لە بومەلەرزەکەی باکوردا ٢٥ رۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەیەکی بەرگریکاری مافی رۆژنامەنووسان، لە بومەلەرزەکانی ٦ی شوباتدا، ٢٥ رۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە و لە ٢٠ رۆژی دوای بومەلەرزەکەشدا، توندوتیژی بەرامبەر ١٤ رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە و ٤ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون.
کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی دیجلە فورات کە ناوەندەکەی لە شاری ئامەدی باکوری کوردستانە راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی رۆژنامەنووسان دوای بومەلەرزەکانی ٦ی شوبات بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە بومەلەرزەکاندا ٢٥ رۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە کە پێشبینی دەکرێت، زۆربەیان بەهۆی ئەوەوە بێت کە پرۆسەی رزگارکردن دواکەوتووە و دەشڵێت، لەگەڵ راگەیاندنی دۆخی نائاسایی کاری رۆژنامەنووسی سەختر بووە.
لە راپۆرتەکەی کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی دیجلە فوراتدا هاتووە، چوارەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە، ٣٤٠ ماڵپەڕی قەدەغە کردووە و چەند هەژماری تویتەریش داخراون.
کۆمەڵەکە دەڵێت، لە ٢٠ رۆژی دوای مومەلەرزەکەدا، توندوتیژی بەرامبەر ١٤ رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە و ٤ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون.