ڕاگەیەندراوێک لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، پێنج رێکاری نوێیان لەپێناو سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار دەرکردووە. دەشڵێت، "هیچ هاوڵاتییەک ناتوانێت بەشێوەی نەختینەیی لە ١٠ هەزار دۆلار زیاتر بباتە دەرەوەی وڵات".

عەلی موحسین ئیسماعیل، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند، پێنج رێکاری نوێیان بەمەبەستی سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار دەرکردووە.
دەشڵێت، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک لە لێپرسراوانی ئەمنی و خاوەن کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕ و کڕین و فرۆشتن لە دراوی بیانیدا باس لە رێگاکانی هەماهەنگی و رێکارەکانی نێوان بانکی ناوەندی و دەزگا پەیوەندیدارەکان و دیاریکردنی رۆڵ و ئەرکەکان لەژێر رۆشنایی رێنماییەکانی فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکان دەکەن.

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، رێنماییەکان بریتین لە:

یەکەم: بانکی ناوەندی تاکە لایەنە کە بەرپرسیارە لە چاودێریکردن و پشکنینی بانکەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردن و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە و لەچوارچێوەی یاساکانی بانکەکەدا مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.

دووەم: گواستنەوەی پارەی نەختینەیی بە (دینار و دۆلار) و هەردراوێکی دیکە لەناوخۆی عێراق رێگەپێدراوە بۆ هەمو و ئەوکەسانەی بەیاسایی کاردەکەن لەوانەش بانکەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و کۆمپانیاکانی نێوەندگیری لەکڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی و لقەکانیان لەسەرجەم پارێزگاکاندا.

سێیەم: بە ئامانجی رێگریکردن لە بردنە دەرەوەی پارەی نەختینەیی بۆ دەرەوەی وڵات زیاتر لە ١٠ هەزار دۆلار رێگە پێنەدراوە کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دیاریکراوە، لایەنە ئەمنییەکان راسپێردراون پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکانی سەرسنوورەکان بکەن ئەمەش لەپێناو رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی پارە و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەهەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیدا.

چوارەم: ئەو بڕە پارانەی لە بانک و کۆمپانیاکانەوە دەنێردرێت بۆ لقەکانیان لەگەڵ بەڵگەنامەکانی لایەنی نێردەر کە وردەکارییەکانی نێردەر و بۆنێردرا و نیشاندەدەن، هەروەها لە بازگەکانی کۆنترۆڵی دەرەکی لەسەر داواکاری پێشکەش دەکرێن و لە ئەگەری گومان یان پێویستی پشتڕاستکردنەوە لەرێگەی ئەم ژمارانەوە پەیوەندی بە بەشی کۆنترۆڵی بانکی لە بانکی ناوەندی دەکرێت کە ئەمانەن (٠٧٧٢١١١١٤١٨ ، ٠٧٨٠٩٢٢٤٦٦٣، ٠٧٨٥٣٣٣٠٥٥٥).

پێنجەم: بانک و کۆمپانیاکان پێویستە بانکی ناوەندی ئاگادار بکەنەوە لە هەر ئەگەرێک و تووشبوونیان بە رێکارەکان و سەردانی پشکنەران یان دەستوەردان لە کارەکانیان لەلایەن کەسانی نابەرپرسەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار