عێراق و ئەمریکا بە هۆکاری هاڕەی تمەن لەقەڵەم دەدرێن

بەهای یەک دۆلار لە ئێران 56 هەزار تمەن تێدەپەڕێنێت

2 ساڵ لەمەوپێش



رێککەوتنی ئەتۆمی و پابەندبونی نێودەوڵەتیی عێراق بەهای دۆلار لە بەرامبەر تمەن بەرز دەکەنەوە و بانکی ناوەندیی ئێران بۆ راگرتنی دابەزینی بەهای تمەن بڕیاری نوێ دەردەکات.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر (5:00) بە کاتی تاران بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە 56 هەزار و 50 تمەن و بانکی ناوەندیی وڵاتەکەش بڕیاری دا مامەڵە بە دراو لە نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو بە کارتی نیشتیمانی (مللی) دەست پێبکاتەوە و هەر کەسێک تەنها بە بڕی پێنج هەزار یۆرۆ لەو نوسینگانە دۆلار بکڕێت.

پێگەی (ئیقتیساد 24) لە ئێران بڵاوی کردوە؛ هەواڵەکان سەبارەت بە چالاک نەکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی و هەڵوێستەکانی ئەمریکا بەرامبەر تاران و پەیوەستبونی عێراق بە سیستمی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی ئابوریی جیهان ناسراو بە سویفت (SWIFT) هۆکاری سەرەکیی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەنە.

ئەو پێگەیە ئاماژەی بەوەش کردوە؛ گەشتی پاشای عوممان بۆ ئێران سەبارەت بە نێوەندگیریی لەسەر دانوستانە ئەتۆمییەکان هۆکارێکی دیکەی هاڕەی تمەن بوە چونکە گومان دەکرێت ئەو نێوەندگیرییە سەرکەوتو نەبوبێت.

لە لایەکی دیکەوە، ئێحسان خاندوزی، وەزیری دارایی و ئابوریی ئێران وتویەتی؛ رونە کە چ کەسانێک دەستیان لە بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن هەیە و ناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەکان هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ ئاشکراکردن و دەستبەسەرکردنیان و دادگا بڕیاری کۆتایی لە چارەنوسی ئەو کەسانە دەدات.

نزیکەی هەشت رۆژە دابەزینی بەهای تمەن زۆر خێراتر بوە و لەو ماوەیەدا بەهای یەک دۆلار لە 46 هەزار تمەنەوە بۆ 56 هەزار تمەن بەرزبوەتەوە و پێشبینیی دەکرێت بە گرژبونەوەی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەڵمانیا و بەریتانیا لەگەڵ ئێران و جەختکردنەوەی ئەمریکا لە چالاک نەکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی، بەهای تمەن دادبەزین زۆرتر بەخۆیەوە ببینێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار