارەی پەرلەمانتارەكانیان 270 پەرلەمانتارە لەكۆی 325 پەرلەمانتاری عێراق لەگەڵ هەمواری نوێی یاسای هەڵبژاردنەكانن.


 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار